دوای چەندین ساڵ لە فشارە ئاست بەرزەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئیسڕائیلی هاوپەیمانی، تاوەکو دان بە خۆیدا بگرێت، هێرشە سنووردارەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران ناوچەکە و دیپلۆماتی ڕۆژئاوا دەباتە قۆناغێکی نوێوە.
ئێران و ئیسڕائیل لە مێژە لە تارمایی جەنگدان، جەنگەکە دوای کوژرانی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران و هێرشەکانی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل سەریهەڵدا، بە حزبوڵای لوبنانیشەوە، بەڵام ئەمەریکا ڕێگریکردنی لە جەنگێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا کردووە بە ئەرکێکی باڵای پێشینەی خۆی.
هێرشە کوشندەکەی سەر ئیسڕائیل لەلایەن حەماسەوە کە ئێران پشتیوانی لێدەکات لە 7 ی مانگی 10 دا ئیسڕائیلی هەژاند و هەڵوێستی وڵاتەکەی توندتر کردەوە، بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدنیش هەوڵیداوە گرژییەکان لە ناوچەکەدا سنووردار بکات.
بەڕێوبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ویڵسن مێریسا خورما وتی هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسڕائیل و ئێران " خاڵی وەچەرخانن چونکە بە تەواوەتی یاساکانی شەڕی نێوان دوو دوژمنەکەی یەکتر دەگۆڕن."
وتی " هێرشەکان گرژییەکانی سەرانسەری ناوچەکەیان زیاد کردووە. ئەگەری جەنگێکی بەرفراوانی بۆ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە کرد بە شتێکی ڕاستەقینە."
بەیانی زووی ڕۆژی هەینی وادیار بوو ئیسڕائیل لە ناوچەیەکی نزیک شاری ئەسفەهانی ئێرانی دابێت، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئێران یەکەمین هێرشی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجامدا، سەدان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کرد.
هیچ کام لە هێرشەکان زیانی گەورەیان نەبووە، هیچ کام لە وڵاتەکانیش هێرشەکەی ڕۆژی هەینییان پشتڕاست نەکردووەتەوە، ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی ئەمەریکا بە تایبەتی، هیوایەکییان هەبێت لەسەر ئەوەی ئێران تۆڵە ناکاتەوە و بازنەکە کۆتایی دێت.
هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل وەکو وەڵامێک بوو بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە لە 1 ی مانگی چواردا کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران بە دوو جەنەڕاڵیشەوە، ئەو هێرشەش خرایە پاڵ ئیسڕائیل.
بەڕێوبەری پڕۆگرامی ئێران لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئالێکس ڤاتانکا وتی ئیسڕائیل بە ئاشکرا دیارە بیری لە دەرەنجامەکانی هێرشەکەی دیمەشقی کردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەو گومانانەدا کە گوایە ئیسڕائیل ویستوویەتی ئەمەریکا ڕابکێشێتە نێو ململانێکەوە، ئەمەریکا ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئیسڕائیل گرتووە بۆ سەر غەززە.
ڤاتانکا وتی ئیسڕائیل بیری لەوە کردووەتەوە ئێران ناچار بکات دووبارە بیر بکاتەوە لەو باجانەی کە دەیدات بەرامبەر سوودەکانی " بەرەی بەرهەڵستکاران "، بەرەی بەرهەڵستکاران پێکهاتوون لەو گروپە چەکدارییانەی ناوچەکە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات، لە وڵاتانی عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن، ماوەی دوو دەیەیە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.
ڤاتانکا وتی " شێوازێکی زۆر سادەیە لەو ڕووەوە کە ئێران دژی دوژمنانی لە ناوچەکەدا دەجەنگێت بۆ ئەوەی پێویست نەکات لە ناو ئێراندا بجەنگێت دژییان."
وتی " ئەو حساباتە سادەیە خرایە تاقیکردنەوەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ئیسڕائیلییەکان کردییان، من دڵنیام بە ئەنقەست کردییان."
بایدن و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباماش کە هەردووکییان دیموکراتن دیبلۆماسییان پێباشتر بووە وەکو لە کاری سەربازیی لەگەڵ ئێراندا، ئۆباما لە ساڵی 2015 دا گفتوگۆی لەسەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کرد لەگەڵ ئێراندا کە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوی بەوە بێزار کرد.
لە هێرشەکەی ئیسڕائیلدا دیار بوو کە ئیسڕائیل خۆی بە دوورگرتبوو لە بە ئامانجکردنی کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام پەیامەکەی زۆر ڕوون بوو چونکە کارخانەی ئەتۆمی سەرەکی ئێران ' ناتانز ' دەکەوێتە پارێزگای ئەسفەهانەوە.
بەڕێوبەری پڕۆژەی ئێران لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، عەلی ڤایز وتی " ئیسڕائیل ویستی بۆ ئێرانی پیشان بدات کە دەتوانێت چی بکات بەبێ ئەوەی بە ڕاستی بیکات."
بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانی ئەوە بوون لەسەر ئەوەی هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئیسڕائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران وادەکات فەرمانڕەوایانی ئێران پەلە بکەن بۆ دروستکردنی بۆمبێک، ئەوەش دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ و ناچارکردنی ڕکابەرە عەرەبەکانی وەکو سعودیە بۆ بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تایبەت بە خۆیان.
ئەمەریکا بە بێدەنگی فشاری کردە سەر ئیسڕائیل و ئێرانیش تاوەکو هێرشەکانییان سنووردار بێت، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیش هەوڵیدا لە ڕێی هاوتا چینی و تورکی و ئەڵمانی و ئەوانی دیکەیەوە پەیامێک بۆ تاران بنێرێت.
مێریسا وتی " هەوڵە دیبلۆماتییەکان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سەنگییان خستە سەر کەمکردنەوەی گرژییەکان، بۆ ئێستاش وادیارە کە هەوڵانە سەرکەوتوو بوون."