یەک ساڵ بەسەر هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل تێپەڕ دەبێت

سوپای ئیسڕائیل وتی ڕۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر شوێنەکانی حەماس لە سەرانسەری غەززەدا، ئەمەش یەک ساڵ دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێک کە ئێستا پەرەی سەندووە بۆ لوبنان و مەترسی دروست کردووە لەسەر کەوتنەوەی ململانێیەک لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

ئامانجەکان بریتی بوون لەو شوێنانەی کە حەماس ڕۆکێتی لێوە هەڵداون. حەماس ڕۆژی دووشەممە وتی ڕۆکێتی ئاڕاستەی تەل ئەڤیڤی دووەم گەورەترین شاری ئیسڕائیل و چەند ناوچەیەکی نزیک خاڵە سنوورییەکانی باشووری ئیسڕائیل کردووە.

ئیسڕائیل زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە دەوروبەری تەل ئەڤیڤ و ناوەڕاستی ئیسڕائیل لێدا لە وەڵامی ئەو ڕۆکێتانەدا کە لە غەززەوە هەڵدراون.


ڕۆکێتەکانی حزبوڵا لە شاری حەیفای باکووری ئیسڕائیلییاندا کە لەوێ میدیاکانی ئیسڕائیل وتیان لانیکەم 10 کەس بریندار بوون.

حزبوڵا وتی بنکەیەکی سەربازیی ئیسڕائیلییان لە باشووری حەیفا کردووەتە ئامانج.

کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە یادی ساڵڕۆژی هێرشەکان دەکاتەوە.

بایدن بەیانی زووی ڕۆژی دووشەممە وتی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو " وەکو ڕۆژێکی ڕەش یاد دەکرێتەوە بۆ گەلی فەلەستینی بەهۆی ئەو شەڕەوە کە حەماس لەو ڕۆژەدا دەستیپێکرد."

وتیشی " ناوەستین لە کارکردن بۆ بە دەستهێنانی ڕێککەوتنێکی ئاگربەستێک لە غەززە کە بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەوە و ڕێگە بە زیادبوونی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەدات و یارمەتیدەریش دەبێت لە کەمکردنەوەی ناڵاندنەکان، هەروەها گرەنتی ئاسایشی ئیسڕائیل دەدات و کۆتایی بەم جەنگە دەهێنێت. ئیسڕائیلییەکان و فەلەستینییەکان هەردووکیان وەکو یەک شایەنی ئەوەن لە ئاسایش و ئاشتی و شکۆدا بژین."

ڕۆژی دووشەممە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی ئیسڕائیل دڵنیا دەبێتەوە لەوەی خەڵکەکەی بتوانن بە پارێزراویی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانییان و هەرچی لە توانادا هەبێت ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی بارمتە گیراوەکان لە غەززە بۆ ماڵەوە.

گالانت وتی " ئەمڕۆ زیاد لە هەموو کاتێکی تر بەرپرسیارێتییەکی قووڵمان لەسەر شانە بۆ بەردەوام بوون لە گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ شکستهێنان بە دوژمنانمان و بەرگریکردن لە خاکەکەمان."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ گالانت جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا کردەوە بۆ بەرگریکردنی ئیسڕائیل لە خۆی.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر وتی ئۆستن " جەختی لە پابەندبوونە جێگیرەکەی ئەمەریکا کردووەتەوە بۆ ئاسایشی ئیسڕائیل، ئاگربەست لە غەززە و چارەسەرێکی سیاسیی کە دەبێتە هۆی گەڕانەوەی دانیشتوان بە پارێزراویی بۆ ماڵەکانییان لە هەردوولای سنوورەکەی نێوان ئیسڕائیل و لوبنانەوە."

چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسییان کوشت و 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت، هێشتا 100 کەسییان لە غەززە بە دەستبەسەرکراویی ماونەتەوە و سێیەکی ئەو ژمارەیەش باوەڕوایە مردبێتن.

لە وەڵامی ئەو هێرشەدا ئیسڕائیل دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە و وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت نزیکەی 42,000 فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە 97,000 کەسی دیکە برینداربوون. وەزارەتی تەندروستی غەززە نەیوتووە چەند کەس لەو ژمارەیەی کە کوژراون چەکدار بوون، بەڵام وتوویەتی نیوە زیاترییان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا