ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان لە ژوورە پارێزراوەکانی خۆیاندا خۆیان حەشاردابوو لە کاتێکدا بێ بەزەییانە تەقەیان لێدەکرا و دەکوژران. خانووەکان دەسوتێندران و خەڵکەکەش هێشتا لە ناوییاندا بوون. منداڵانیش ناچار دەکران بچنە ژوورێکەوە و دەکوژران.
بۆ زۆرێک لە ئیسڕائیلییەکان و جووەکانی سەرانسەری جیهان، ئەو کارە ترسناکانەی کە چەکدارانی حەماس لە ماوەی هێرشە کتوپڕەکەیاندا بۆ سەر کۆمەڵگەکانی باشووری ئیسڕائیل ئەنجامییاندا، بیرەوەرییەکی بە ئازاری کارەساتێکی زۆر گەورەتری بەبیر هێناوە، کە ئەویش هۆڵۆکۆستە.
لە مێژە هۆڵۆکۆست بە کارەساتێک ناسراوە کە ئەوەندە ترسناکە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە هیچ شتێک، ئێستا ئیسڕائیلییەکان شتێکی هاوشێوە دەبینن لە نێوان کوژرانی 6 ملیۆن جوو لە ئەوروپا هەشتا ساڵ لەمەوبەر و دوایین کارەساتەکانی ئەمدواییانە کە بەسەرییاندا هات، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئەم هێرشەی حەماس چەندە تۆقێنەر بووە بۆ وڵاتێک کە لە خۆڵەمێشەکانی جەنگی جیهانی دووەمەوە سەریهەڵدا و وەکو پەناگەیەکی پارێزراو بۆ جووەکان دروستکرا.
شیکەرەوەی سیاسیی بێن کاسپیت لە ڕۆژنامەی ماریڤدا دەنوسێت " توند بووم لەوەدا کە وشەی " شاو " لە هیچ چوارچێوەیەکدا نەنوسم جگە لە هۆڵۆکۆست." شاو بە زمانی هیبرو واتە هۆڵۆکۆست، کۆمەڵکوژی جووەکان. وتیشی " کاتێک منداڵە جووەکان لە ژوورێکی پارێزراودا خۆیان دەشاردەوە و دایک و باوکەکانیشیان نزایان دەکرد بۆ ئەوەی منداڵەکانییان نەگرین، بۆ ئەوەی بکوژەکان نەیەنە ژوورەوە و خانووەکە نەسوتێنن. ئەوە شاوە."
تۆڵەکەی ئیسڕائیلیش دژی حەماس لە غەزە، دەوترێت هاوشێوەی " تراجیدیای مەزنی فەڵەستینییەکانە " کە بە " نەکبە " ناسراوە، کاتێک سەدان هەزاران فەڵەستینی لە دوای جەنگەکەی ساڵی 1948 ەوە هەڵاتن یاخود ناچارکران هەڵبێن، ئەو جەنگەش بووە هۆی دامەزراندنی ئیسڕائیل. زۆرێک لە فەڵەستینییەکان لە لێشاوێکی گەورەی بە کۆمەڵی دیکەی ئاوارەبوون دەترسن دووبارە ببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل فەرمانیکرد باکووری غەزە چۆڵ بکرێت.
چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر، لە یەکچوواندنی هەر ڕووداوێک بە هۆڵۆکۆست بە توندی سەرکۆنە دەکرا و دەوترا بە کەم زانینی ڕووداوەکەیە و کەمکردنەوەیە لە ترسناکی تاوانەکانی نازی.
ئەوەش لەم ساڵانەی ڕابردوودا دەستی بە سەرهەڵدان کردووە، لەگەڵ ئەوەدا کە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ئاماژەی بە نازییەکان کردووە کاتێک باسی لە ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کردووە، هەروەها خۆپیشاندەرانی لایەنە سیاسییە ڕکابەرەکانیش یەکترییان بە " نازی " ناوبردووە. هێشتا ئەم ڕووداوانە دەگمەنن و زۆرجار ڕەخنەیان بەدوادا دێت.
بەڵام ترسناکییەکانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، کە لانیکەم 1300 ئیسڕائیلی تێدا کوژرا، ئیسڕائیلی خستە ناو گەورەترین ترسییەوە و بیرەوەری گەورەترین ترسی جووەکانی زیندووکردەوە.
حەماس لە پشوویەکی سەرەکی جووەکاندا و بە شێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و هێرشییان کردە سەر گوندەکان و دانیشتوانی ناوچە ئیسڕائیلییەکانییان کوشت کە هێشتا لە خەودا بوون.
چەکدارانی حەماس لانیکەم 260 کەسییان لە ئاهەنگێکی میوزیکدا کوشت، ڕزگاربووانیش چیرۆکی ترسناک دەگێڕنەوە لەسەر ئەو شێوازەی چەکدارانی حەماس بەکارییان هێناوە بۆ کوشتنی خەڵکەکە.
دەیان کەس وەکو بارمتە گیران و بە ماتۆڕەوە ڕاکێشران بۆ ناو غەزە. هەندێک لە مردووەکان و دەستگیرکراوەکان ڕزگاربووانی هۆڵۆکۆست بوون.
سەرکردەی یەکێک لەو هێزانەی کە گوندە گەمارۆدراوەکانی ئیسڕائیلییان ئازاد کرد، جەنەڕاڵ ئیتای ڤیروڤ، وتی " ئەمە کۆمەڵکوژییە. ئەمە بەرنامەیەکە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ کۆمەڵکوژییە مێژووییەکانی جووەکانی ئەوروپا.
لە هۆڵۆکۆستدا، نازییەکان ڕابەرایەتی هەڵمەتێکی کومەڵکوژییان دەکرد، زۆرێک لە جووەکانی ئەوروپایان کۆدەکردەوە و دەیانکوشتن، ئەوانی دیکەیان ڕەوانەی کامپەکانی کارکردنی زۆرەملێ دەکرد.
ئیسڕائیل پاراستنی جووەکانی لەو جۆرە کارە دڕندانە کردووە بە ئەرکێکی سەرەکی دەوڵەت. زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکان وڵاتەکەیان وەکو پەناگەیەک سەیر دەکەن، وڵاتێک بە سوپایەکی بەهێزەوە کە دەتوانێت سەرەڕای مەترسییەکانی ناوچەکە جووەکان بپارێزێت. زۆرێک لەو جووانەی کە لە دەرەوەشن هەمان هەستییان هەیە و ئیسڕائیل وەکو پەناگەیەکی پارێزراو دەبینن لە حاڵەتێکدا ئەگەر دووبارە هەوڵی لەناوبردنی جووەکان بدرێتەوە.
لە کاتێکدا کە هێرشەکەی حەماس نزیکیش نەبووەوە لە فراوانی هۆڵۆکۆست، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کوشندەترین ڕۆژ بووە بۆ ئیسڕائیل و کوشتنەکان برینێکییان دووبارە کردەوە کە چەندین ساڵە لە زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکاندا هێشتا تازەیە.
نەتانیاهو کوشتنی خەڵکەکەی لە ئاهەنگی میوزیکەکەدا بەراورد کرد بە کۆمەڵکوژی بابی یار، یەکێک لە بەناوبانگترین کۆمەڵکوژییەکان لە جەنگی جیهانی دووەم، کە تێیدا زیاتر لە 33,000 جوو کوژران. وتیشی ئیسڕائیل هەرگیز ئەوە لە بیر ناکات. ئیسڕائیل بەڵێنیداوە هەرگیز ڕێگە نەدات هۆڵۆکۆست لە بیری جیهاندا کاڵ ببێتەوە. دانی کوشمارۆ، کە بێژەرێکی هەواڵەکانە، بە چەکدارانی حەماس دەڵێت " ئەو نازییانە."
هاوپەیمانەکانی ئیسڕائیلیش لە دەرەوە باسییان لەو لەیەکچوونە کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بە باوکی خێزانەکەی خۆیدا کە لە ئێستادا لە ژیاندا نەماوە و پێشتر ڕزگاربوویەکی هۆڵۆکۆست بووە، ئەوەش لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ ئیسڕائیل و وتی " هێرشەکان زەنگێکی ترسناکی " کۆمەڵکوژییەکەی نازییان لێدایەوە.
بیرەوەری کوشتنی بەکۆمەڵی جووەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بووە. ڕۆژێکی یادکردنەوەی هەیە کە ئیسڕائیلییەکان تێیدا بۆ ماوەی خولەکێک لە ژێر زەنگی ئاگادارکردنەوەدا دەوەستن، ئەوەش بۆ یادکردنەوەی مردووەکان. هۆلۆکۆست لە قوتابخانەکاندا بە قووڵی دەخوێندرێت. گروپەکانی گەنجان و سەربازان سەردانی کامپەکانی مەرگ دەکەن لە ئەوروپا. ئەو کەسایەتییە دیارانەشی کە سەردانی ئیسڕائیل دەکەن دەبرێنە میمۆڕیاڵی هۆڵۆکۆستی وڵاتەکە.
مێژووناسی ئیسڕائیلی، تۆم سێگیڤ دەڵێت سروشتییە ئەگەر ئیسڕائیلییەکان پەیوەندی لە نێوان هێرشەکەی حەماس و ئەو ترسەدا دروست بکەن کە لە ناخیاندایە. وتی " خەڵک لە ئیسڕائیل ئەمە بە دڕندانەترین کار دەزانێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا