هێزەکانی ئیسڕائیل شۆفێرێکی فەڵەستینی دەکوژن

هێزەکانی ئیسڕائیل، کەناراوەکانی ڕۆژئاوا

هێزەکانی ئیسڕائیل لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا لە هەلومەرجێکی نادیاردا تەقەیان لە شۆفێرێکی فەڵەستینی کردووە و کوشتوویانە، ئەمەش نوێترین قوربانییە لە نێوەندی زیادبوونی توندوتیژییەکاندا.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت پیاوەکە ویستوویەتی بە ئوتومبێلەکەیەوە لە هێزەکانی ئیسڕائیل بدات، بەڵام خێزانی پیاوەکە دەڵێن باوەڕییان وایە کۆنتڕۆڵی ئوتومبێلەکەی لە دەستدابێت.

وەزارەتی دەرەوەی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان سەرکۆنەی کوشتنەکەی کرد و وتی بە مەبەست بووە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە لێدوانەکانی هەردوولا پشتڕاست بکاتەوە.

ڕووداوەکە لە نزیک شاری نابلوسی باکووری کەناراوەکانی ڕۆژئاوا ڕوویداوە، ئەو شارەش ناوچەی سەرەکی توندوتیژییەکانی چەند مانگی ڕابردوو بووە.

سوپای ئیسڕائیل وتی سەربازێک و ئەفسەرێکی پۆلیس ئوتومبێلێکییان بینیوە و بە خێرایی بەرەو ڕووی ئەوان ڕۆیشتووە و دیار بووە کە دەیەوێت بە ئوتومبێلەکەوە خۆی بکێشێت بە هێزەکانی ئیسڕائیلدا. دواتر سەربازەکە تەقەی لە ئوتومبێلەکە کردووە، گومانێلکراوە " کوژراوە."

خێزانی شۆفێرەکە مردنەکەیان پشتڕاست کردەوە و وتیان باوەڕییان وایە باوکە تەمەن 36 ساڵەکە کە مامۆستاش بووە ڕەنگە کۆنتڕۆڵی ئوتومبێلەکەی لە دەستدابێت.

دوای ئەوەی ئیسڕائیل لە 31 ی مانگی سێدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی برەیکوۆتەری دژی چەکدارە فەڵەستینییەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا دەستپێکرد، تاوەکو ئێستا لانیکەم 70 فەڵەستینی کوژراون، ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسڕائیلیش وەکو وەڵامێک بوو بۆ هێرشە کوشندەکانی فەڵەستینییەکان لەسەر شەقامەکانی ئیسڕائیل. ئەو 70 کەسەش هاوڵاتی مەدەنی و چەکداریشیان تێدا بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز