ئیسرائیل هێرشی کوشندە دەکاتە سەر خان یونسی باشووری غەززە

ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشییان کردە سەر باشووری کەرتی غەززە و بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن لانیکەم 8 کەس کوژراون.

هێرشەکان بریتی بوون لە بۆردومانکردنی شاری خان یونس، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ئیسرائیل فەرمانی بە هاووڵاتییانی سڤیلی شارەکە کرد چۆڵی بکەن.

ڕۆژی سێشەممە سوپای ئیسرائیل وتی هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەیەکی خان یونس کە چەکدارەکان لەو ناوچەیەوە 20 ڕۆکێتییان ئاڕاستەی نیشتەجێیە ئیسرائیلییەکان کردووە.

سوپا وتی هاوکات هێرشی ئاسمانی زیاتر هەبوون بۆ سەر شاری ڕەفەح، ئەمە لە کاتێکدا کە هێزە پیادەکانی ئیسرائیل لەو شارەدا دژی چەکدارانی حەماس شەڕ دەکەن.

ستێفان دوجاریکی وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە فەرمانەکەی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی خان یونس دەریدەخات کە " هیچ شوێنێک لە غەززە پارێزراو نیە و هەوڵی زیاتر پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل."

ئیسرائیل چەندین جار بە فەلەستینییەکانی وتووە چەند بەشێکی دیاریکراویی غەززە چۆڵ بکەن، زۆرجار ئەمە پێش هێرشەکانی ئیسڕائیل ئەنجام دراوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا کە ئیسڕائیل دەڵێت مەبەست لێی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل بووە لە جەنگ. چۆڵکردنەکان لەگەڵ شەڕەکەدا مانای ئەوە بووە کە خەڵکەکە لە گەڕانیاندا بەدوای پارێزراوییدا ناچار بوون چەندین جار هەڵبێن.

دوجاریک وتی " ئەوە وێستگەیەکی دیکەیە لەم جووڵە بازنەییە کوشندەیەدا کە دانیشتوانی غەززە دەبێت بەردەوام پێیدا تێپەڕ ببن. لەبەر ئەمەیە کە پێویستە کۆتاییەک بۆ ئەم ململانێیە ببینین."

ئەحمەد نەجار کە دانیشتوویەکی ئەو ناوچەیەیە کە فەرمانییان پێکراوە چۆڵی بکەن، بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " دوای فەرمانی چۆڵکردنەکە ترس و دڵەڕاوکێیەکی توند بەرۆکی خەڵکەکەی گرتووە." وتیشی " ژمارەیەکی زۆر لە لە دانیشتوان ئاوارە بوون."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 38,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا