ئیسڕائیل فەرمانی چۆڵکردنی دووەمین گەورەترین شاری غەززە دەردەکات

خان یونس، باشووری کەرتی غەززە

ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە فەرمانی بە دانیشتوانی بەشێکی دووەم گەورەترین شاری کەرتی غەززەی کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشی زەمینی و ئاسمانی دەکەنە سەر چەکدارانی حەماس.

سوپای ئیسڕائیل داوای لە خەڵکی گەڕەکەکانی بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری خان یونس کرد لە پێناو پارێزراوی خۆیاندا چۆڵی بکەن، داوای لێکردن زیاتر بەرەو باشوور بڕۆن.

خان یونس دەکەوێتە باشووری غەززەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە فەلەستینییەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە لە باکووری غەززەوە هەڵاتوون بۆ ئەو شارە.

لە کاتێکدا ئیسڕائیل پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر ناوچەیەک دانیشتوانەکەی ئاگادار دەکاتەوە چۆڵی بکەن، لە هەمان کاتیشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتەوە کە دەڵێن نەبوونی کارەبا و ئینتەرنێت وادەکات هاووڵاتییان بە خێرایی ئەو زانیارییانەیان بە دەست نەگات.

ڕۆژی دووشەممە ئەڵمانیا وتی پێشبینی دەکات ئیسڕائیل نەک تەنها خەڵکەکە ئاگادار بکاتەوە ناوچە مەترسیدارەکانی غەززە چۆڵ بکەن، بەڵکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی " لە دۆخێکی ڕاستەقینەدا بن بۆ دۆزینەوەی پەناگەی پارێزراو لە شوێنی دیکەدا."

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریشیداوە لەسەر دۆخی مرۆیی لە غەززە کە لە سەدا 80 ی دانیشتوانەکەی ئاوارە بوون و زۆرێکییان لە پەناگە قەرەباڵغەکاندا دەمێننەوە.

لەگەڵ ئەوەدا کە ئێستا هێزەکانی ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنەکانییان فراوان کردووە بۆ ئەو ناوچانەش کە پێشتر خەڵکەکە وەکو پەناگەیەکی پارێزراو بەکارییان هێناون، نیگەرانیش هەن لەسەر ئەوەی شەڕەکە ببێتە هۆی ئەوەی کاریگەریی لەسەر ئەو یارمەتییە مرۆییانە دروست بکات کە لە باشوورەوە لەسەر سنووری میسڕەوە دەگەنە غەززە.

ڕۆژی دووشەممە ئیسڕائیل وتی هێرشی کردووەتە سەر 200 ئامانجی حەماس، لەوانەش، لە ناوبردنی شوێنی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس لە ناو قوتابخانەکانی باکووری غەززەدا. ئیسڕائیل حەماسی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی تونێلەکانی لە ژێر نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکاندا دروست کردووە و هانی هاووڵاتییانی سڤیلی داوە ئاگادارییەکانی ئیسڕائیل بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانییان پشتگوێ بخەن، هەروەها بەکارهێنانییان وەکو قەڵغانی مرۆیی. حەماسیش ئەوە تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

ئیسڕائیل لە هەمان کاتیشدا کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، وتی دوو سەربازییان ڕۆژی یەکشەممە لە شەڕەکانی باکووری غەززەدا کوژراون و یەکێکی دیکەیان لە ناوەڕاستی غەززە کوژراوە.