دەنگدەرانی عێراقی لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدا

دوابەدوای مشتومڕ و گێرمە و کێشەیەکی زۆر لەسەر ئەگەر و نەگەری کردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت، عێراقییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان. شیکەرەوە ئاماژە بە نیگەرانییە قوڵەکانی دەنگدەرانی عێراقی دەکەن بە تایبەتیش لەو ڕەوشەی بەر لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی وڵاتەکەدا هەبووە.

لە ناو عێراقییەکاندا دابەشبوونێکی بەرچاو هەیە لەسەر دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا و هەر یەکەشیان بیانوی خۆی بە ڕەوا دەزانێت بۆ دەنگدان یان دەنگ نەدان.

کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە گشتی پشتیوانییەکی تەواوی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ڕاگەیاندووە.

وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵات؛ ئەمەریکا، بەریتانیا، کەنەدا، دانیمارک، فینلاند، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نیوزیلاند، نەرویژ، سوید، ئیتالیا، ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراقیان بە دەرفەتێک بۆ عێراقییەکان ناودێر کرد تا بتوانن لە ڕێی دیموکراتییەوە ئایندەی خۆیان دیاریبکەن.

چاودێریکردنی نێونەتەوەیی بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق، یەکێک بوو لە مەرجە پێشوەختەکانی عێراقییەکان بۆ کردنی هەڵبژاردن.

لەوەتای ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی دوو هەزار و سێدا و پاش هەر یەکێک لەو چوار هەڵبژاردنە گشتییەی لە عێراقدا کراون، هەمیشە لایەنە سیاسییەکان گازەندەیەکی زۆریان هەبووە لە فێڵ و تەڵەکەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەبێ ئەوەی ئەو گازەندە و ناڕەزاییانە بووبنە مایەی گۆڕانێکی ئەوتۆ لە ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی ئەمڕۆ یەکشەممەی عێراق بە گرنگ ناودێر دەکات هەر بۆیەشە بایەخێکی زۆر دەدات بە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکە.

یونامی، بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و هەروەها ئینگلیزیش داوا لە دەنگدەرانی عێراقی دەکات تا بەشدارییەکی بەرچاویان هەبێت لەم دەنگدانەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا و هەوڵی ئەوەش نەدەن دەنگەکانیان بسوتێنن، لەو سۆنگەیەوەی هەڵبژاردن مافێکی بنچینەیی خەڵکە و ئەو مافە بۆ دەستنیشانکردنی ئایندەی خۆیان و وڵاتەکەشیان بەکاربهێنن و هەروەهاش بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردندا بە گرنگ دەزانێت بۆ ئەو گۆڕانکاری و چاکسازییانەی داوا دەکرێن.

یونامی، یان ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ستایشی ئامادەکارییەکان دەکات بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق لەو ڕوانگانەوەی سیستەمێکی نوێی هەڵبژاردن دانراوە، دەنگدەر دەتوانێت دەنگ بە کاندیدە سەربەخۆکان بدات نەک هەر تەنها بە لایەنە سیاسییەکان.

لە هەڵبژاردنەکانی پێشتری عێراقدا 18 بازنەی هەڵبژاردن هەبوون، ئێستا ئەو بازنانە کراونەتە 83 بازنە و دەرفەتێکی زیاتر هاتۆتە ئاراوە بۆ کاندیدە سەربەخۆکانی هەڵبژاردن؛ وەک نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەی پێدەکات ئەزموونەکانیش لە جیهاندا نیشانیان داوە دەنگدان لە بازنەی بچوکدا پەیوەندییەکی تۆکمە دروست دەکات لە نێوان دەنگدەر و نوێنەرەکانیاندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانییەکی تەواوەتی دەکات لەم هەڵبژاردنانەی ئەمڕۆ یەکشەممەی عێراق و بە بەراورد لەگەڵ هەوڵەکانی پێشووتریدا لە هەڵبژاردنەکاندا، ژمارەیەکی زۆر گەورەتری چاودێری داناوە و بە یەکێکیش لە گەورەترین هەوڵەکانی پشتیوانی یو ئێن دادەنرێت لە جیهاندا.

لە ساڵی 2018 شدا یو ئێن پشتیوانی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد بەڵام بە ئەندازەی پشتیوانییەکەی نەبوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی ئەمڕۆ یەکشەممەی عێراق.

هەرچۆنێک بێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەو بڕوایەدایە تەنها ڕێگەیەک بۆ گۆڕانکاری گەورە لە عێراقدا هەڵبژاردنەکانە و یونامی جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەگەر عێراقییەکان گۆڕانکارییان دەوێت ئەوا هەڵبژاردن میکانیزمێکە بۆ ئەو گۆڕانکاریـیانە.

ئەوروپاییەکانیش ئەم هەڵبژاردنەی عێراق بە گرنگ دەزانن و دەستیشیان کردووە بە یارمەتی کۆمەکی تەکنیکی بۆ تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا، بەڵام یەکێتی ئەوروپا داواش لە عێراقییەکان دەکات تا چارەسەری زۆر دۆسێی گرنگ هەیە بیکەن کە پەیوەندییان هەیە بە مافە بنچیینەییەکانی هاوڵاتیانەوە.

جۆسیپ بۆرێڵ

جۆسیپ بۆرێڵ، بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڕەوشی ئاسایشی لە عێراقدا ڕەوشێکی قورسە و داواشی لە عێراقییەکان کردبوو بێ لە چارەسەرکردنی کێشەی تێرۆریزم لەو وڵاتەدا پێویستە کاربەدەستانی عێراق چارەسەری دۆسێکانی تریش بکەن، وەک هەراسانکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان و داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ. بەڵام ئەوەی کاربەدەستانی عێراقی چییان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، هێشتا ئاشکرا نییە.

ئەمە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی، لەسەر ئاستی ناوخۆیی وڵاتەکەش، شیکەرەوە ئاماژە بە نیگەرانییە قوڵەکانی دەنگدەرانی عێراقی دەکەن بە تایبەتیش لەو ڕەوشەی بەر لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی وڵاتەکەدا و دەڵێن هەرچەندە بە گشتی لە عێراقدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرا و بە تایبەتیش دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی مانگی دەی ساڵی 2019 و ناچارکردنی حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی تا دەست لە کار بکێشێتەوە، بەڵام ئێستا، وەک شیکەرەوە دەڵێن خەڵک لەو بڕوایەدان ڕەوشی بەر لەم هەڵبژاردنە، ئەو ڕەوشە نییە کە داوایان دەکرد، هەست بە ئاسایش ناکرێت، چالاکوانان وەها هەست دەکەن لەوانەیە بکوژرێن، دەستگیر بکرێن، یان تەنانەت نەتوانن بەشداری لەم دەنگدانەدا بکەن بەو شێوەیەی دەیانویست.

هەرچۆنێک بێت یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراقی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو ئەمەش بەلای زۆرێک لە شیکەرەوە داوایەکی گرنگ بووە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە وەک دەڵێن فەرمانڕەوایانی عێراقیان ناچارکرد تا ئەم هەڵبژاردنە بکرێت و ئامادەسازییەکی تەواویشی بۆ بکەن.

هەندێک لە شیکەرەوە لەو بڕوایەدان ئەو زەمینەی ناکۆکییە سیاسیانەی لە عێراقدا هەن دەشێت مژدە بەخش نەبن بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن و دەشڵێن لەوانەشە ئەو مەترسیانە عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.

چالاکوانانی عێراق ڕاشکاوانە باس لە قەیران و ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکان دەکەن و بە نمونە دەیهێننەوە بۆ ئەو ئەگەرە نەخوازراوانەی ئاماژەی پێدەکەن لەوانە ئەگەرەکانی پێکدادانی نێوان لایەنەکان بە دوور نازانن وەک دەڵێن هەندێک لەو لایەنانە لە چەند هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردن ئاشکرایانە داوای پۆستە حکومەتییەکانیان کردووە وەک پۆستی سەرەک وەزیر یان پۆستە گرنگە هەستیارەکانی تری حکومەتی نوێی عێراق و دەشڵێن پێدەچێت بە دەیان ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجامەکان یەکلابووبنەوە و بڕیارەکانیش لە کۆبوونەوەی ژوورە داخراوەکانەوە درابن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە.

کێشەکە لای عێراقییەکان هەر تەنها سنووردار نییە لە ناکۆکییە سیاسیەکاندا بەڵکو ئاماژەش دەکەن بە لاوازی یان نەبوونی هەستی نیشتمانیانە لەناو لایەنە سیاسییەکاندا و ئەمەش وەک لۆمەیەکی گەورە لە ئەستۆی ئەو لایەنە سیاسیانە دەنرێت.

بێگومان ئەمەش یەکێکە لە گرفتە ئاڵۆزەکانی عێراق، نەبوونی کارنامەیەکی نیشتمانیانە و کارکردن بۆ ئەجەنداکانی وڵاتانی هەرێمەکە و دابەشبوون بەسەر سیاسەتی جەمسەرگەرایی و ئاینزایی ناوچەکەدا بەردەوام مەترسییەکی گەورە بووە لەبەردەم پەرەسەندن و گەشەپێدانی سیاسەتێکی نیشتمانیانەی عێراقی.

کەم نین ئەو دەنگدەرانەی دەڵێن، بۆچی لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان لە کاتێکدا گەورە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە کار بۆ بەرژەوەندی عێراق ناکەن، ئەوەندەی کارکردنی خۆیان خستۆتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکە و جیهانیش.

فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا هەر یەکە و بەپێی کارنامەی لایەنەکەی یان هاوپەیمانێتییەکەی ئەم بابەتەیان وروژاندووە، بۆ نمونە؛ ژمارەیەک لە لایەنە شیعەکان باسیان لە مەترسییە ئاسایشییەکانی لەشکری تورکیا کردووە لە باکوری عێراق و لە ناو هەرێمی کوردستانیشدا، هەندێک لە لایەنەکانی عەرەبی سوننە باسیان لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە و بە کاریگەرییەکی نەرێنیش ناودێریان کردووە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق، هەرچی لایەنە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقیشن بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دابەشبوونێکی بەرچاویان هەیە کاتێک باس دێتە سەر تاران و ئانکەرە.

دەتوانین بڵێین لەو هەموو نیگەرانییە ڕەنگاوڕەنگەی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا باسکراون تەنها یەک خاڵی هاوبەش هەیە کە تەواوی لایەنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق پێکەوە دەبەستێتەوە و ئەو خاڵەش بریتیە لەو زمانە شەرمنانەیەی لێدوانی پێدەدەن یانیش ڕاگەیەندراوی پێبڵاودەکەنەوە لەسەر دۆسێی دەستێوەردانەکان لە عێراقدا.

هەرچۆنێک بێت خۆپیشاندەرانی عێراقی لەگەڵ داوای مافەکانیاندا داوای ئەوەشیان دەکرد کە دەبێت دەستێوەردانی دەرەکی لە وڵاتەکەیاندا بنەبڕ بکرێت یان هەر هیچ نەبێت کەم بکرێتەوە.

لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا سەدان خۆپیشاندەر کوژراون، وەک خۆیان دەڵێن بە تەقەی هێزە ئاسایشییەکان و بە تەقەی چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان کە بە میلیشیا ناودێریان دەکەن.

خۆپیشاندەران دەڵێن یەکێک لە پەیمانەکانی موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق، دادگاییکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران بووە و سزادانی ئەوانەش بووە کە دەستیان هەبووە لەو پێشێلکاری و توندوتیژیانەی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران کراون و دەشڵێن بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەناوە بۆ لێپێچینەوەکردن لەگەڵ ئەو چەکدارانەدا و ئەمەش بەڵگەیەکی ترە وەک دەڵێن، ئەو هێزە میلیشیاییانە لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەوە و بە تایبەتیش لەلایەن ئێرانەوە داکۆکییەکی سەرسەختانەیان لێدەکرێت و پێشدەچێت دەسەڵاتەکانیان لە دەسەڵاتی حکومەتیش وەک دەڵێن "زۆر زیاتر بێت."

عێراقییەکان بەردەوامن لە ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی عێراقی و ئێستاشی لەگەڵدابێت بە کەمتەرخەم ناودێریان دەکەن لە بەرامبەر جێبەجێکردنی داواکانی خەڵکدا و پەیمانیش دەدەن بەوەی درێژە بدەن بە خۆپیشاندانەکانیان تا ئەو کاتەی ئەوانە ئاشکرا دەکرێن و دادگاییدەکرێن کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی خۆپیشاندەران و ئەوانەش کە پێشێلکارییان کردووە بەرامبەر خۆپیشاندەران.

هەر بۆیەشە ئێستا یەکێک لە پرسیارە گرنگەکانی لەناو ڕای گشتی یان شەقامی عێراقیدا هەیە ئەوەیە ئایا خەڵک چاوەڕوانی چ جۆرە گۆڕانکارییەک بن لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراقدا یانیش بۆ قۆناغی پاش هەڵبژاردن، ئەڵبەت شیکەرەوە ڕای جۆراوجۆر و ناکۆک بە یەکیان هەیە لەسەر ئەم پرسە و هەندێکیان لەو بڕوایەدان دەشێت لەگەڵ هەبوونی حکومەتێکی نوێی بەهێزدا هەر هیچ نەبێت بەشێک لەو گرفتانەی عێراق دەڕەوێنەوە و بەشێکی داواکانی خەڵکی وڵاتەکەش جێبەجێدەکرێن.

لەناو عێراقییەکاندا دابەشبوونێکی بەرچاو هەیە لەسەر ئەگەر و نەگەری دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا و هەر یەکەشیان بیانوی خۆی بە ڕەوا دەزانێت بۆ دەنگدان یان دەنگ نەدان.

هەندێک لە دەنگدەران باس لە پرۆسەی دیموکراسی وڵاتەکەیان دەکەن و دەڵێن کێشە هەن لەم وڵاتەدا کە وەها دەکەن هەڵبژاردنەکان نادیموکراتیانە بن، وەک بوونی ئەو هەموو چەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

دەستێوەردانی دەرەکی و گەندەڵی سیاسی و بەڕێوەبردن و دارایی بێ‌هیواییەکی زۆری دروستکردووە و هەر ئەمانەش هۆکارە سەرەکییەکانی دەستپێکردنی شەپۆلە ناڕەزاییەکەی مانگی دەی ساڵی 2019 ی عێراقییەکان بوون و ئێستاش بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەڵێن هەڵبژاردنێکی ڕوون نییە و تەنانەت بەشداریکردنیش بە تاوان ناودێر دەکەن و دەشڵێن هەڵبژاردنیش ناتوانێت ڕێگە داخراوەکانی بەردەمیان بکاتەوە.

بەڵام بەشێکی تری عێراقییەکان بە گەشبینییەوە لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی ئەمڕۆ یەکشەممەی وڵاتەکەیان دەڕوانن و دەڵێن ئەگەر خواست هەبێت بۆ گۆڕانکاری و بۆ جێبەجێکردنی مافەکان ئەوا پێویستە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکرێت، چونکە لە ڕێی هەڵبژاردنەوە وەک دەڵێن دەتوانرێت بەدواداچوون بکرێت لەگەڵ ئەوەی دەنگی پێدراوە و پێیبگوترێت دەنگمان پێداویت و بەرپرسیارێتیت لەسەرە و دەشڵین، بەڵێ پێویستە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکرێت تا پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا بەردەوام بێت و جەختیش دەکەنەوە لەوەی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا هیچ شتێک چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە، ئەگەر دەنگ نەدرێت وەک ئەوانەی بانگەشە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکەن ئەوا وەک ئەوەیە پشتیوانی لەوانە بکەیت کە تۆی دەنگدەر لەگەڵ هەڵوێستەکانیاندا نیت.

لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراقدا پرسێکی تری گرنگ هەیە کە ناکرێت باس نەکرێت ئەویش پرسی بەشداری ژنانە هەم وەک دەنگدەر و هەمیش وەک کاندید لە هەڵبژاردندا.

ژمارەی کاندیدەکانی ژنان لەم هەڵبژاردنەدا 951 کەسن لە سەرجەم سێ هەزار و پێنجسەد و پەنجا و دوو کاندید لە کاتێکدا ژمارەی کاندیدە ژنەکان لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018دا، هەزار و نۆسەد و هەشتا و سێ کاندید بوون و پاش بڵاوکردنەوەی ئەنجامە فەرمییەکانی ئەو هەڵبژاردنەی سێ ساڵ لەمەوبەر ژنان بوونە خاوەنی 84 کورسی پەرلەمان لە سەرجەم 329 کورسییەکەی پەرلەمانی وڵاتەکە.

ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژنانی عێراق کەمبوونەوەی ژمارەی کاندیدە ژنەکان بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکەی ساڵی دوو هەزار و هەژدەدا دەگەڕێننەوە بۆ ئەو فشارانەی لەسەر ژنانن و وەهاشیان کردووە لە بواری سیاسییدا ژنان تەگەرە و گرفتی زیاتریان لەبەردەمدا بێت وەک لە پیاوان.

یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان وەک دەگوترێت دەرفەتێکی نوێی تیادا ڕەخساوە بۆ ژنان تا دەستکەوتی زیاتریان هەبێت لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراقدا.

زۆرێک لە چالاکوانانی داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن، جەخت دەکەنەوە لەوەی دانانی ڕیژەی کۆتا بۆ نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەماندا شتێک نییە لەگەڵ خواستە گەورەکەی ژناندا بگونجێت کە نیوە یان زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگەی عێراق پێکدەهێنن.

بەشێک لە کاربەدەستانی عێراقی بە گرنگییەوە باس لە پاراستنی ڕێژەی کۆتا دەکەن بۆ ژنان و بە دەستکەوتێکی گەورەشی دادەنێن بۆ ژنان بە تایبەتی و بۆ کۆمەڵگەی عێراقیش بە گشتی.

لای بەشێکی ژنانیش لە عێراقدا ئەم ڕیژەی کۆتایە گرنگ نییە هێندەی ئەوەی تەواوی مافەکانی ژنان دابین بکرێت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە و یەکسان بن لەگەڵ پیاواندا.

بەپێی دەستوری عێراق دەبێت ڕێژەی 25% بۆ ژنان بێت لە پەرلەمانە 329 ئەندامییەکەی عێراقدا. زۆرێک لە شیکەرەوە دەڵێن ڕێژەی بەشداری ژنان لە دەنگداندا دەشێت ڕێڕەوەی هەڵبژاردنەکان بەرەو باشتر ببات و لێرەشدا زۆر گرنگە عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەرەنگاری گوتارەکانی دژە ژن ببنەوە و هەروەهاش هانی تەواوی دەنگدەرانی ژن بدرێت مافی خۆیان بپارێزن لە دەنگداندا تا ڕەواییەکی تەواوەتی بدرێت بە هەڵبژاردن.

لە چوار هەڵبژاردنەکەی پێشووی عێراقدا هەمیشە لایەنە سیاسییەکان جەختیان لە گرنگی پێگەی ژنان دەکردەوە و دەیانگوت دەبێت ژنان بەشدارییەکی ڕاستەقینە و بەرچاویشیان هەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا و تا پێگەی شیاوی خۆیان هەبێت لە نێوەندەکانی بڕیارداندا.

ڕۆژی هەینی دەنگدانی تایبەتی لە سەرانسەری عێراقدا کرا و لەم دەنگدانە تایبەتەدا هێزە ئاسایشییەکان و لەشکر و هێزی پێشمەرگە و ئاوارەکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکان و زیندانییەکانیش بەشدارییان کرد.

بەپێی ئەو ئامارانەی پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردوونەتەوە زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار دەنگدەر لەو دەنگدانە تایبەتەدا مافی دەنگدانی هەبووە.

ئەگەرچی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت لە زۆرێک لە بنکەکانەوە ڕاگەیەندراون بەڵام وەک کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت ئەنجامی بەرایی تەواوی هەڵبژاردنەکان درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە ڕادەگەیەندرێت و ئەنجامی کۆتایی و فەرمیش ڕۆژی سێشەممە ڕادەگەیەندرێت.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ئامێری ئەلیکترۆنی بەکارهێناوە بۆ دەنگدان و بە شێوەیەکیش ئەو ئامێرانە پرۆگرامکراون کە کاتژمێر 6 ی ئێوارە ڕابوەستێن، وەک کارمەندانی کۆمیسیۆن لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا ڕایانگەیاندوە، کاتژمێر 6 ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی بەهۆی وەستانی ئامێرەکانەوە، کۆتایی بە دەنگدانی تایبەت هێنرا.

دوای ئەو دەنگدانە تایبەتە کۆمیسیۆن ژمارەیەک لە بنکەکانی دەنگدانی سەرانسەری وڵاتەکە دەستنیشانکرد و دەنگەکانی ئەو بنکانەی دەنگدان بە دەست ژمێردرانەوە بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوانەی گومانیان لە ئەنجامەکانی ئەژمارکردنی ئەلیکترۆنی هەیە، ئەم هەنگاوەی کۆمیسیۆن بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانە.

جا ئەگەر جیاوازی بە ڕێژەی 5% بوو لە نێوان ژماردنی ئەلیکترۆنی و ژماردنی دەنگەکان بە دەست، ئەوا ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست پەسەند دەکرێت.

دوابەدوای تەواوبوونی دەنگدانی تایبەت لە چەند شارێکی عێراقدا، لەوانە بەغدا و ڕومادی، هەر لایەنە و بە جیا دەستیدەکرد بە ئاهەنگ‌گێڕان و وەک خۆیان بڵاویان دەکردەوە سەرکەوتوی یەکەمی دەنگدانی تایبەت بوون بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەر زوو هاتە دەنگ و ڕایگەیاند ئەو جۆرە ئاهەنگ‌گێڕانە بەشێکن لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و ئەنجامی فەرمی دەنگدانی تایبەتیش هاوکاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەکانی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق دەبێت.

قەیرانە یەک بە دوا یەکەکانی سیاسی و ئابوری و دارایی و بەڕێوەبردن و دۆسێکانی گەندەڵی لە عێراقدا، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە بۆ کردنی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی وڵاتەکە کە ئامانجی هەرە سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە، عێراق بخرێتەوە سەر ڕێڕەوی فەرمانڕەوایەتییەکی دروست و وەک باسیش دەکرێت هیوایەکە تا دابەشبوونی ئاینزایی و تایفەیی و نەژادی بەرەو کاڵبوونەوە ببات لە عێراقە نوێیەکەی پاش ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا.

کاربەدەستانی ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق، بە خودی سەرەک وەزیریشەوە، ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ داوا لە عێراقییەکان دەکەن با ئەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هەموو ڕوویەکەوە جیاواز بێت لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018.

نکوڵی ناکرێت لەوەی خۆپیشاندەرانی عێراقی سەرکەوتوو بوون لە ناچارکردنی حکومەتێکی عێراق بەوەی دەست لە کار بکێشێتەوە بەڵام ئایا چەند سەرکەوتوو دەبن لەوەی دەسەڵات و ڕۆڵ و پێگەی لایەنە فەرمانڕەواکانی هەژدە ساڵی لەمەوپێشی عێراق کەم بکەنەوە، بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارەش دەکەوێتە سەر ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە و چەندێک دەتوانرێت بکرێتە سەرەتایەک بۆ ئەو فەرمانڕەوایەتییە دروستەی لە مەیدانە سەرەکییەکانی شارەکانی عێراقەوە داوا دەکرا و بانگەشەیشی بۆ دەکرا.