دەنگی ئەمەریکا - واشنتن
ئەنجامە بەراییە فەرمییەکان دەریدەخەن هاوپەیمانی فەتح کە نوێنەرایەتی سیاسی گروپە چەکدارییەکانی ناسراو بە حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران دەکات نزیکەی 70% ی کورسییەکانی لەدەستداوە بەبەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕۆژی دووشەممە ئەنجامە بەراییەکانی بڵاوکردەوە کە نیشانیان دا کوتلەی فەتح تەنیا 16 کورس بەدەست هێناوە. ساڵی 2018، کاتێک فەتح، بەسەرکردایەتی هادی ئەلعامری، بۆ یەکەم جار بەشداریکرد 48 کورسی بردەوە.
لە هەمان کاتدا ئەنجامەکان دەریدەخەن موقتەدا ئەلسەدر، کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە ئێران دەرکەوتووە و دژی گروپەکانی حەشدی شەعبی زۆرجار قسەیکردووە، بە پلەی یەکەم دێت و لانی کەم 73 کورسی مسۆگەر کردووە.
لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا، موقتەدا، کە ڕۆژانێک یەکێک بووە لە گەورەترین نەیارەکانی ئەمەریکا لە عێراق، گوتی " کاتی هاتووە عێراقییەکان بە سەلامەتی و دوور لە چەک و میلیشیاکان بژین."
هەروەها وتی، "چیتر شوێنێک بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران لە عێراقدا نییە" و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئەگەر پێویست بێت ئامادەن گیانی خۆیان بەختبکەن.
لە پەیامێکدا بۆ جیهان، سەدر جەختیکردووە کە باڵیۆزخانەی هەموو وڵاتێک دەکرێت لە عێراق هەبێت بەو مەرجەی دەست لە کاروباری وڵاتەکە وەرنەدەن.
بۆچی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شکستیان هێنا؟
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی گەورەیان لە تێکشکاندنی داعشدا گێڕا و ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی فەتح ساڵی 2018 ئەو ژمارە کورسییە زۆرە بباتەوە.
قورسە هۆکارێکی تایبەتی دیاری بکەیت بۆچی فەتح ئەم جارە دەنگی کەمتری هێناوە، بەڵام لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا گروپەکانی حەشدی شەعبی تۆمەتبارکراون بە کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، ئەنجامدانی هێرشی موشەکی بۆ سەر پێگە دیپلۆماسی و سەربازییەکان ئەمەریکا کە زۆرجار قوربانی مەدەنی عێراقی لێکەوتۆتەوە.
هەرچەندە تەنیا 41% ی دەنگدەرە تۆمارکراوەکان بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و ئەمەش نوێنەرایەتی تەواوی گەلی عێراق ناکات، بەڵام ئەنجامەکان دەریدەخەن زۆربەی دەنگدەران میلیشیاکانی نزیک ئێران بە هۆکارێکی خراپی بارودۆخی وڵاتەکەیان دەزانن و نایانەوێت چی دیکە دەسەڵاتیان هەبێت.
لە دوای کوتلەی سەدرییەکان، هاوپەیمانی تەقەدوم، کە بە کوتلەی سوونییەکان ناسراوە و موحەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرکردایەتی دەکات، پلەی دووەمی بەدەستهێناوە بە بردنەوەی 38 کورسی. پاشان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی دێت بە 37 کورسی.
بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەدرییەکان پێویستیان بە هاوپەیمانێتی هەیە چونکە نەیانتوانیووە بە تەنیا 51% ی کورسییەکان بەرنەوە کە بریتییە لە 165 کورسی. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە.
دیار نییە ئایا لاوازبوونی باڵی سیاسی میلیشیاکان دەبێتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئەو گروپە چەکدارانە لە واقیعدا.