رۆژى شەمە داعش پێشمەرگەیەكى دیلكراوى لەنێوان گوندەكانى ئەلبو محەمەد و زەگڵاوى باشورى كەركوك ئازاد كرد، كە پێشمەرگەكە لەمانگى 5 ى ئەمساڵ لەگوندى حلێوەى نزیك قەزاى خورماتو كەوتبووە دەست چەكدارەكانى ئەو رێكخراوە.
موقەدەم فەرهاد كاكەیى، فەرماندەى پێشمەرگە لەگوندى ئەلبومحەمەدى باشورى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هێزێكى دژەتیرۆر رۆیشتونەتە ناوچەكانى سنورى ئەوان و پێشمەرگە دیلەكەیان لەداعش وەرگرتوەتەوە."
سەبارەت بەچۆنیەتى پرۆسەى ئاڵوگۆرِكردنەكە، موقەدەم فەرهاد وتى"هێزەكەى دژە تیرۆر چەند ئۆتۆمبێلێك پرِ خۆراك و پێداوستیان لەگەڵ ژنە داعشێك پێبووە و رادەستى داعشیان كردوون، ئەوانیش پێشمەرگەكەیان رادەستى دژە تیرۆر كرد."
فەرماندەكەى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەكرد خۆى و هێزەكەى تەماشاى چۆنیەتى ئاڵوگۆرِكردنەكەیان كردووە، كاتێك دژەتیرۆر بەشۆفڵ خەندەقەكانى پێشمەرگەیان لاى گوندى ئەلبومحەمەد پرِ كردوەتەوە و كیلۆمەترێك لەسەنگەرەكانى پێشمەرگە دوور كەوتونەتەوە، وتیشى"داعشەكانیش لەگوندى زەگڵاوەوە كیلۆمەترێك هاتنە پێشەوە، لەوكاتەدا هەردوولایان لەپەناى ئۆتۆمبێلەكانیان دا وەستان ، داعشەكان ژنەكەیان برد و پێداویستیەكانیان بار كرد، دژە تیرۆریش دیلەكەى وەرگرتەوە."
جەختیشیكردەوە"3 چەكدار لەو چەكدارانەى داعش كە پێشمەرگە دیلەكەیان رادەستى دژە تیرۆر كرد كورد بوون."
پێشمەرگە ئازادكراوەكە ناوى سەید ئەحمەد سورچى یە و تواناى بیستن و قسەكردنى نیە، لە لیواى 116 ى پێشمەرگە چێشتلێنەربووە ، كاتێك لەمانگى 5 ئەمساڵ داعش هێرشیانكردە سەر گوندى حلێوەى خورماتو و بەدیلكراوى لەگەڵ خۆیان بردیان.
لاهور شێخ جەنگى فەرماندەى دژە تیرۆر لەكۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا، گوتی هێزەكانیان لەپرۆسەیەكى سەربازى و هەواڵگیرى دا پێشمەرگە دیلەكەیان رزگاركردووە.
عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى خورماتوى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەو لەكاتى ئازادكردنى پێشمەرگە دیلەكەدا ئامادە نەبووە."
وتیشى"بەتەلەفۆن پێموتراوە گوایە دژە تیرۆر لەپرۆسەیەكى سەربازیدا رزگارى كردووە."
ئازادكردنى ئەو پێشمەرگە دیلەى لاى داعش، لەكاتێكدایە ژمارەیەك پێشمەرگەى دیل لەلایەن ئەو رێكخراوەوە سەربرِدراون و چارەنوسى ژمارەیەك پێشمەرگەى دیلكراوى تریش هێشتا نادیارە.
Your browser doesn’t support HTML5