د.جەمال کۆچەر: سەدرییەکان دەتوانن نرخی دۆلار بکەنەوە بە 120 هەزار بەڵام ئەو کارە ناکەن

Erbil

د.جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق لەم وتووێژەدا باس لە ئەگەرەکانی ناردن یا نە ناردنی 200 ملیار دینارەکە دەکات بۆ بەغداد، هەروەها باس لەچەند دۆخێکی تر پەیوەست بە ئابوری هەرێمەوە دەکات. “

“ من دەڵێم دەبێت هەرێم ئەمە قبوڵ نەکات “

د.جەمال کۆچەر وتی“ ئەوەی ئەم مانگە دوو سەد ملیارەکە دێت هیچ گرفتێک نیە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە دوو -سێ مانگی داهاتووە تا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە کە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت، لێرەدا دوو بۆچوون هەیە، بۆچونێک هەیە کە دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە بۆ ساڵێک بووە لە کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێ دێت، من دەڵێم دەبێت هەرێم ئەمە قبوڵ نەکات و دەنگی ئەوە بەرزبێتەوە ناردنی ئەو دوو سەد ملیارە بەردەوام بێت تا پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق پەسەند دەکرێت چونکە ئەمە بۆ تەواو کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، چونکە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت هیچ پەیوەندییەکی بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق نیە لە 2014 و لە 2020 عێراق یاسای بودجەی نەبوو بەڵام موچەی فەرمانبەرانی عێراق هەر بەردەوام بوو. “

“وەفدێکی هەرێم بچنە بەغداد بۆ ئەوەی، ئەگەر دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو 200 ملیارە ببڕن “

کۆچەر وتیشی“ پێشنیاری من ئەوەیە وەفدێکی هەرێم بچنە بەغداد بۆ ئەوەی ئەگەر دەنگۆی ئەوە هەیە ئەو بڕە پارەیە ببڕن ئەوا بە حکومەتی عێراق بڵێن، ئەم بڕە پارەیە بودجە نیە، بەڵکو ئەمە تەواوکاری موچەی فەرمانبەرانە، یاسای بودجە هەبێت یا نا دەبێت بۆ موچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت، ئەگەر یاساکەش نەبوو ئەوە 1/12 خەرج دەکرێت. “

ئەو نوێنەرە کوردە دەشڵێت“ ئەو بڕە پارەیەی بەغداد دەینێرێت هاوکارییە هیچ پەیوەندیەکی بەوە نیە هەرێم ئیلتیزام دەکات یاخود نا، خۆ ئەگەر ئەوە پەیوەندی بە بە جێ بەجێکردنی ئەرکەوە هەبووایە ئەوە دەبوو بڕە پارەیەکی تر بووایە دوو سەد ملیار نەدەبوو، لە بودجەدا باسی یانزە ترلیۆن دینار بوو، بەڵام کە هەرێم پابەند نەبوو ڕێککەوتنێکی تر کراوە. “

“ ئێمە نەمانبینیووە و کەس نازانێت ئەم ڕێککەوتنە بۆ ساڵێکە یاخود تا هاتنی پڕۆژە یاسای بودجەی داهاتووی عێراقە، کەس نازانێت ئەم ڕێککەوتنە چۆنە لەنێوانی چەند کەسێکە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا کراوە“

“ بەغداد دەبێت ئەو بڕە پارەیە بنێرێت مانگانە “

د.جەمال کۆچەر جەختیکردەوە “ بەغداد دەبێت ئەو بڕە پارەیە بنێرێت مانگانە، ئەگەر نەیاننارد، دەبێت وەفدێکی هەرێم بچێتە بەغداد پێیان بڵێ ئەو بڕە پارەیە بۆ هاوکاری فەرمانبەران و موچە خۆرانە، خۆ ئەگەر باسی ڕێککەوتنێکی سیاسیە ئەوا ئێمە نەمانبینیووە و کەس نازانێت ئەم ڕێککەوتنە بۆ ساڵێکە یاخود تا هاتنی پڕۆژە یاسای بودجەی داهاتووی عێراقە، کەس نازانێت ئەم ڕێککەوتنە چۆنە لەنێوانی چەند کەسێکە لە چوارچێوەیەکی تەسکدا کراوە خۆ ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەوجۆرە کرابێت تا کۆتایی ئەمساڵ 2021 ئەوا بێگومان دەوەستێت، خۆ ئەگەر تا پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2022 وە، ئەوا پێویستە ئەو ڕێککەوتنە کارپێکردنی ئۆتۆماتیکی درێژ ببێتەوە. “

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دوپاتیکردەوە“ کاتی خۆی زۆر جەختییان کردۆتەوە وردەکاری ئەو ڕێککەوتنە بزانن بەڵام بە کەسیان نەوت تەنها لە چوارچێوەیەکی تەسک لە نێوان چەند کەسێکدا مایەوە. “

جەمال کۆچەر

“ لەو بڕوایەدام ناردنی 200 ملیارەکە پەیوەندی بە پشتیوانی کوردەوە هەیە بۆ کازمی“

سەبارەت بەوەی ئەو ڕێککەوتنە( ناردنی دوو سەد ملیار دینار) لە بەغدادەوە بۆ هەرێم بەرامبەر چی کراوە؟ مادام هەرێم هیچ ئیلتزاماتێک جێ بەجێ ناکات و پەیوەندی نیە بەجێبەجێکردنی ئیلتیزاماتەوە؟

د.جەمال کۆچەر وتی “ ئێمە بەڕاستی نایزانین، بەڵام لەو بڕوایەدام کە بەرامبەر ئەوەیە کە کورد دژی حکومەتی کازمی نەوەستێت، چونکە ئەوکات هەندێک دەنگۆ هەبوو کە کازمی و حکومەتەکەی بشکێنن یا لاببەن بۆیە کورد نەچووە ژێر باری ئەو ئەجێندایە، وە هۆکاری تریش ڕەنگە ڕەچاوی دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم کرابێت تا دۆخی هەرێم بەو هۆیەوە تێکنەچێت چونکە وەک دەزانرێت ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئاوارەی شارەکانی تر بەتایبەت سونەکان لە هەرێمن نەویسترابێت بەهۆی فەرمانبەرانەوە دۆخی هەرێم تێکبچێت. “

“لەو بڕوایەدام ساڵی 2022 دۆخی ئابوری زۆر باشتر دەبێت “

دەربارەی پێشبینی بۆدۆخی ئابوری بەتایبەت دۆخی فەرمانبەران لە ساڵی داهاتوو 2022 ؟د. جەمال کۆچەر وتی “ ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان 2020 و 2021 من لەو بڕوایەدام ساڵی داهاتوو 2022 دۆخی ئابوری زۆر باشتر دەبێت چونکە ئێستا نرخی نەوت بەرزتر بۆتەوە، وە ئێستا جموجۆڵی ئابوری و وەبەرهێنان هەیە، جگە لەوی هۆشیارییەکی شەقام هەیە کە بۆتە فشار لەسەر لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، ئەمانە هەمووی ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دۆخی ئابوری. “

“سەدرییەکان دەتوانن نرخی دۆلار بکەنەوە بە 120 هەزار بەڵام ئەو کارە ناکەن “

لەسەروبەندی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنە پێش وەختیەکەی پەرلەمانی عێراق، یەکێک لە بەڵێنەکانی لایەنی سەدری بە هاوڵاتیانی عێراق ئەوەبوو ئەگەر ئەوان حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنن نرخی دۆلار وەک خۆی پێش بەرزبونەوەی لێبکەنەوە کە دەیکردە ( 120) دیناری عێراقی؟

د.جەمال کۆچەر بە دووری دەزانێت سەدرییەکان ئەگەرچی دەتوانن ئەو کارە بکەن نرخی سەد دۆلار بکەنەوە بە 120 هەزار دیناری عێراقی، بەڵام نایکەن. “

د.جەمال کۆچەر سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی بۆچی سەدرییەکان ئەو کارە ناکەن؟ لە وەڵامدا وتی “چەند خاڵێک هەیە کە ڕێگە نادرێت نرخی دۆلار بگەڕێتەوە پێشتر، لەسەرو هەموویان نرخی نەوتە، ئەگەر سەدرییەکان حکومەت پێکبهێنن و بیانەوێت سیعری دۆلار بگەڕێننەوە کۆن( 120 هەزار دینار) ئەوا دەبێت ڕوبکرێتە کورتهێنان کە حکومەتەکەیان بەمە بارگران دەبێت یا دەبێت 23 ترلیۆن دینار قەرز بکەن کە ئەمە لە کوێ دەهێنن؟“

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە Dec 14-021