نوێنەری حکومەتی هەرێم: تا ئێستا ھیچ دامودەزگایەکی فەرەنسی بەفەرمی پێی نەوتوین ئەو بەلەمەی نوقمبوو زۆربەیان کورد بوون

Migration Camped in Calais

عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەسەر نوقم بوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە سنورە ئاوییەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا دەڵێت” تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی فەرمی ڕاگەیاندنی فەرەنسی نەیوتووە ئەو بەلەمەی نوقوم بوون زۆربەیان کورد بوون، چونکە ناسنامەیان نادیارە، هەروەها نەتەوەکانی تریشی تێدابوون وەک سودانی و لیبی و ئەفغانی، وە ئێمە وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم پەیوەندیمان بە حکومەتی فەرەنساوە کرد لەسەر ناسنامەی ئەو کەسانەی لەو بەلەمەدا نوقم بوون بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەوانە هیچ بەڵگەنامەیەکیان نیە تەنانەت زۆرجار ناوەکانیشییان دروست نین ناوی خۆیان دەگۆڕن، و ناوی ئەسلی خویان نادەن، ئەوەش پێویستی بەکات هەیە بۆ ئەوەی لە پزیشکی دادوەری و پۆلیس زانیاریمان بدەنێ، دۆڵەمەڕی دەشڵێت”بە ڕاستی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان ژیانی تێدا دەکرێت ئیش هەیە، ئازادی هەیە، بۆیە هۆکاری کەسی، زیاترە لە ھوکارەکانی تر بۆ رویشتن بۆ ولاتانی دەرەوە لە گەل ھەبونی ھوکارەکانی تر وەکو برینی بودجەی کوردستان لە ٢٠١٤، شەری داعش ، ھەبونی میلیشیاکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و توپباران کردنی ناوچە سنوریەکانی کوردستان و ھەندێک ھۆکاری تر کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕوات بۆ وڵاتێکی تر داوای مافی پەنابەری لێبکات چونکە هەرێمی کوردستان خۆی پێشوازی لە پەنابەران دەکات بە پێچەوانەوە. ”

‎” ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیوەرنادەینە کاروباری ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی دێنە ئەو وڵاتانە”

‎عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت” دیاردەی کۆچ لە مێژە هەیە، لە عێراقیش لەدوای دروستبونیەوە بە هۆی دۆخەکەیەوە هەرهەبووە کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات، ئەو کەسانەشی کە دێن بە ئارەزووی خۆیان دێن ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستوەرنادەینە کاروباری ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی دێنە ئەو وڵاتانە چونکە ئەوە نە کاری ئێمە نە هیچ باڵوێزخانەیەکی ترە، خۆ ئەگەر بێنە لای ئێمە بۆ هاوکاری بێگومان هاوکارییان دەکەین، بەڵام وەکو تر ئەوە بڕیاری کەسی خۆیانە پەیوەندی بەئێمەوە نیە. ”

” کۆمەڵێکی تر لەسەر سنورەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیان دەیانەوێت بە بەلەم بچن بۆ بەریتانیا” ‎

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک کۆچبەری تر لە ئێستادا لەسەر سنورەکانی نێوان فەرەنسان دەیانەوێت بە ڕێگای قاچاغ بچنە ناو بەریتانیاوە، لەو ڕوەوە عەلی دۆلەمەڕی وتی” نازانم ئێستا ژمارەیان چەندە بەڵام کۆمەڵێکی تر لەسەر سنورەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیان دەیانەوێت بە بەلەم بچن بۆ بەریتانیا. ” ‎

عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا

” تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی فەرمی فەرەنسی نەیوتووە ئەو بەلەمەی نوقوم بوون زۆربەیان کورد بوون ” ‎

عەلی دۆلەمەڕی ئەوەشی وت” بەداخەوە بەلەمێک لەم ڕۆژانەدا نوقم بوو من بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەناو بەلەمەکەدا نوقم بوون، بە تەنها کورد نەبوون، تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی فەرمی فەرەنسی نەیوتووە ئەو بەلەمەی نوقوم بوون زۆربەیان کوربوون، بەڵکو نەتەوەکانی تریشی تێدابوون وەک سودانی و لیبی و ئەفغانی، ئێمە وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم پەیوەندیمان بە حکومەتی فەرەنساوە کرد لەسەر ناسنامەی ئەو کەسانەی لەو بەلەمەدا نوقم بوون بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەوانە هیچ بەڵگەنامەیەکیان نیە وە تەنانەت زۆرجار ناوەکانیشییان دروست نین ناوی خۆیان دەگۆڕن، ئەوەش پێویستی بەکات هەیە بۆ ئەوەی لە پزیشکی دادوەری و پۆلیس زانیاریمان بدەنێ، هەروەها داوا لەخەڵکی هەرێمی کردستان دەکەین ئەگەر گومانیان هەیە کەسوکاری خۆیانیان تێدا بێت ئەوا پەیوەندیمان پێوە بکەن و وێنەکانیانمان بۆ بنێرن تا ئێمەش لەڕێگای خۆمانەوە بیدەین بە حکومەتی فەرەنسی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکەن و ئاگادارمان بکەن. ”

‎ ” عێراق هۆکاری گرنگە بۆ کۆچکردن”

‎دۆڵەمەڕی وتیشی” بەتەنها کورد نین ئەوانەی کۆچ دەکەن، بەڵکو بەهەزاران ئەفغانی لەدوای ئەوەی بەسەر ئەفغانستاندا هات کۆچ دەکەن لە وڵاتی خۆیان جگە لەوەی مەغریبی و ئەفریقی و ئاسیاوی و نەتەوەکانی تریشی تێدایە، دیاردەی کۆچ دیاردەیەکە ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی هەیە بە هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستاش نەهامەتییەکانی کوردستان لە هەرچوار پارچەکەدا بەردەوامە پێشتر ئەنفال و کیمیاباران هەبوو، لەدوای 2003 شەوە خەڵکی عێراق هەمووی خوازیاربوو حکومەتێکی پەرلەمانی دیموکراتی دروست ببێت بەڵام بەداخەوە ئێستا هەموو کەس دەیبێنێت عێراق بە چ قۆناغێکدا تێدەپەڕێت. ” ‎

” هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمێکە لە ناوچەکە لە پێکەوە ژیان و ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسیەت ”

‎نوێنەری حکومەتی هەرێم لەفەرەنسا ڕایگەیاند” عێراق هۆکاری گرنگە لە هۆکاری کۆچکردن جا لەناوچەکانی تری عێراقیشەوە نەک هەر هەرێم خەڵک کۆچ دەکات و داوای مافی پەنابەری لە وڵاتانی تر دەکات، هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە پێی دەستور بەشێکە لە عێراق لەبری ئەوەی حکومەتی عێراقی هەوڵی دابینکردنی ژیانی خۆشیان بۆ بدات لە 2014 وە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی وە لە دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەرەوە دەبینین ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی هەرێم بە کەرکوک و شەنگال و موسڵەوە پڕبوون لە میلیشیا خەڵکی ئەو ناوچانە بێ هیوابوون بۆیە ئەو ناوچانە جێ دەهێڵن، ئەگەرنا ئێستا هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی ئازادە پێکەوە ژیانە وەک هەرێمی کوردستان پێشوازیمان لە دوو ملیۆن ئاوارە کردووە کە لە عێراق و سوریاوە هاتوون ئێستا، هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمێکە لە ناوچەکە لە پێکەوە ژیان و ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسیەت، بەڵام هەندێک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەزی لێیە بگاتە بەهەشتێک کە لەبەرچاوی ئەوان ئەوروپا بەهەشتێکە، وە هەندێک کەس بەمەبەستی خێزانی دێن، وە کۆچ لەهەموو وڵاتێک هەیە بۆ نمونە هاوڵاتی لە مەکسیکەوە دەچن بۆ ئەمەریکاوە بۆ کەنەدا یا لە ولاتانی ئاسیا وئەمەریکای باشور بۆ ولاتانی تر ‎ ”

” هەموو هەوڵێک دەدەین خەڵک لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە ”

‎سەبارەت بە بەریتانیا جیاوازە نازانین بوچی ئەوان ڕێگای مەرگ هەڵدەبژێرن؟! بۆیە ڕەنگە ئارەزووییەکی کەسی بێت ئەگەر خو گەیشتونەتە ئەوروپا ئێمە وەک حکومەتی هەرێم ڕێگری لە هیچ کەسێک ناکەین، بەڵام ئەوانە سەرمایەی هەرێمی کوردستانن و هەموو هەوڵێک دەدەین کە ئەوانە لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، بینیمان لە ماوەی ڕابردوو هەرێمی کوردستان بە هاوکاری حکومەتی عێراق چەندین هاوڵاتی لە بیلاڕوسیاوە گەڕاندەوە کە ئەمە جێی شانازی ئێمەیە. ”عەلی دۆڵەمەڕی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا وایوت”

” ئەوروپییەکان خۆیان دەبیننن لەکوردستان ژیان چۆنە، ئیتر پێویست ناکات ئێمە بێیین شیکردنەوەیان بۆ بدەین،، دەبینن ئەو ئاسایش و سەقامگیریەی لەهەرێمی کوردستان تا ئێستا هەیە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا نیە ”

‎نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت” ئەوروپییەکان خۆیان نوێنەرییان لە هەرێمی کوردستان هەیە چەندین کونسڵخانە و نوێنەرایەتی ئەوروپییەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە ئەوان خۆیان دەزانن ژیان چۆنە، پەیوەندییەکی باشییان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە پێویست ناکات ئێمە بێیین بڵێین شیکردنەوەیان بۆ بدەین چونکە بەچاوی خۆیان ژیان دەبینن هەرێمی کوردستان دەرگای خۆی بۆ دوو ملیۆن ئاوارە کردۆتەوە، جگە لەوەی تا ئێستا یەک سەربازی ئەمەریکی و ئەوروپی لەهەرێمی کوردستان نە کوژراوە نە بریندارکراوە یاخو ڕفێنرابێت، بۆیە دەبینن ئەو ئاسایش و سەقامگیریەی لەهەرێمی کوردستان تا ئێستا هەیە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا نیە، لەوانەیە هۆکاری تر هەبێت خەڵک خۆی بیەوێت کۆچ بکات بەڵام بە ڕاستی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان ژیانی تێدا دەکرێت ئیش هەیە، ئازادی هەیە، پێکەوەژیان ھەیە ‎ ”

”بەسەدان ڕۆژنامە و سەدان تەلەفزیۆن و پەیج هەیە کە ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت ڕەخنە لە حیزبە سیاسییەکان دەگرێت ئەمە شتێکی ئاساییە بۆ ئەوانە جێگەیان دەبێتەوە بەڵام ئەو خەڵکەی تر جێگای نابێتەوە؟ ”

‎عەلی دۆڵەمەڕی لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا جەختیکردەوە” وەک حکومەتی هەرێم بە هیچ جۆرێک دەست وەرنادەینە بڕیاری کەسی هەرکەس بیەوێت کۆچ بکات، چونکە ئێمە لە هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دیموکراسیمان هەیە کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت وە ئازادی ڕادەربڕین هەیە لە هەرێمی کوردستان ئەوەتا بەسەدان ڕۆژنامە و سەدان تەلەفزیۆن و پەیج هەیە کە ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت ڕەخنە لە حیزبە سیاسییەکان دەگرێت ئەمە شتێکی ئاساییە بۆ ئەوانە جێگەیان دەبێتەوە بەڵام ئەو خەڵکەی تر جێگای نابێتەوە. ”

Your browser doesn’t support HTML5

بەشێک لە قسەکانی عەلی دۆڵەمەڕی لەم ڕاپۆرتەدایە Nov 29-021