بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن 18 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون

بەرپرسانی تەندروستی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، دەڵێن بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر شارەکانی ڕەفەح و دەیرولبەلەحی غەززە 18 فەلەستینی کوژراون، لە کاتێکدا کە دانیشتوانی غەززە لەوە دەترسن ئیسڕائیل هێرشە زەمینییەکەی فراوانتر بکات بۆ ناو ئەو ناوچانەی کە خەڵکەکە ڕوویان تێکردوون و وەکو پەناگە بەکارییان دەهێنن.

ڕەفەح دەکەوێتە باشووری غەززەوە و سنووری بە میسڕەوەیە و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی هەڵاتوون بۆ ئەو شارە و وەکو پەناگەیەک بەکارییان هێناوە.

بەرپرسانی تەندروستی لە غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ماڵێک لە ڕەفەح 14 کەس کوژراون و ژن و منداڵیشییان تێدایە.

سوپای ئیسڕائیل ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئاسمانییەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. وتەبێژێکی سەربازیی ئیسڕائیل وتی " بە پێچەوانەی هێرشە بە مەبەستەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر پیاو و ژن و منداڵانی ئیسڕائیلی، هێزی بەرگری ئیسڕائیل یاسای نێودەوڵەتی پەیڕەو دەکات و ڕێوشوێنی وریایی دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی سڤیل."

هاوکات لە شاری دەیرولبەلەح کە دووەمین گەورەترین شوێنی ئاوارەکانە، تیمەکانی تەندروستی وتییان چوار کەس لە ماڵێکدا بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە کوژراون.

سەرەڕای ئەوەی ئیسڕائیل سەنگی خستووەتە سەر هێرشەکانی لە باشووری غەززە، دانیشتوان و چەکداران دەڵێن شەڕەکە لە شاری غەزەش بەردەوام بووە.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن دوو کەس بە تەقەی نیشانشکێن کوژراون. هێزەکانی ئیسڕائیل گەڕەکەکانی باشووری تەل ئەلهەواش خەڵکییان دەستگیر کردووە.

سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانی دەیان چەکداری فەلەستینییان لە باکووری غەززە کوشتووە.

وتی " لە ماوەی هێرشە بە ئامانجەکاندا لە باکوور و ناوەڕاستی کەرتی غەززە، هێزی بەرگری ئیسڕائیل دەیان تیرۆریستییان کوشتووە و ژمارەیەکی زۆر لە موشەک هاوێژەری دژە تانکییان لە ناوبردووە."

حەماس و جیهادی ئیسلامی و گروپە چەکدارییە بچووکترەکانی دیکەی فەلەستینییەکان لە بەیاننامەی جیادا وتییان چەکدارەکانییان بەردەوامن لە شەڕە سەختەکەیان دژی سوپای ئیسڕائیل لە باکوور و باشووری غەززەدا.

بەرپرسی یەکێک لە گروپە چەکدارییەکان وتی " هەتاوەکو هێزەکانی داگیرکەر زیاتر بمێننەوە، زیاتر لێیان دەدەین. شەهیدێک دەکەوێت، شەهیدێکی دیکە هەڵدەستێت و چەکەکە هەڵدەگرێت، ئێمە ئامادەین بۆ شەڕکردن بۆ چەند مانگێکی زۆر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز