ئیسڕائیل پلانەکان بۆ دروستکردنی نزیکەی 5,300 خانووی نوێ لە جێگیرگەکانی کەناری ڕۆژئاوا پەسەند دەکات

ڕێکخراوێکی چاودێری دەڵێت حکومەتی ئیسڕائیل پلانەکانی پەسەند کردووە بۆ دروستکردنی نزیکەی 5,300 خانووی نوێ لە جێگیرگەکانی کەناری ڕۆژئاوا، ئەمەش لە نوێترین هەوڵدا لە هەڵمەتەکەیدا بۆ خێراکردنی فراوانکردنی جێگیرگەکان کە ئامانج لێی دڵنیابوونەوەیە لە کۆنتڕۆڵی ئیسڕائیل بەسەر ناوچەکەدا و ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە داهاتوودا.

ئەم بڕیارەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگە نۆ مانگەییەکەی ناو غەززە وادیارە کە دوای هەفتەیەک لە چەقبەستوویی زیندوو بووبێتنەوە. ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی نەتانیاهو بڕیاریداوە دانوستکارەکان ڕەوانە بکاتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان. ڕۆژێک لەوەوبەر، گروپی چەکداریی حەماس نوێترین وەڵامی خۆی سەبارەت بەو پێشنیاری ئاگربەستەی کە ئەمەریکا پشتگیری لێکردووە دایەوە بە نێوەندگرەکان.

هاوکات شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان چڕتر بووەوە، حزبوڵا ڕۆژی پێنجشەممە وتی زیاتر لە 200 ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقینەوەی ئاڕاستەی باکووری ئیسڕائیل کردووە وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵا ڕۆژێک لەوەوبەر لەڕێی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە.

چەندین مانگ لە تەقەکردن لە یەکتر، سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنانی گڕی تێبەربووە و ترس و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کەوتنەوەی جەنگێکی بەرفراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بووە.

ڕێکخراوی ئاشتی ئێستای دژ بە جێگیرگە ئیسڕائیلییەکان وتی ئەنجومەنی پلاندانانی باڵای حکومەتی ئیسڕائیل پلانەکانی پەسەند کردووە بۆ دروستکردنی 5,295 خانوو لە چەندین جێگیرگەدا لە سەرانسەری کەناری ڕۆژئاوادا.

ڕۆژی چوارشممە ڕێکخراوی ئاشتی ئێستا وتی ئیسڕائیل گەورەترین دەستبەسەرداگرتنی زەوی لە کەناری ڕۆژئاوادا پەسەند کردووە کە سی ساڵە شتی وا ڕووینەداوە.

نیشتەجێیەکان و لایەنگرەکانییان زاڵن بەسەر حکومەتەکەی نەتانیاهودا، وەزیری دارایی ئیسڕائیل بازەلیل سمۆتریچی نەتەوەپەرست کە خۆی نیشتەجێیەکە، وەکو بەرپرسی سیاسەتی جێگیرگەکان داندراوە و وتوویەتی کە هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی جێگیرگەکان بە خێرایی ئامانج لێیان ئەوەیە دڵنیا ببنەوە لەوەی نەتوانرێت دەوڵەتێکی فەلەستینی دروست بکرێت.

فەلەستینییەکان کەناری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم و غەززەیان دەوێت بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان، ئەو ناوچانەش لە شەڕی 1967 ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن ئیسڕائیلەوە گیران.

پەسەندکردنی دروستکردنی خانووی زیاتر لە جێگیرگەکان ڕەنگە ئەمەریکای هاوپەیمانی ئیسڕائیل بێزار بکات، کە بە ئاشکرا دژی جێگیرگەکان قسە دەکات.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 38,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

زیندووکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاگربەست هەوڵێکی دیکەی نێوەندگرە ئەمەریکایی و قەتەڕیی و میسڕییەکانە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بۆشاییەدا کە چەندین جار لە ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی ڕێککەوتن نەکرێت. حەماس ڕێککەوتنێکی دەوێت کە تێیدا هێزەکانی ئیسڕائیل بە تەواوەتی غەززە جێبهێڵن و جەنگەکە تەواو ببێت، نەتانیاهو دەڵێت جەنگەکە ناکرێت تەواو ببێت هەتاوەکو ئەو کاتەی حەماس لە ناودەبرێت.

پێشبینی دەکرێت ڕۆژی هەینی دانوستکارانی ئیسڕائیل بگەنە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ، ئەوەش بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕدا.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن وتی کۆشکی سپی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی " بە دەرەنجامێک " ناوبردووە کە " پڕۆسەکە بەرەو پێشەوە دەبات " و لە هەمان کاتیشدا هۆشداریدا و وتی هێشتا کاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە نەتانیاهو لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ بایدندا کردووە. ئۆفیسەکەی نەتانیاهو وتی نەتانیاهو بە بایدنی وتووە کە ئیسڕائیل سوورە لەسەر " تەواوکردنی جەنگەکە تەنها دوای بە دەستهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و لە ناوبردنی حەماس.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی بایدن بۆ نەتانیاهوی ڕوون کردووەتەوە کە " ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڕێککەوتنەکە بکرێت."

ئەمەریکا پشتگیری لە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە کردووە کە لە سێ قۆناغ پێکدێت، ڕێککەوتنەکە داوای ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دەکات لە بەرامبەر ئەوەشدا ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا