کۆمسیۆن: لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق ڕێژەی بەشداری تا نیوەی رۆژ کەمترە لە 25%

بەردەم بنکەیەکی دەنگدان لە شاری بەسرە، 10 ی مانگی دەی ساڵی 2021

دەنگی ئەمەریکا- واشنتن

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کاتژمێر حەوتی بەیانی لە عێراق دەستیپێکرد و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت لە پێنج کاتژمێری سەرەتادا تا نیوەی ڕۆژەکە ڕێژەی دەنگدان لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق 25%ی تێنەپەڕاندووە.

بەپێی خشتەیەک کە کۆمسیۆن بۆ میدیاکانی ناردووە، کەمترین ڕێژەی بەشداری دەکەوێتە پارێزگای بەسرەوە کە تا نیوەی رۆژ تەنیا 14% بووە.

هەرچەندە بەسرە دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراقە لە ڕووی یەدەکی نەوتییەوە، بەڵام یەکێکە لەو پارێزگایانەی دانیشتوانی بەدەست کەمی خزمەتگوزاری وەکو نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوەوە ناڵاندوویانە.

لە دوای پارێزگای بەسرە، پارێزگای کەربەلا دێت بە ڕێژەی 15%.

پاشان پارێزگای سلێمانی دێت. لە سلێمانی دەنگدەدارن بەو گەرمووگوڕییەوە کە چاوەڕوان کرابوو بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بەڕێنەکەوتوون. کۆمسیۆن دەڵێت تا نیوەی ڕۆژ، تەنیا 16% ی خەڵک بەشداری دەنگدانیان لەو پارێزگایە کردووە.

لە سلێمانی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە تیایدا پارتی خاوەن دەسەڵاتە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دووبەرەکی تێکەوتووە و هاوسەرۆکێکی پارتەکە بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی هاوسەرۆکەکەی دیکەوە لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە.

هاوسەرۆکی تۆمەتبارکراو، لاهور تاڵەبانی، ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە هەوڵیدابێت ژەهرخواردی بافڵ تاڵەبانی بکات، کە خۆی کردووە کە سەرۆکی کرداری یەکێتی.

لەم هەڵبژاردنەدا، بزووتتەوەی گۆڕان، کە کاتی خۆی لە یەکێتی بە تۆمەتی گەندەڵی جیابووە، بە یەک لیست لەگەڵ ئەو پارتەدا بەشدارە. دیار نییە ئایا ئەمە رۆڵی هەبووە لە ساردوسڕی دەنگدەداران یاخود نا.

لە هەولێر و دهۆک، کە پارتی دیموکراتی کوردستان تیایاندا خاوەن دەسەڵاتە، رێژەی دەنگدان بەدوای یەکدا 21% و 22% بووە تا نیوەی رۆژەکە. لەم دوو پارێزگایەش پارتی ڕەخنەی لێگیراوە مەودای ئازادیـیەکانی بەرتەسکردووەتەوە. دیارترین کەیس مەسەلەی دەستگیرکراوانی بادینان کە تیایاندا ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و مامۆستا هەن.

بەڵام پسپۆڕان هۆکاری سەرەکی ساردوسڕی خەڵکی لە بەشداریکردن لە پـرۆسەی دەنگدان دەگەڕێننەوە بۆ نائومێدیان لەوەی هەڵبژاردن گۆڕانکاری ڕاستەقینە دروستبکات و چاکسازی بهێنێتە دی.

دیارنییە ئایا لە دوای نیوەڕۆوە رێژەی دەنگدەران بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە یاخود نا.

لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 3400 کاندید هەوڵی وەدەستهێنانی 329 کورسی دەدەن. واتا لە نزیکەی 10 کاندید، تەنیا یەک کاندید دەردەچێت.