پـۆلیسی دانمارک 4 کەس دەسـتگیردەکات کە گومان دەکرێت داعش بن

کاربەدەسـتانی دانمارک دەڵێن 4 کەس لە نزیک کۆپـنهاگنی پایتەخت دەسـتگیرکروان کە گومان دەکرێت داعش لە سوریاوە ڕەوانەی کردبن بە مەبەستی ئەنجامدانی توندوتیژی.

پـۆلیسی دانمارک ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە تویتەری خۆی هەواڵەکەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی هەروەها لە گەڕان و پـشکنینی پەیوەست بەم گومانبارانە، دەسـتگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنیش. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد دەسـتگیرکردنی ئەم چوار گومانبارە لە ئەنجامی هاوکاریـیەکی نزیکی نێوان دەزگای زانیاری دانمارک و پـۆلیس بووە لە کۆپـنهاگن.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پـۆلیس هیچ زانیاری لە بارەی ناسنامەی ئەم چوار کەسە ڕانەگەیاندووە و ئاشکرای نەکردووە هۆکارەکان چین کە گومانیان لێ دەکرێت لە لایەن داعشەوە ڕەوانەکرابن. دەشڵێن سبەی هەینی دەبرێنە بەردەم دادوەر بۆ وەرگرتنی گوتەکانیان.

بە ماوەیەکی کورت پاش دەسـتگیرکردنەکان، سۆرن پـند وەزیری دادی دانمارک لە بەیانـنامەیەکدا گوتی " دەزانین ئەوانەی لە سوریا یان لە عێراق شەڕیان بۆ داعش کردووە ڕەنگە ببنە جێی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی دانمارک."

جێی ئاماژەیە دەزگای زانیاری دانمارک لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە مەزەندە دەکەن زیاتر لە 125 کەس لە وڵاتەکەیانەوە ڕۆیشتبن و پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبێت لە سوریا و عێراق. گوتیشی بە لایەنی کەم 27 لەوانە کوژرابن.