بەرپرسانی حەماس دەڵێن لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە ناوەڕاستی غەززە 210 فەلەستینی کوژراون

بەپێی وتەی بەرپرسانی حەماس، لە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 200 فەلەستینی لە ناوچەی ئەلنوسیەراتی ناوەڕاستی غەززە کوژراون.

تۆزێک پێش ئەم هەواڵەش، وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت ڕایگەیاند تەرمی لانیکەم 55 فەلەستینی کە لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ناوچەکانی ئەلنوسیەرات و ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاستی غەززەدا کوژراون، ڕۆژی شەممە گەیشتوونەتە مزگەوتی شەهیدانی ئەلئەقسا.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبەردەم نەخۆشخانەکەدا وتی نەخۆشخانەکە کە یەکێکە لەو نەخۆشخانە کەمانەی کە هێشتا لە غەززەدا کاردەکەن، لە ئێستادا تەنها بە یەک بزوێنەر کاردەکات و دەکرێت لە کاربکەوێت، لە کاتێکدا کە دەیان کەس لەسەر شەقامەکان بریندارن.

سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئیسڕائیل چوار بارمتەی زیندوویان لە دوو شوێنی جیاواز لە ناوچەی ئەلنوسیرەتی ناوەڕاستی غەززە ڕزگار کردووە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بە ڕۆیتەرزییان وتووە کە نزیکەی نیوەی هێزەکانی حەماس لە شەڕەکەدا کوژراون. حەماس باس لە ژمارەی کوژراوانی ناکات و هەندێک لە بەرپرسەکان دەڵێن ئیسڕائیل زیادەڕۆیی کردووە لە ژمارەکاندا. نزیکەی 300 سەربازی ئیسڕائیلیش کوژراون

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز