سوپای ئیسڕائیل دەڵێت لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەیان چەکدار لە غەززە کوژراون

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە وتی دەیان چەکدارییان لە کەرتی غەززە کوشتووە، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە لە هەوڵێکدا بۆ وەستاندێکی دیکەی شەڕەکە.

هێزی بەرگری ئیسڕائیل وتی ڕۆژی ڕابردوو هێرشی زەمینی و ئاسمانییان لە خان یونسی باشوور و باکوور و ناوەڕاستی غەززەدا ئەنجامداوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت شەڕەکە لە خان یونس خەڵکە سڤیلەکە ناچار دەکات زیاتر بەرەو باشوور بڕۆن بۆ ڕەفەح، نیوە زیاتری دانیشتوانەکەی غەززە ڕوویان لە ڕەفەح کردووە کە دەکەوێتە باشووری غەززەوە و سنووری بە میسڕەوەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی لە سەدا 75 ی دانیشتوانی غەززە ماڵەکانییان جێهێشتووە، دەشڵێت خەڵکی غەززە ڕووبەڕووی " کەمبوونەوەیەکی مەترسیداری خۆراک و ئاو و پەناگە و دەرمانی تەندروستی " بوونەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی ئاگربەست پێشنیار کرا، ئەگەر حەماس و ئیسڕائیل لەسەری ڕێبکەون ئەوا یارمەتی زیاتر ڕەوانەی غەززە دەکرێت و بارمتە ئیسڕائیلییەکانیش کە لەلایەن حەماسەوە گیراون ئازاد دەکرێن.

بەرپرسانی ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕ هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوە و ئاگربەستێکییان پێشنیار کرد، ڕابەرانی حەماسیش هەفتەیەکە بیری لێدەکەنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ماوەی گەشتەکەیدا سەردانی هەریەک لە وڵاتانی سعودیە و میسڕ و قەتەڕ و ئیسڕائیل دەکات، هاوکات سەردانی کەناری ڕۆژئاواش دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " وەزیر بەردەوام دەبێت لە هەوڵە دیبلۆماتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا ماونەتەوە و یارمەتی زیاتریش دەگەیەندرێتە هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە."