یەکێتی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر ڕەتدکاتەوە و گۆڕان دان بە شکستهێنانی دەنێت

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی هەولێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی شاری هەولێری ڕەتکردەوە و دەڵێت لە هەر چوار بازنەی هەولێر دەستکاری دەنگەکان کراون.

ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان Puk Media هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی لیژنەکە گوتویەتی بەڵگەی هەیە لە هەولێر سندوقی دەنگدان براونەتە دەرەوەی بنکەکان، بۆیە ئەنجامەکان ڕەتدەکەنەوە. لیژنەکە گوتوشیەتی گومانیان هەیە دەستی دەرەکی لە پشتەوە بێت. بەڵام باس لەوەش دەکەن چاوەڕێی بڕیاری کۆمسیۆن دەکەن و هەر بڕیارێک کۆمسیۆن بیدات ئەوان پێی ڕازین.

لە لایەکی دیکە خانەی راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە دەریخستووە کاندیدەکانیان دەنگی پـێویستیان نەهێناوە و سەرکەوتوو نەبوون.

ماڵپەڕی KNN ڕاگەیاندنەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا بزوتنەوەکە داوای لێبوردنی لە لایەنگرانی کردووە و دەڵێت هەڵە و کەموکوڕیـیەکانی بوونەتە هۆی لە دەستدانی متمانەی خەڵکی. بەڵێنیان داوە گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەنجام بدەن.

لە ئێستادا ئەنجامە بەرایـیەکان بڵاودەکرێنەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە پـێشوەختەی ئەنجام درا کە وەک کۆمسیۆن دەڵێت ڕێژەیەکی کەمی خەڵک تیایدا بەشداربوو.