ئەمەریکا پێی وایە ئاماژە هەن لەسەر بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان و ڕاگرتنی شەڕ

دوو بەرپرسی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا دەڵێن دانوستکارانی ئەمەریکا بەرەوپێشچوونێکییان کردووە لەسەر ئەگەری ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حەماس لە غەززە بۆ ماوەی دوو مانگ دەوەستێنێت و لە بەرامبەریشدا حەماس زیاتر لە 100 بارمتە ئازاد دەکات کە لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل بە بارمتە گیراون.

بەرپرسەکان کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکرێت وتییان مەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنەی کە هێشتا واژۆ نەکراوە بە دوو قۆناغ دەبێت.

لە یەکەم قۆناغدا شەڕەکە دەوەستێت تاوەکو ڕێگە بدرێت حەماس ئەو بارمتە ژن و بەساڵاچوو و بریندارانە ئازاد بکات کە هێشتا ماونەتەوە.

دواتر ئیسڕائیل و حەماس لە ماوەی 30 ڕۆژی یەکەمی وەستانی شەڕەکەدا تاوتوێی وردەکارییەکانی قۆناغی دووەم دەکەن کە تێیدا سەربازانی ئیسڕائیل و بارمتە پیاوەکان ئازاد دەکرێن. لەو ڕێککەوتنەدا کە هێشتا واژۆ نەکراوە داوا لە ئیسڕائیل کراوە ڕێگە بدات یارمەتی مرۆیی زیاتر بگەیەندرێتە غەززە.

لە کاتێکدا کە ڕێککەوتنە پێشنیارکراوەکە کۆتایی بە جەنگەکە ناهێنێت، بەرپرسانی ئەمەریکا ئومێدییان بەوەیە کە ئەو جۆرە ڕێککەوتنە ڕەنگە ببێتە بناغەی چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ململانێکە.

ڕۆژی شەممە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە بەرەوپێشچوونێک کراوە بەرەو ڕێککەوتنێک کە تێیدا شەڕەکە دەوەستێت و لە بەرامبەریشدا ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە ژێر دەستی حەماسدا ماون ئازاد دەکرێن.

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا بیڵ بێرنس پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە لە فەڕەنسا لەگەڵ بەرپرسی دەزگای موسادی هەواڵگری ئیسڕائیل و سەرۆک وەزیری قەتەڕ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلثانی و بەرپرسی دەزگای هەواڵگری میسڕ عەباس کەمالدا کۆببێتەوە، سەنگی گفتوگۆکەش لەسەر دانوستانەکان دەبێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، ئەمەش بەپێی سێ کەسی نزیک لە کۆبوونەوەکانەوە کە ڕێگەپێدراو نەبوون بە ئاشکرا لێدوان بدەن.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڕێی پەیوەندی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح ئەلسیسی و شازادەی فەرمانڕەوای قەتەڕ شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلثانیدا کرد. لە هەردوو پەیوەندییەکەدا تاوتوێی دۆخی بارمتەکان کراوە.

کۆشکی سپی سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفونییەی بایدن لەگەڵ شازادەی قەتەڕدا وتی " هەردوو سەرۆکەکە جەختییان لەوە کردووەتەوە کە ڕێککەوتنێک لەسەر بارمتەکان زۆر گرنگە بۆ خستنەوەی وەستانێکی ماوە درێژی مرۆیی لە شەڕەکەدا و دڵنیابوونەوە لەوەی یارمەتیە مرۆییە گرنگەکان بگەنە دەستی هاووڵاتییانی سڤیل لە سەرانسەری غەززەدا. تیشکییان خستووەتە سەر بەپەلەیی دۆخەکە و پێشوازییان لە هاریکارییە نزیکەکەی نێوان تیمەکانییان کردووە لە گفتوگۆکانی ئەمدواییانەدا."

لە مانگی یانزەدا لە ژێر ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی یەک هەفتەییدا نزیکەی 100 بارمتە لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئیسڕائیل زیندانییە فەلەستینییەکانی ئازاد کرد. هێشتا نزیکەی 130 بارمتەی دیکە لەلای حەماس ماونەتەوە، بەڵام لەو کاتەوە کوژرانی ژمارەیەک لەو بارمتانە پشتڕاست کراوەتەوە.

پێشتر حەماس وتوویەتی تەنها لە بەرامبەر کۆتایی هاتنی جەنگەکە و ئازادکردنی هەزاران زیندانی فەلەستینیدا بارمتەی زیاتر ئازاد دەکات.