جەبار یاوەر: ئەگەر حکومەتی عێراق ڕەزامەند بێت دەتوانین کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەین کە داعشی لێیە

جەبار یاوەر

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ” ئەگەر حکومەتی عێراق ڕەزامەند بێت دەتوانین کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەین کە داعشی لێیە، لەبەرئەوەی ئەو ناوچانە ناوچەی جێناکۆکن، پێشتر هێزی کوردستانی لێبووە تا 2017 بەڵام پاش ئەو لەشکرکێشیەی کرایە سەر پێشمەرگە لەو سنورانە لە سەردەمی بەڕێز (عەبادی) پێشمەرگە لەو ناوچانە کشانەوە تا شەڕێکی خوێناوی گەورە دروست نەبێت، بێگومان ئێستا ئەو ناوچانە بۆشایین ناتوانین هیچ چالاکیەکی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجام بدەین لەبەر ئەوە ئێستا ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ عێراق بچین کۆتایی بە بونی داعش بهێنین لەو ناوچانە، بۆیە لە دوای کشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەکانی کەرکوک، دیالە، هەولێر، موسڵ، سەڵاحەدین، بۆشایی دروست بوو، هێزەکانی عێراق توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان نیە، هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنیان نیە، بەهۆی ئەوەی ئەو هێزانە جۆراو جۆرن، جگە لەوەی شارەزای جوگرافیای ناوچەکەیان نین، لەبەر ئەوەیە هەوڵدەدەین بە هاوبەشی ئەو کارە سەربازییانە پێکەوە ئەنجام بدەین دژی داعش لەو ناوچانە. ”

" داوامان کردووە ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە بە هێزێکی هاوبەش لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقەوە پڕبکرێنەوە"

لەسەرەتای وتەکانیدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەوەی چییان کردووە وەک هەرێمی کوردستان کە ئەم هێرشانەی داعش بەردەوام دووبارە نەبنەوە؟ فەریق ڕوکن جەبار یاوەر بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” لە هەموو کۆبونەوەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق داوای ئەوەمان کردووە بەتایبەتی کە ئێمە دوو لیژنەی باڵامان هەیە لیژنەی باڵای هەماهەنگی لە وەزارەتی پێشمەرگە وە لیژنەی باڵا بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئێمە بەردەوام کۆبونەوەمان هەیە لە گەڵ یەکتر، داوامان کردووە ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە بە هێزێکی هاوبەش لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقەوە پڕبکرێنەوە و ئامادەین کە ئۆپراسیۆنی هاوبەشی سەربازی ئەنجام بدەین، هەروەها ئامادەین دەوریەی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق ئەنجام بدەین لەو ناوچانە، تا بتوانین هێزەکانمان بە هاوبەشی لەوێ جێگیر بکەین بۆ ئەوی کۆتایی بە داعش بهێنین لەو ناوچانە، چونکە ئەو ناوچانە بۆشایین وە مۆڵگەیەکی ئەمنین بۆ تیرۆریستانی داعش. ”

”لەگەڵ عێراق توانیومانە دوو هەنگاو بنێین ”

یاوەر وتیشی”تا ئێستا لەو کۆبونەوەوانە لەگەڵ عێراق توانیومانە دوو هەنگاو بنێین، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە ناوەندی هەماهەنگیمان دامەزراندووە کە لە ئێستادا شەش ناوەندی هەماهەنگی هەیە، ئەم ناوەندانە کاری هەماهەنگییە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق، دووەم ، هەماهەنگی دەکەین لە بابەتی هەواڵگری و زانیاری سەبارەت بە داعش، جگە لەوەش ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی هێزە عەسکەرییەکان، هەروەها ئەگەر داواکراوێک هەبێت لە هەر ناوچەیەکی عێراق دەتوانین ئاڵوگۆڕی داواکراوەکان بکەین، خاڵێکی تریش ئەوەیە کە دوو لیوای هاوبەش دروست بکەین، کە لە سوپای عێراق و پێشمەرگە پێکبێت و تێکەڵ بن، ئێستا ئەو دوو لیوایە لە مەشقدان ، لیواکەی پێشمەرگە لە مەشقدایە لە وەزارەتی پێشمەرگە لیواکەی تریش لە مەشقدایە لە عێراق ئومێد دەکەین بتوانین ئەم مانگە تێکەڵییان بکەین، وە ئومێدیشمان هەیە تا کۆتایی مانگی یەک بتوانین دابەشییان بکەین بەسەر ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە، خاڵی سێیەم ، ئێستا وا لە کۆبونەوەداین لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئەوەی جگە لە ناوەندی هەماهەنگی و لیوا هاوبەشەکان بۆ ئەوەی ئێمە ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین لەو ناوچانەی کە پێویستن و دەزانین تیرۆریستانی داعشی تێدایە. ”

” ئێستا ئەو ناوچانە بۆشایین ناتوانین هیچ چالاکیەکی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجام بدەین ”

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا حکومەتی عێراق مۆڵەت بە ئێوە (وەک پێشمەرگە) نادات خۆتان ئۆپراسیۆن لەو ناوچانە ئەنجام بدەن ؟

لە وەڵامدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر وتی” بێگومان لەبەرئەوەی ئەو ناوچانە ناوچەی جێناکۆکن، پێشتر هێزی کوردستانی لێبووە تا 2017 بەڵام پاش ئەو لەشکرکێشیەی کرایە سەر پێشمەرگە لەو سنورانە لە سەردەمی بەڕێز (عەبادی) پێشمەرگە لەو ناوچانە کشانەوە تا شەڕێکی خوێناوی گەورە دروست نەبێت، بێگومان ئێستا ئەو ناوچانە بۆشایین ناتوانین هیچ چالاکیەکی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجام بدەین لەبەر ئەوە ئێستا ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ عێراق بچین کۆتایی بە بونی داعش بهێنین لەو ناوچانە. ”

عێراق بۆ ئەوە ناکات ئایا کەمتەرخەمی پێوە دیارە ؟

وەڵامەکەی جەبار یاوەر بەم جۆرە بوو ” بەڵێ لە دوای کشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەکانی کەرکوک، دیالە، هەولێر، موسڵ، سەڵاحەدین، بۆشایی دروست بوو، هێزەکانی عێراق توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان نیە، هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنیان نیە، بەهۆی ئەوەی ئەو هێزانە جۆراو جۆرن، جگە لەوەی شارەزای جوگرافیای ناوچەکەیان نین، لەبەر ئەوەیە هەوڵدەدەین بە هاوبەشی ئەو کارە سەربازییانە پێکەوە ئەنجام بدەین دژی داعش لەو ناوچانە. ”

” بۆچی لەمکاتەدا زیاتر هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن داعشەوە چڕ بۆتەوە؟ ”

جەبار یاوەر وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە کە بۆچی لەمکاتەدا زیاتر هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن داعشەوە چڕ بۆتەوە؟

لە وەڵامدا جەبار یاوەر وتی ” ئەم ماوەیە داعش تەرکیزی کردۆتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، جاری واهەبووە داعش تەرکیزی خستۆتە سەر بنکە سەربازییەکانی عێراق، پێش ئەم مانگە داعش چەندین کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدا لە ناوچەکانی خانەقین و قەرە تەپە و میقدادیە و نزیک ڕومادی و بەغداد، بەڵام هۆکاری ئەوەی داعش لەم ماوەیەدا هاتووە ڕووی لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێزەکانی عێراق لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک ئۆپراسیۆنی گەورە (کێوماڵکردنێکی) گەورەی لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و موسڵ ئەنجامدا، لەبەر ئەوە ئەو تیرۆریستانە دوورکەوتنەوە لەو ناوچانەی عێراق هاتونەتە ئەمبەر پەلاماری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدەن، وە ئەو هەلەشیان قۆستۆتەوە کە هێشتا حکومەتی نوێی عێراق دانەمەزراوە و کێشە لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا هەیە ئەوان دەیانەوێت ئەوە بقۆزنەوە و خۆیان پیشان بدەن کە ئەوان هەن . ”

”ئەگەر حکومەتی عێراقی فیدراڵی ڕازی بێت ئێمە دەتوانین ئەو کارانە ئەنجام بدەین. ”

واتە تەنانەت، ئێوە ناتوانن ئەو ئۆپراسیۆنە(کێوماڵکردنە) لەو ناوچانەی داعش هێرش دەکات ئەنجام بدەن؟

لە وەڵامدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر وتی ” تەنها دەبێت بە ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی عێراق بێت، یانی ئەگەر حکومەتی عێراقی فیدراڵی ڕازی بێت ئێمە دەتوانین ئەو کارانە ئەنجام بدەین. ”

”بەهیچ جۆرێک فرمانی لەوجۆرە نیە کە تەقە لە داعش نەکرێت ”

لە دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردوتری چەکدارانی داعش، چەند کەسێکی ئەو گوندە لە کەناڵە لۆکاڵییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕایانگەیاند، پێشمەرگە پێیان وتون فەرمانی تەقەکردنیان بەرامبەر داعش پێ نیە. ”

بەڵام جەبار یاوەر ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت ” ئەوە شتێکی ڕاست نیە، یانی چۆن دەبێت دوژمنەکەت بێت و تەقەی لێنەکەیت! یانی خۆ ناوەستیت تا بتکوژێت، لەبەر ئەوە بەهیچ جۆرێک فرمانی لەوجۆرە نیە کە تەقە لە داعش نەکرێت. ”

”کامێرای چاودێرییە کە بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو بگاتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە”

سەبارەت بە کەموکورتییەکانی کەلوپەلی سەربازی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش؟

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر وتی ” کامێرای حەراری، لەلایەن هاوپەیمانانەوە نەدراوە بە پێشمەرگە، زۆر بەکەمیش دەستدەکەوث، ئەگەر دەستیش بکەوێت زۆر گرانە، بەڵام ئێستا بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، پێش ماوەیەک لیژنەیەکی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی هەموو بەرەکانی جەنگییان کرد، هەموو پێداویستییەکانی پێشمەرگەیان نوسیووە یەکێک لەوانە ئەو کامێرای چاودێرییەیە کە بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو بگاتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی دابنرێت لەو پێگەیانە بۆ چاودێری کردنی دەوروبەرییان. ”

”بە دوو ئاڕاستە میکانیزمەکانی خۆمان پەیڕەوکردووە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی داعش ”

لە کۆتایی قسەکانیدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر وتی ” ئێمە میکانیزمەکانی خۆمان پەیڕەوکردووە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی داعش، یەکەم هەفتەی پێشوو بەسەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری پێشمەرگە کۆبونەوەیەکمان کرد، بە ئامادەبوونی هەموو ئەو لیوایانەی لەو هێڵانە دابەشبوون، ئاگاداری کردن کە دەبێت لەم ماوەیەدا زۆر وریا بن، بەردەوام لە ئەرکدا بن جگە لەوەی گوێمان لێگرتن لەو کۆبونەوەیەدا سەبارەت بە پێویستییەکانیان، هاوکات فەرمانێک دەرچوو کە لیژنەیەکی هاوبەش دروست بکرێت ئەم هەفتەیە ئەو لیژنەیە دەڕوات بۆ هێڵەکانی بەرگری هەرچی پێویست بێت لە ڕێگا و بان و پێداویستی و کامێرای چاودێری حەراری هەموو پێداویستییەکانی تریان بۆ دابین بکرێت بۆ ئامادە باشی ئەو هێزانە، وە ئاڕاستەی دووەم ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق کاری هاوبەش بکەین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستانی داعش. ”

Your browser doesn’t support HTML5

جەبار یاوەر Dec 4-021