هێرشی موشەکی حزبوڵڵا بۆ سەر بنکەی سەربازی ئیسرائیل لە کاردانەوە بە کوژرانی ئەلعاروری

حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت ڕۆژی شەممە،6ی مانگی یەک ڕایگەیاند لە تۆڵەی کوژرانی ساڵح ئەلعاروری، جێگری ڕێبەری حەماس، یەکەم "ئۆپەراسیۆنی گەورە"ی خۆی دەستپێکرد و 62 موشەکی ئاڕاستەی "بنکەیەکی سەربازی گرنگی ئیسرائیل" کردووە.

ماوەیەکی کورت دوای ئەوە زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی موشەک لە سەرانسەری باکووری ئیسڕائیل لێدران، سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە" نزیکەی 40 موشەک لە لوبنانەوە ئاڕاستەی ناوچەی میرۆن کراون لە باکووری ئیسڕائیل."

تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نیە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی یاخود ماددی.

گرژییەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل بە تایبەتی لە دوای کوژرانی ئەلعاروری کە لە ڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە باشووری بەیروت کوژرا، زیاتر بوون.

ڕۆژی هەینی سەرکردەی حیزبوڵڵا حەسەن نەسڕەڵا وتی لوبنان "ڕووبەڕووی" هێرشی زیاتری ئیسڕائیل دەبێتەوە ئەگەر حیزبوڵڵا وەڵامی ئەو کوشتنەی نەداتەوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی وەڵامی هێرشە موشەکییەکەی ڕۆژی شەممەی حزبوڵڵای بە هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان داوەتەوە بۆ سەر " خانەیەکی تیرۆریستی کە بەشدار بووە لە هەڵدانی موشەکەکان بە ئاڕاستەی ناوچەی میتولا."

وتیشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل و هێزەکانی لە چەندین ئامانجی حیزبوڵڵایان داوە لە ناوچەکانی ئایتا و شاب و یارون و ڕامییە لە باشووری لوبنان، لە شوێنی هەڵدانی موشەکەکان و شوێنە سەربازییەکان و "ژێرخانی تیرۆریستییان " داوە.

لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و دیبلۆماتکاری باڵای یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ ڕۆژی هەینی هەوڵێکی دیبلۆماتی نوێیان دەستپێکرد بۆ وەستاندنی پەرەسەندنی جەنگەکەی ناو غەززە بۆ لوبنان و کەناری ڕۆژئاوا و ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکانی دەریای سوور.

ڕۆژی شەممە بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیداندا کۆبووە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیشدا کۆببێتەوە. تورکیا حەماس وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناونابات و پێشنیاری نێوەندگری کردووە لە جەنگەکەدا.

بلینکن لە ماوەی سەردانە هەفتەییەکەیدا بڕیارە سەردانی ئیسڕائیل و کەناری ڕۆژئاوا و ئوردن و قەتەڕ و ئیماڕات و سعودیە و میسڕیش بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز