ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی کوشتنی 15 کەس لە گوندێکی کۆنگۆ ڕادەگەیەنێت

ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشێکی ڕاگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی لانی کەم 15 هاوڵاتی مەدەنی لە گوندێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، هێرشەکەش ڕۆژی یەکشەممە ڕوویداوە.

گروپێکی مافەکانی مرۆڤ و بەرپرسێکی ناوخۆی وڵاتەکە ڕۆژی دووشەممە وتیان باوەڕوایە ئەو چەکدارانەی هێرشیان کردۆتەسەر گوندی بۆولۆنگۆ لە هەرێمی کیڤوی باکووری کۆنگۆ ئەندامانی هێزەکانی هاوپەیمانێتی دیموکراتی بووبێتن، چەکدارەکان ماڵەکانیان تاڵان کردووە و هەر کەسێک هاتبێتە بەردەمیان کوشتوویانە و ئاگرییان بەرداوەتە شەش ئوتومبێل.

هێزەکانی هاوپەیمانێتی دیموکراتی میلیشیایەکی ئۆگەندان و لە ساڵەکانی نەوەدەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا چالاکن و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنییان کوشتووە، زۆرینەیان لە هێرشەکانی نیوە شەودا بوون و بە چەقۆ کوشتنەکانیان ئەنجامداوە. لە ساڵی 2019 دا بووە هاوپەیمانی ڕێکخراوی داعش.

ڕێکخراوی داعشیش وتی چەکدارەکانی نزیکەی 20 هاوڵاتی مەسیحییان کوشتووە و ئاگرییان بەرداوەتە شەش ئوتومبێل، لە هێرشێکدا کە چەکی قورسییان تێدا بەکارهێناوە و دەڵێن بە پارێزراوی گەڕاونەتەوە بنکەکانی خۆیان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز