سوپای ئیسڕائیل ڕۆژانە وەستانێکی تاکتیکی لە غەززە ڕادەگەیەنێت بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ڕۆژانە وەستانی تاکتیکی لە چالاکییە سەربازییەکاندا لە چەند بەشێکی باشووری غەززە ڕادەگەیەنێت لە پێناو ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، کە لەوێ ڕێکخراوە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییانداوە لەسەر زیادبوونی قەیرانە مرۆییەکان تێیدا.

سوپای ئیسڕائیل وتی بەڵام شەڕەکە لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە بەردەوام دەبێت، کە لەوێ هێزەکانی ئیسڕائیل دوایین لیواکانی گروپی چەکداریی حەماس دەکەنە ئامانج.

وتیشی چالاکییە سەربازییەکان ڕۆژانە بە درێژایی شەقامی خاڵی سنووری کەریم شالۆمەوە بۆ شەقامی سەڵاحەدین و دواتر بەرەو باکوور لە کاتژمێر 5:00 تاوەکو 16:00 بە کاتی GMT دەوەستێنرێن.

سەرەڕای زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەستێک، ڕێککەوتن لەسەر ڕاگرتنی شەڕەکە هێشتا وادیارە کە دوور بێت، ئەمەش دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە دەستپێکردنی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز