چەکدارێکی عێراقی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سوریا دەکوژرێت

چەکدارێکی گروپی چەکداریی لیواکانی حزبوڵای عێراق ڕۆژی هەینی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سوریا کە گروپەکانی لایەنگری ئێرانی کردبوو بە ئامانج کوژرا، ئەمەش بەپێی ئەندامێکی گروپەکە و هێرشەکەش خراوەتە پاڵ ئیسڕائیل.

ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکەی ناو سوریا دەکات وتی ئەندامێکی لیواکانی حزبوڵا کوژراوە، بەڵام نەیتوانیوە هێرشە ئاسمانییەکە پشتڕاست بکاتەوە.

ڕوانگەکەی کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و پشتی بە تۆڕێک لە سەرچاوەکان بەستووە لە ناو سوریادا، وتی ئوتومبێلە سوتاوەکەی ئەندامەکە لە دووری نزیکەی 10 کم لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە دۆزراوەتەوە.

ئەندامێکی دیکەی لیواکانی حزبوڵا وتی هێرشەکەی ئیسڕائیل لە یەکێک لە شوێنەکانی گروپەکەی داوە، بووەتە هۆی کوژرانی ئەبو حەیدەر ئەلخەفەجی، کە ئەندامێکی باڵای گروپەکە بووە.

گوایە ئەندامێکی دیکەش لەو هێرشەدا بریندار بووە.

ڕوانگە وتی هێرشەکە لە دووری 5 کم لە شارۆچکەی مەزارگەی سەیدا زەینەبی شیعەکانەوە ڕوویداوە کە دەکەوێتە دەرەوەی دیمەشقی پایتەخت.

ئەمەریکاش بە هەمان شێوە گروپەکەی کردووەتە ئامانج، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

لە مانگی شەشدا هێرشێکی ئاسمانی سێ چەکداری لایەنگری ئێرانی کوشت، دوو عێراقییان تێدا بووە. گروپی چەکداریی لیواکانی سەید ئەلشوهەدای عێراقی کوژرانی دووان لە چەکدارەکانی پشتڕاست کردەوە.

ئەم هێرشەش لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا دێت لە ناوچەکەدا، دوای نزیکەی ساڵێک لە جەنگەکەی ناو غەززە.

پێشتر لەم ساڵدا زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعشییان لە عێراق و سوریا کردە ئامانج، کە لەلایەن ئەمەریکای هاوپەیمانی سەرەکی ئیسڕائیلەوە سەرکردایەتی دەکرێت.

هێرشەکان کە لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە لە ئەستۆ گیراون، وایانکرد لیواکانی حزبوڵا لە مانگی یەکدا ڕاگرتنی چالاکییەکانی ڕابگەیەنێت. لەو کاتەوەدا بە شێوەیەک دۆخەکە ئارام بووەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس