دارا محەمەد: ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکان خاوەنی شوێن نین

هەرچەند داعش لەشکستە یەکلەدواییەکەکانی خۆیدایە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لەو کردەوە تیرۆریستیانە هەیە کە بەشێوەیەک لەشێوەکان پەیوەندیان هەیە بە هەواداران و توندڕەوانی داعشەوە لەئەوروپا. دوایەمین کردەوەی تیرۆریستی لە مانشیستەر، زەنگێکی ترسناک بوو کە گیانلەدەستدانی 22 کەس و بریندار بوونی نزیکەی 60 کەسی لێکەوتەوە کە لەناو قوربانییەکاندا مناڵ هەن.

کەواتە ئایا تیرۆر تەنها تەنها بەرپاکردنی کردەوەگەلێکی ترسناک و دڕندەئاسا نیە لەپێناو کوشتن و لەناوبردن یان کۆمەڵکوژی و تەنها هەڵمەتێکی زەبرزەنگامێز و پەرگیرانە بێت، بەڕای شارەزایان و لێکۆڵەراوانی بواری تیرۆر و تیرۆریزمی جیهادگەرایی؛ تیرۆر هێزێکی ئایدۆلۆژیەو هەڵکەوتەی ئەو واقعە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ئابورییە کە بەرهەمهێنەری توندڕەوی و زەبروزەنگن لەئاستێکی ترسناکدا.

بەڵام ئایا بەکۆتایی داعش، تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆتایی پێدێت ؟ ئایا بە جیهانیبوون و بە نێونەتەوەییبوونی تیرۆریزمی جیهادی چەند توانای بەهێزکردنی ئەو تۆرە جیهادییەی دەبێت؟ ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری دیکە لە هەفتەنامەی رەهەندەکاندا ئاڕاستەی نوسەر و توێژەر و مامۆستای زانکۆ لەلەندەن دکتۆر دارا محەمەد دەکرێت کە ئاسۆ جەبار میوانداری کردووە بۆ وتوێژی ئەم هەفتە رۆناکبیرییە...

دارا محەمەد دەڵێت "ئەم هێزە ئیسلامیانە ئەگەر سەرکوتبکرێن، توانای ئەوەیان هەیە بگۆڕێن بۆ بزوتنەوەیەکی رادیکالیست و فەندەمینتالیست".

دەشڵێت "ئایا فرە کولتوری تا چەند سەرکەوتوو بووە لەگۆشکردنی ئەو خەڵکانەی کە سەر بە کولتوری دیکەن؟ واتە ئایا کولتوری ئیسلامی بن یان کاسۆلیک یان یان کولتوری جولەکە بێت یان هیندی بێت؛ هەرچییەک بێت. گرنگ لەوەدایە ئەم وڵاتانە چ جۆرە شێواز و میتۆدێکیان بەکارهێناوە بۆئەوەی جۆرێک ئاوێتەبوون و پێکەوەژیان دروستبکات".

دارا محەمەد دەڵێت "ئەم ئایدۆلۆژیا توندڕەوانە خاوەنی شوێن نین، واتە ئیتر ئایدۆلۆژیا لەوە دەردەچێت کە پێویستی بە پێگەیەک و شوێنێک هەبێت تیایدا گەشەبکات و ببێتە ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو و لەوێوە بتوانێت خۆی رەوانەی دەرەوە بکات".

سەبارەت بەوەی ئەو چ هێز و پاڵنەرێکە وا لەگەنجێک دەکات کە یان لەدایکبووی ئەوروپایە یان لەوێ گەورەبووە خۆی بتەقێنێتەوە یان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات. دارا محەمەد دەڵێت "بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە توندڕەوەکان دەتوانن بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ئیش بکەن پەیامەکانی خۆیان و وێنەو ڤیدۆکانیان بنێرن، بەهەمانشێوە دەتوانن هەر ئەو پەیامانە کەسێکی گەنجی ئاینی دەتوانێت زۆر بەئاسانی کاریتێبکرێت و ببێتە کەسێکی رادیکاڵ".

هەروەها دەشڵێت "وڵاتانی وەک سعودییە و قەتەر و ئەمانە کە خاوەنێکی پارەیەکی گەورەن دەتوانن ئەو شوێنانە بکڕن و بیانکەن بە ناوەندی ئیسلامی لە بەریتانیا".

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دارا محەمەد