هاوکاتی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، شاندێکی ئەمەریکا لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆدەبنەوە

دانیشتوانی غەززە دەڵێن فڕۆکە جەنگی و تانکەکانی ئیسڕائیل سەرانسەری ناوچەکانی کەرتی غەززەیان بۆردومان کردووە، هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆبووەویەوە و داوای لە ئیسڕائیل کرد لە هێرشە سەربازییەکانیدا وردتر بن.

کۆشکی سپی پێش گفتوگۆکان وتی پێشبینی دەکرێت سۆلیڤان فشار بخاتە سەر ئیسڕائیل تاوەکو بە شێوازێکی بە ئامانجکردن لە چەکدارانی حەماس بدات، نەک بە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری غەززە.

ئیسڕائیل پێشڕەوی کردووە بۆ ناو شارەکە و دەڵێت کۆتا شوێنی چەکدارانی حەماسە لە کەرتی غەززەدا. هەزاران هاووڵاتی سڤیلی فەلەستینی لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززەوە هەڵاتوون بۆ ئەو شارە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

سەحەر عومران کە خێزانەکەی لە ڕەفەح هەڵاتوون و گەڕاونەتەوە بۆ ماڵە خاپوورکراوەکەیان لە شاری خان یونسی باشوور، بە ڕۆیتەرزی وت " هیچ پارێزراوییەک نیە لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا." سەحەر و خێزانەکەی پێنج مانگ لەمەوبەر لە خان یونس هەڵاتن بۆ ڕەفەح.

عومران لە خانووە خاپوورکراوەکەیاندا بە ڕۆیتەرزی وت " منداڵ و نەوە و کچەکانمان هێنا و هاتووین لەسەر ماڵە خاپووربووەکەمان بژین. چونکە لێرە هیچ پەناگەیەک نیە."

دانیشتوان دەڵێن شەوی ڕابردوو هێزەکانی ئیسڕائیل پێشڕەویییان کردووە بۆ ناو شاری جەبەلییەی باکووری غەززە، بەمەش گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کە پێشتر ڕایانگەیاندبوو لە چەکدارانی حەماس پاککراوەتەوە.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە جەبەلییە وردن و مەبەست لێیان ڕێگریکردنە لە دووبارە گرتنەوەی ناوچەکە لەلایەن حەماسەوە. جەبەلییە کامپێکی مێژوویی گەورەی پەنابەرانی تێدایە کە گەورەترین کامپە لە هەشت کامپەکەی ناو غەززەدا.

سوپای ئیسڕائیل وتی " کاردەکات بۆ ناسینەوەی خانە چەکدارەکانی تیرۆریستان و ئەنجامدانی دەیان هێرشی ئاسمانی بۆ یارمەتیدانی هێزە پیادەکان لە ناوچەی جەبەلییەدا."

پێش گفتوگۆکانی ڕۆژی یەکشەممە، بەرپرسێکی ئیسڕائیل وتی سەرۆک وەزیر بنیامین نەتانیاهو و یاریدەدەرە باڵاکانی هەوڵ دەدەن بگەن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ سۆلیڤاندا سەبارەت بە پێویستییەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر ڕەفەح.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت ڕەنگە گومان و نیگەرانییەکانی پێشووی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕێوشوێنە مرۆییەکانی ئیسڕائیل بەهۆی چۆڵکردنی نزیکەی نیوەی فەلەستینییەکانی شارەکە لە ماوەی 12 ڕۆژدا کەم بووبێتەوە.

وتی " پیشانماندا کە ئەمە نەک تەنها پێویستە بەڵکو دەشکرێت ئەنجام بدرێت."

بەرپرسەکە وتی ئیسڕائیل نیگەرانییەکانی خۆشی دەردەبڕێت سەبارەت بە دەیان تونێل کە وەکو خۆی دەڵێت هێزەکانی ئیسڕائیل لە ژێر ڕەفەحدا دۆزیویاننەتەوە کە دەچنەوە سەر میسڕی دراوسێ.

جێگری دادوەری دەوڵەتی ئیسڕائیل نۆوام گیلاد لە ماوەی دانیشتنێکدا لە هاگ وتی " ئەم تونێلانە لەلایەن حەماسەوە بەکارهێندراون بۆ دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلەکان بۆ خۆی، دەشکرێت بەکاربهێندرێت بۆ دەرکردنی بارمتەکان لە غەززە یاخود ئەندامانی باڵای حەماس بە قاچاخ." دەزگای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی میسڕ پێشتر ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

نەتانیانو وتی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕەفەح کە ئیسڕائیل باوەڕی وایە یەک لەسەر چواری چەکدارانی حەماسی لێبێت و خۆیان حەشاردابێت، ڕەنگە لە چەند هەفتەیەکدا تەواو ببێت.

واشنتن نیگەرانی ئەو سەدان هەزاران فەلەستینییەیە کە ڕەفەحییان وەکو پەناگە بەکارهێناوە، هەروەها وتوویەتی پێویستە لەوێ بگوازرێنەوە، بەڵام داواشیکردووە بۆ شوێنێک بگوازرێنەوە کە گونجاو بێت و پێداویستییان بۆ دابین بکرێت.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە و حەماس دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە لانیکەم 28 فەلەستینی کوژراون، زۆربەیان لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر خانوویەک لە نوسیرەتی ناوەڕاستی کەرتی غەززە کوژراون.

دەزگای فریاکەوتنی خێرای مەدەنی غەززە لە بەیاننامەیەکدا وتی تیمەکانی فریاگوزاری لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا تاوەکو ئێستا لاشەی 150 فەلەستینی کوژراوییان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن سوپاوە کوژراون، وتیشی 300 خانوو بەهۆی هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکانەوە لێیان دراوە.

شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە 7 ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکردووە کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بووە هۆی گرتنی نزیکەی 250 بارمتە، بەپێی وتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل.

بە پێی وەزارەتی تەندروستی غەززەش بەهۆی هێرشە بەرپەرچدانەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە زیاتر لە 35 هەزار فەلەستینی کوژراون کە بریتیین لە خەڵکی سڤیل و چەکدارانی حەماسیش، بەڵام دەڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز