فەرماندەیەكى پـێشمەرگە پلانى نوێى داعش بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكرا دەكات

فەرماندەیەكى باڵاى پێشمەرگە، پلانێكى وردى داعش بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوە دەكات داعش هێزەكانى بە ناوچە سونەنیشینەكانى عێراقدا بڵاوە پێدەكات تا لەو رێگەیەوە فشارەكانى سەر موسڵ و فەلـلوجە كەم بكاتەوە.

لیوا مەردان چاوشین جێگرى هێزەكانى 70 ى پێشمەرگە و فەرماندەى میحوەرى قەرەتەپەى پارێزگاى دیالە، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش بە شێوازى مەفرەزە مەفرەزەى پارتیزانى چەكدارەكانى رەوانەى ناوچە جیاجیاكان دەكات ، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەى ئامادەكاریەكانى ئەو رێكخراوەوە بۆ قۆناغى دواى لەدەستدانى شارە گەورەكان."

بەبڕواى ئەو فەرماندەیەى هێزى پێشمەرگە ، پلانى داعش لە دواى لەدەستدانى موسڵ و فەلـلوجە و حەویجە، پەلاماردانى خاڵە سەربازیەكان و ئەنجامدانى تەقینەوەیە لەنێو شاروشارۆچكەكانە.

لیوا مەردان چاوشین ، روونیشیكردەوە داعش چەكدارەكانى ڕەوانەى ئەو ناوچانە دەكاتەوە كە پێشتر لێى ژیان و شارەزاى ناوچەكانیانن، وتى"ئێستا هێزێكى داعش رەوانەى حەمرین كراوە زۆربەیان خەڵكى جەلەولا و گوندەكانى دەوروبەرین."

هەندێک لەو ناوچانەى كە ئێستا داعش جم‌وجۆڵى تێدا پەیدا كردووەتەوە پێشتر لەلایەن ئەو رێكخراوەوە بەجێهێڵرابوون ، بەڵام لە ئێستادا چەكداریان بەشێوەى مەفرەزە بۆ ناردووەتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر