ڕێکخراوی CPJ لەسەر پەسەندکردنی بڕیاری زیندانیکردنی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری ڕەخنەی توند لە هەرێم دەگرێت

ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە لە بارەی بڕیاری دادگای پـێداچوونەوەی هەولێر بۆ پەسەندکردنی بڕیاری زیندانیکردنی هەردوو ڕۆژنامەوانان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری بۆ ماوەی 6 ساڵ.

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا دەڵێت" بەو بڕیارەی دادگای پـێداچوونەوەی هەولێر بۆ پەسەندکردنی سزای زیندانی 6 ساڵ بۆ هەردوو ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی و گوهدار زێباری، حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پـیشانی دا ئەوەی گوایە پابەندە بە ئازادی ڕۆژنامەگەری تەنیا قسەی پـوچن."

گوتوشیەتی"پـێویستە دەسەڵاتدارانی کوردی باکوری عێراق دەستبەجێ هەردوو ڕۆژنامەوانان ئازادبکەن، وە ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کردوون هەڵبوەشێننەوە، وە وازبهێنن لە هەراسانکردنی ئەندامانی ڕاگەیاندن."

بەپـێی ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکان و بڕیاری دادگا کە CPJ پـێداچوونەوەی بۆ کردوون، لە بڕیاری 28 ی مانگی چواری دادگا کە ئەمڕۆ بۆ ڕای گشتی ئاشکراکرا، دادوەر عەبدوڵڵا عەلی ئەحمەد شرفانی، بڕیارەکەی دادگای خوارووی پەسەندکرد و جەختیکردەوە شێروانی و زێباری پارەیان لە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا لە هەولێر وەرگرتووە و پیلانگێڕیان کردووە بۆ تێکدانی ئاسایشی کوردستانی عێراق.

بەپـێی ڕاپـۆرتی CPJ ، لە 16 ی مانگی دوو، دادگای تاوانەکانی هەولێر بڕیاری زیندانی 6 ساڵی بۆ شێروانی و زێباری دەرکرد بە تۆمەتی هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان. ڕێکخراوەکە دەشڵێت دادگایـیکردنەکە لە پـرۆسەیەکدا بەڕێوەچووە کە پـێشێلکاری تێداکراوە و هەروەها بەڵگەی تێدا خراوەتە ڕوو کە لاواز و لەسەر بنەمای مەزەندەکردن بوون.

ئەم بڕیارە پاش 3 ڕۆژ هات لەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری، بەڵێنی دا "پشتیوانی تەواوی" ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمەکە بکات.

لە لایەکی دیکە کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی ناڕەزایی دەربڕیوە.

پـێشتر دکتور دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەم بڕیارەی دادگای پـێداچوونەوەی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکا وت " ڕای دادگا و بڕیارەکانی دادگا ڕوونە و ئێمە وەکو حکومەتی هەرێم لایەنێک نین نە لە بریار و نە لە تەمیزی بڕیارەکە چونکە دەستوری عێراق زۆر ڕوونە کە حاکمەکان سەربەخۆن و دەسەڵاتی دادوەری لە هەولێر و بەغدا سەربەخۆن و دادوەرەکان سوێندی یاساییان خواردووە بەرامبەر بە هاوڵاتیان و بیرباوەڕە ئاینیەکانیان و بەرامبەر ئەو پیشەیەی کە خۆیان هەیانە کە سەربەخۆ و بێلایەن و ڕاستگوبن و ئەو بڕیارانەی کە دەردەکەن خۆیان لێی بەرپرسیارن و ئێمە ڕێز لە دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرەکانی خۆمان دەگرین و هەر بڕیارێکی دادوەر و دادگای تەمیز بدات دەستور ئیعتیرافی پێکردووە هەموومان بە بڕیاری دادگا و دادوەرەوە پابەندین."