وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان: پیاوێکی فەڵەستینی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەکوژرێت

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان دەڵێت لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیل پیاوێکی فەڵەستینییان کوشتووە.

تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا وتیان لانیکەم شەش فەڵەستینی دیکە بە دوو ڕۆژنامەنووسیشەوە بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئیسڕائیلەوە بریندار بوون و دەیان کەسیش گازی فرمێسک ڕژێنیان پێدا کراوە و چارەسەرییان وەرگرتووە.

ڕووبەڕووبوونەوەکە کاتێک ڕوویدا کە هێزەکانی ئیسڕائیل گەمارۆی ماڵی سەلمان عیمرانیاندا لە شارۆچکەی دەیر ئەل حەتابی ڕۆژهەڵاتی شاری نابلوس، ئیسڕائیل دەڵێت سەلمان عیمران ئەندامێکی گروپی چەکداری حەماسە.

سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی مەبەست لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دەستگیرکردنی سەلمان عیمران بووە، کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت دەستی هەبووبێت لە هێرشەکانی ڕۆژی یەکشەممەی دژ بە ئیسڕائیلییەکاندا لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت دوابەدوای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان، سەربازەکان گەمارۆی ماڵی عیمرانیان داوە، دوای ئەوەی عیمران لە ژوورەوە تەقەی لە هێزەکان کردووە، سەربازەکان بە تەقە وەڵامییان داوەتەوە.

لە نامەیەکی دەنگیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە، عیمران دەڵێت شەڕی لەگەڵ سەربازانی ئیسڕائیلدا کردووە و داوای لە پیاوەکانی دیکەش کردووە شەڕ بکەن.

شایەتحاڵان دەڵێن دەیان چەکداری فەڵەستینی تەقەیان لە هێزەکانی ئیسڕائیل کردووە، لە هەوڵێکدا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسڕائیلییەکان.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکان، عیمران لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە دەستگیرکراوە و لە ماڵەکەی هێندراوەتە دەرەوە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتی ئەو پیاوەی کە کوژراوە ناوی عەلا زەغال بووە و فیشەکی لە سەری داوە. تیمەکانی تەندروستی فەڵەستینیەکان دەڵێن پیاوەکە چەکی پێنەبووە کاتێک کە هێزەکانی ئیسڕائیل لە نزیک دەروازەی شارۆچکەکەدا تەقەیان لێکردووە، دوور لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەکە.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت هێرشبەرەکە لە میانەی شەڕە تەقەدا کوژراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز