وەزیری ئاسایشی ئیسڕائیل سەردانی شوێنی مزگەوتی ئەل ئەقسا دەکات

وەزیری نوێی ئاسایشی ئیسڕائیل ئیتامار بین گڤیر

وەزیری نوێی ئاسایشی ئیسڕائیل ئیتامار بین گڤیر

وەزیری نوێی ئاسایشی ئیسڕائیل ئیتامار بین گڤیری ڕاستڕەوی توندڕەو بۆ ماوەیەکی کورت سەردانی شوێنی مزگەوتی ئەل ئەقسای ئۆرشەلیمی کرد، ئەو سەردانەش لەلایەن فەڵەستینیەکان و چەندین وڵاتی عەرەبییەوە بە توندی سەرکۆنەکرا.

بین گڤیر وتی " تێمپڵ ماونت ' مزگەوتی ئەل ئەقسا ' بۆ هەمووان کراوەیە." لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت گڤیر بە دەوروبەری شوێنەکەدا دەسوڕێتەوە، هێزەکانی ئاسایش دەورییان داوە و هاوەڵێکی جووی ئۆرثۆدۆکسی لەگەڵدایە.

جێی ئاماژەیە لە مزگەوتی ئەل ئەقسادا یاخود تێمپڵ ماونت تەنها موسوڵمانەکان دەتوانن نوێژ بکەن.

لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ هێورکردنەوەی کاردانەوەکان لەسەر سەردانەکە، ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی وەزیرەکەی ئیسڕائیل بە تەواوەتی پابەندە بە دۆخە هەنووکەییە دەیان ساڵەیییەکەی شوێنەکەوە کە تەنها ڕێگە بە موسوڵمانەکان دەدات نوێژی تێدا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی ئەمەریکا کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە سەردانی وەزیرەکەی ئیسڕائیل بۆ ئەو شوێنە، وتی هەر کردەوەیەکی تاکلایەنانە کە ببێتە هۆی ئەوەی دۆخی هەنووکەیی شوێنە پیرۆزەکانی ئۆرشەلیم بخاتە مەترسییەوە جێی قبوڵکردن نیە.

بەرپرسێکی ئیسڕائیل وتی سەردانە 15 خولەکییەکەی ئەندامە باڵاکەی حکومەتە نوێیەکەی نەتانیاهو، بەپێی ڕێککەوتنێک بووە کە مێژووەکەی بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و تیایدا ڕێگە بە نامسوڵمانەکان دەدات سەردانی شوێنە پیرۆزەکە بکەن، بەڵام بەو مەرجەی نوێژ نەکەن تیایدا.

بین گڤیر لە مزگەوتەکە نزیک نەبۆتەوە.

سەرەڕای ئەوەی سەردانەکە بەبێ هیچ ڕووداوێک تێپەڕی، مەترسییەک دروست دەکات لەسەر خراپتربوونی ڕەوشەکە لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا، لە کاتێکدا کە توندوتیژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کرد.

سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان موحەمەد شتییە داوای لە فەڵەستینییەکان کرد " ڕووبەڕووی هەڵکوتانەکان بۆ سەر مزگەوتی ئەل ئەقسا ببنەوە." بین گڤیری تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ڕێکخستنی سەردانەکە وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی شوێنە پیرۆزەکە بۆ " پەرستگایەکی جووەکان."

ئیسڕائیل ئەو جۆرە پلانانە ڕەت دەکاتەوە.

ئوردن کە ڕاسپێردراوە بە پاراستنی ئەل ئەقسا و ڕێککەوتنە ئاشتییەکەشی لەگەڵ ئیسڕائیلدا لە ناوخۆی وڵاتەکەدا پشتیوانییەکی زۆری لێناکرێت، بانگی باڵیۆزی ئیسڕائیلی کردووە لە وڵاتەکەدا و وتی سەردانەکە یاسای نێودەوڵەتی و " دۆخی هەنووکەیی مێژوویی و یاسایی ئۆرشەلیمی " پێشێل کردووە.

بین گڤیر هەوڵیداوە قەدەغەکردنی نوێژکردنی جووەکان لە شوێنەکەدا لاببات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەگەڵ نەتانیاهودا ڕێککەوتووە، پابەندییەکی زۆری نەماوە بەو هەوڵانەیەوە. بەڵام ئەندامانی پارتەکەی، پارتی دەسەڵاتی جووەکان، هێشتا هەوڵی بۆ دەدەن.

دەرکەوتنی بین گڤیر لە حکومەتەکەی نەتانیاهودا کە یەکێکە لە ڕاستڕەوترین توندڕەو لە مێژووی ئیسڕائیلدا، توڕەیی فەڵەستینییەکانی زیاتر کرد سەبارەت بە هەوڵە شکستخواردووەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز