بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە یارمەتیدانی غەززە پەسەند کرا

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی، 22ی ئەم مانگە بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا داوای هاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ بۆ غەززە دەکات.

بڕیارنامەکە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نەکرد.

ئەمەریکا و ڕووسیا کە دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن، دەنگی بێ لایەنیان دا و سێزدە ئەندامی دیکەش دەنگیان بە ئەم بڕیارنامەیە دا.

لە بڕیارنامەکەدا داوا لە لایەنەکان کراوە کە ئاسانکاری بۆ بەکارهێنانی سەرجەم کەناڵە مرۆییەکان بکەن، هەروەها بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی و چاودێریکردنی گەیاندنی هاوکارییەکان دەستنیشان کراوە.

ئیسرائیل دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە نزیکەی پێنج هەزار و 400 بارهەڵگری هاوکاری کە خۆراک و ئاو و پێداویستی پزیشکییان تێدایە چوونەتە ناو غەززە.

گروپە فریاگوزاریەکان دەڵێن تەنها بەشێکی کەم لەو شتانەی کە پێویستە گەیشتوونەتە دەستمان و دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە زیادبوونی مەترسی برسێتی.

پێش پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە، هێزەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە بەنیازن هێرشە زەمینیەکانیان بۆ ناوەندی غەززە فراوان بکەن.

هێزەکانی ئیسڕائیل ئاماژەیان بەوەدا هێرشە زەمینییەکەیان لە هەوڵێکی نوێدا بۆ ناو ناوەڕاستی غەززە فراوانتر دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدا کە پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگدانێک بکات لەسەر بڕیارێک بۆ زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە و کەمکردنەوەی مەترسی برسێتی.

لە کاتێکدا کە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان لە میسڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئاگربەست لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا شکستییان هێنا، هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردومانەکانی تۆپهاوێژەکان و شەڕ و پێکدادانەکان لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا زیاتر بوون.

ڕۆژی هەینی سوپای ئیسڕائیل فەرمانی بە دانیشتوانی ئەل بورێجی ناوەڕاستی غەززە کرد دەستبەجێ بەرەو باشوور بڕۆن، ئەمەش لە ئاماژەیەکدا لەسەر ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل سەنگییان خستووەتە سەر ناوەڕاستی غەززە، لە کاتێکدا کە هێرشەکانییان باکووری کەرتی غەززەیان خاپوور کرد و لە باشووریش هەڵمەتە سەربازییەکانییان چڕ کردووەتەوە.

هەندێک لە دانیشتوان شوێنەکانییان چۆڵ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نیە لەسەر ئەوەی ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوان ناوچەی ئەل بورێجییان جێهێشتبێت.

زیاد کە کارمەندی تەندروستییە و باوکی شەش منداڵە، لە ڕێی تەلەفونەوە بە ڕۆیتەرزی وت " بۆ کوێ بڕۆین؟ هیچ شوێنێکی پارێزراو نیە. بە خەڵکەکە دەڵێن بچن بۆ دەیر ئەلبەلەی ناوەڕاستی شاری غەززە، شەو و ڕۆژ ئەوێ بۆردومان دەکرێت."

ڕۆژی هەینی دانیشتوان ئاماژەیان بەوەدا تانکەکانی ئیسڕائیل ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەل بورێجییان بۆردومان کردووە.

هێزەکانی ئیسڕائیل پێشتر لە قەراغەکانی ئەل بورێجییەوە ڕووبەڕووی چەکدارانی حەماس بوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچوونەتە قووڵایی ناوچەکەوە.

کارمەندێکی فریاگوزاری فەلەستینی وتی لانیکەم چوار هاووڵاتی سڤیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ئوتومبێلێک لە ڕەفەحی باشووری غەززە کوژراون.

دەزگای هەواڵی شیهابی سەر بە حەماس وتی بۆردومانێکی چڕ و هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەر جەبەلیە ئەل بەلەد و کامپی پەنابەرانی جەبەلیە لە باکووری غەززە، وتیشی ئوتومبێلەکانی ئیسڕائیل هەوڵ دەدەن لە بەشی ڕۆژئاوای جەبەلییەوە پێشڕەوی بکەن.

لەلایەکی دیکەوە گفتوگۆکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بوون، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ خۆبەدوورگرتن لە ڤیتۆیەکی دیکەی ئەمەریکا دژی بڕیارەکەی ئەنجومەنەکە، کە لەلایەن ئیماڕاتەوە نوسراوەتەوە. لە دەقەکەدا داوا کراوە ئیسڕائیل و حەماس ڕێگە بدەن " سەرجەم ڕێڕەوە وشکانی و ئاویی و ئاسمانییەکان بۆ ناو غەززە بەکاربهێندرێن بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان."

ئیسڕائیل دەڵێت لە دەستپێکی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 5,405 باری خۆراک و ئاو و پێداویستییە تەندروستییەکان چوونەتە غەززەوە. ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن تەنها بەشێکی کەم لەوەی کە پێویستە دێتە ناوەوە. دەزگایەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە وتی مەترسی برسێتی ڕۆژانە زیاتر دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز