داعش و خەلافەتی مەرگ

بەپێی ڕاوبۆچونی شارەزایان و ئەو لێکۆڵینەوە و وردەکارییانی کە تا ئەوڕۆکە بڵاوبونەتەوە داعش یان دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام یەکێکە لە ڕێکخراوە هەرە تێرۆریستییە مەترسیدار و ترسناک کە توانای کۆمەڵکوژی و خاپورکردنی بەشێک لەشارستانیەتە دێرینەکانی سوریا و عێراقی هەبووە و چەندین شار و ناوچەی لەعێراق و سوریا داگیرکردووە.

سەرەتا ئەم هێزە لە ساڵی ٢٠٠٤ بەناوی (تەوحید و جیهاد) لەلایەن (ئەبو موسعەب زەرقاوی) یەوە لە عێراق دادەمەزرێت پاشان دەچنە ناو قاعیدەوە، ناوی خۆیان دەگۆڕن بۆ قاعیدەی وڵاتی رافیدەیین، دوای دوو ساڵ لەسەردەستی (قاعیدە) لەساڵی٢٠٠٦ لەدۆخێکی تەمومژاویی و ناڕووندا دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق دادەمەزرێت، پاشان گۆڕا بە (قاعیدە لە وڵاتی رافیدایین) و ئەبو موسعەب زەرقاوی رابەرایەتی دەکرد، بەیعەتیان لە ئوسامە بن لادن وەرگرت و هاوکات لەلایەن ئەوانیشەوە هاوکاری مادی و رێکخراوایی و جیهادی دەکران.

وەکچۆن حەسەن بەنا باوکی روحی توێری ئیسلامی جیهاد و رادیکاڵ دەڵێت: "ئیسلام لەیەک کاتدا هەم ئاینە و هەم دەوڵەت." جیاوازی ئەم هێزە جیهادییە مەترسیدارە لەو ستراتیژە مەترسیدار و خەونە گەورەیەوە هەڵئەقوڵێت کە باوەڕیان بە درووستکردنی دەوڵەت و زیندوکردنەوەی دەوڵەتی خەلافەت هەیە.

دوابەدوای کوژرانی ئەبو موسعەب زەرقاوی لە 7ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٦ لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمەریکا، (ئەبو حەمزە ئەلموهاجیر)یان هەڵبژارد بۆ رابەرایەتیکردنی بزوتنەوەکە، دواتر(دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی) یان راگەیاند بە سەرۆکایەتی ئەبو عومەر بەغدادی، بەڵام لەمانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٠ هێزەکانی ئەمەریکا و سوپای عێراق بەهاوبەشی هێرشێکیان ئەنجامدا لەئاکامدا هەردوو سەرکردەی ئەم گروپە ئەبو عومەر بەغدادی و ئەبو حەمزە ئەلموهاجیریان تێیدا کوشت، دوای ئەوە ئەبو بەکر بەغدادی بوو بە رابەری ئەم بزوتنەوەیە.

سەرەتای دەرکەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام(داعش) دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 5 ی ٢٠١٣ لەسەر دەستی ئەبوبەکر بەغدادی ئەوەش دوای یەکگرتنی هەردوو (دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بەرەی نوسرەی سوریا) دوابەدوای روداوەکانی سوریا لە مانگی 8 ی 2011 دا بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەکان و گەورەبوونی ناڕەزاییەکانی خەڵک، لە 2013 دا ھەریەک لەئەیمەن زەواھیری رابەری قاعیدە و ئەبوبەکر بەغدادی رێکەوتن لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی ھاوبەش بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام بەناوی داعش.

دێڤید پۆلاک توێژەرو شارەزا لە پەیمانگەی واشنتن لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا سەبارەت بە ئامانجی داعش دەڵێت "ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی خەڵک و دەستدرێژییکردنە سەریان و لێدان و زۆرلێکردنیان بۆ ئەوەی ببنە توندڕەو، لەڕاستیدا ببنە پەڕگیر و ئیسلامێکی دیکە".

تێکەڵکردنی ناڕەزایی و جیهادگەرایی لەلایەن داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەوە لە سوریا و عێراق پێکڕا وایکرد بەرهەڵستکارییەکی خوێناویی بەرپابێت بەرامبەر رژێمەکەی ئەسەد، بەڵام دواتر داعش وەک هێزێکی رێکخراوی تیرۆریست بووبە هێزێکی سەربازی بۆ داگیرکردنی شارو شارۆچکەکانی سوریا.

برووس هۆفمان نوسەر و خاوەنی چەندین کتێب لەبارەی تیرۆرەوەو پرۆفیسۆر و بەرێوبەری زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتن لەچاوپێکەوتنێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا دەڵێت " هەرچەند ئێستاکە داعش هەڕەشە سەرەکییەکەیە؛ هاوکات کێشە و گرفتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دنیایەک هەڕەشەن، وەک جیهادییەکان و بەرەی نوسرە و بەهەمانشێوە میلیشیا شیعەکان، بەداخەوە کە داعش هەرەشەیە بۆ هەر کەسێک، هاوکات ئەمانە بەرهەمهێنەری توندوتیژی زیاترن، هەتا ئەگەر داعشیش لەناوچێت لەتوانادایە ئەم دۆخە هەر بەردەوام دەبێت."

خه‌لافه‌تی‌ داعش و کڵێشەسازی بەڕێوەبردن

هەرچەند هەندێک لەشارەزایان رایانوایە گروپی داعش خاوەنی سیستمێکی تۆکمە و پۆڵایین نیە؛ بەڵام ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ لوتكه‌ی‌ هه‌ڕه‌می دەسەڵاتە‌كه‌دایه‌. حاكمی‌ ره‌های‌ رێكخراوه‌كه‌یه‌، هه‌ر ‌ به‌غدادی‌ دەتوانێت ئه‌میرو به‌رپرسانی‌ رێكخراوه‌كه‌و سه‌ركرده‌كان دایریبکات و بە ئەرکەکانیان راسپێرێت، فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ربازی‌ بەبێ بەغدادی مەحاڵە، دوایەمین بڕیار لای خۆیەتی.

تێکڕا خاوه‌نی‌ په‌یكه‌رێكی‌ هه‌ره‌می‌ شاقوڵییە‌ كه‌له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ شۆر ده‌بێته‌وه‌. له‌به‌شی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ره‌مه‌كه‌(خه‌لیفه‌)دەسەڵاتی رەهایە، كاروباری‌ بەسەر سێ ئاستی هاوبەشدا جیاوازدا دەبێت‌، كه‌ تێکڕا راسته‌وخۆ پەیوەستن بە خەلیفەوە‌، ئه‌وانیش بریتین له‌ (وه‌زیره‌كان‌ و نوسینگه‌ی‌ جه‌نگ ‌و پارێزگاره‌كان).

داعش له‌سه‌ر ئاستی‌ سوریا و عێراق خاوه‌نی‌ چه‌ند ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌یه‌كی‌ به‌ڕێوه‌بردنە‌، بۆ رێكخستنی‌ ئاستی‌ سیاسی‌ و هه‌واڵگیری‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی:

شورای خەلافەتەکەی داعش

ژماره‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ (9 بۆ 11) كه‌س پێكدێت، ئه‌ندامه‌كانی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌بو به‌كر به‌غدادیه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرێن و کارو ئەرکەلکانیان بپێڕادەسپێرێت.

ئه‌ركی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ له‌به‌خشینی‌ متمانه‌ به‌ والی و ئه‌میره‌ و فه‌رمانده‌كان و دواتر ناردنی ناوەکانیان بۆ بەغدادی‌، بۆئەوەی دوایەمین بریار بە پەسەندکردن یان رەتکردنەوەیان بدات.

ئه‌ندامانی‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌توانن پێشنیاری‌ لابردنی‌ ئه‌میر و فه‌رمانداره‌كانی‌ رێكخراوه‌كه‌ش دەربكه‌ن، به‌ڵام دواایەمین بڕیاری جێبەجێکردن لەلای بەغدادییە.

ده‌سته‌ی‌ شه‌رع و دادوه‌ریی‌

‌دیارترین ئه‌ركه‌كانی‌ ئەم دەستەیە بریتییە لە چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان و حوكمدان له‌باره‌یانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌رێی‌ به‌جێهێنانی‌ فه‌رمانه‌ شه‌رعیه‌كانەوە بەرپادەکرێت.

ئه‌ركی گەورەی ده‌سته‌ی‌ دادوه‌ری‌ و شه‌رعی،‌ پێکهاتووە له‌ پێشكه‌شكردنی‌ راپەڕاندنی نەخشەی رێنماییکردن ‌‌و بانگه‌وازكردن بۆ بنه‌ما شه‌رعیه‌كانی‌ ئاینی‌ ئیسلام و په‌روه‌رده‌كردن و گۆشكردنی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی‌‌ كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما و پره‌نسیپانه‌. بەتایژبەتی ئەو ناوچەو شارانەی کە داگیریان دەکەن.