ئیسڕائیل دەست دەکات بە پێدانی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە منداڵان

ئیسڕائیل دەستیکرد بە هەڵمەتی پێدانی ڤاکسین بە منداڵانی تەمەن 5-11 ساڵ بە بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر-بایۆنتێک، ئەمەش لە هەوڵێکیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون لەمدواییانەدا.

لە مانگی شەشدا ئیسڕائیل ڕووبەڕووی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەوە، لە مانگی نۆدا خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە جارێکی دیکە کەم بۆوە. بەڵام لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە زیادبوونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی پێدەچێت ڤایرۆسەکە جارێکی دیکە خێرا بڵاوببێتەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا حاڵەتەکانی توشبوونی ڕۆژانە زیادبوونەتەوە، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی توشی ڤایرۆسەکە بوون منداڵانی 11 ساڵ و خوار ئەو تەمەنەن.

جێی ئاماژەیە لە کۆی 9.4 ملیۆن دانیشتووەکەی ئیسڕائیل، 1.2 ملیۆن منداڵی تەمەن 5-11 ساڵ هەیە، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل تاوەکو مانگی یانزە زیاتر لە سێیەکی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەو تەمەنانەدا بوون.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە لە ئیسڕائیل، 1.3 ملیۆن حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە و هەروەها زیاتر لە 8000 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت نزیکەی لە سەدا 57 ی دانیشتوانی ئیسڕائیل بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز