لە کاتێکدا کە نێوەندگران گەشبینی خۆیان دەربڕی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززەدا، ڕۆژی شەممە توندوتیژییەکان لە کەرتی غەززەدا زیاتر بوون، لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا لانیکەم 18 کەس کوژراون کە سەرجەمییان سەر بە یەک خێزان بوون.
هێرشەکە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات وەزارەتی تەندروستی سەر بە حەماس لە غەززە ڕایگەیاند ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە جەنگەکەدا 40,000 کەسی تێپەڕاندووە، هەروەها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات بەرپرسانی ئەمەریکا و میسڕ و قەتەڕ کۆتاییان بە گفتوگۆ دوو ڕۆژەییەکەیان هێنا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە غەززەدا و وتییان ئومێدیان بەوەیە دەکرێت بگەن بە ڕێککەوتنێک.
سێ وڵاتە نێوەندگرەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتییان پێشنیارێک کراوە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو لە قاهیرە کار لەسەر وردەکارییەکانی بکەن لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
هەوڵەکانی نێوەندگران سەنگییان خستووەتە سەر ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان و وەستاندنی شەڕەکە و گەیاندنی یارمەتی زیاتر بۆ غەززە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدەن گرژییەکانی ناوچەکە کەم بکەنەوە کە مەترسی دروستکردووە لەسەر پەرەسەندنییان بۆ جەنگێکی بەرفراوانتر، ئەمەش لە نێوەندی ترس و نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی حزبوڵای لوبنان و ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو تۆڵەیەک لە کوژرانی سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵا.
نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە دەیرەلبەلا وتی ڕۆژی شەممە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل لە ماڵێکیداوە کە نزیک بووە لە کۆگایەکەوە کە ئاوارەکانی تێدا بووە، لە شارۆچکەی زەوایدە.
سوپای ئیسڕائیل وتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات، ڕۆژی شەممە وتی بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارەکان لە ناوەڕاستی غەززەدا، بەو چەکدارەشەوە کە ڕۆکێتی بە ئاڕاستەی هێزەکانی ئیسڕائیل هەڵداوە. هاوکات ئیسڕائیل فەرمانی چۆڵکردنی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی غەززە دەرکرد. وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل وتی دەبێت فەلەستینییەکانی ناو و دەوروبەری کامپی پەنابەرانی مەغازی چۆڵی بکەن. وتی هێزەکانی ئیسڕائیل لەو ناوچانەدا کار دەکەن وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە ڕۆکێتییەکانی فەلەستینییەکان.
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. ئیسڕائیل دەڵێت زیاتر لە 17,000 چەکداری حەماسی کوشتووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا