ئیسڕائیل: وەزیرانی دەرەوەی ئیسڕائیل و لیبیا تاوتوێی هاریکارییان کردووە

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیلی کۆهین

ئیسڕائیل ڕایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی ئیسڕائیل و لیبیا هەفتەی ڕابردوو لە ئیتاڵیا کۆبوونەتەوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی دوو وڵاتەکە هیچ پەیوەندییەکی فەڕمی نییە لە نێوانییاندا. وتیشی تاوتوێی ئەگەری هاریکارییان کردووە لە نێوان دوو وڵاتەکەدا.


لە ساڵی 2020 ەوە ئیسڕائیل بە سەرپەرشتی ئەمەریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماڕات و بەحرەین و مەغریب و سوداندا ئاسایی کردووەتە، ئەوەش لە ڕێیی ڕێککەوتنەکانی ئابراهامەوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە نێوەندگری تێدا کرا.


وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیلی کۆهین لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەگەڵ وەزیری دەرەوەدا باسمان لەو دەرفەتە مەزنە کرد بۆ دوو وڵاتەکە کە بەهۆی پەیوەندییەکانییانەوە دروست بووە."


وتەبێژێکی حکومەتی یەکگرتوویی نیشتیمانی لیبیا لە تەڕابلوس دەستبەجێ لێدوانی نەداوە لەسەر کۆبوونەوەکەی کۆهین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیبیا نەجلا مەنگوشدا.

لیبیا تاوەکو ئێستا دانی نەناوە بە ئیسڕائیلدا وەکو دەوڵەت و پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینییەکان دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل وتی کۆبوونەوەکە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانییەوە ئاسانکاری بۆ کراوە، وتیشی باسییان لە ئەگەری هاریکاریی و یارمەتییەکانی ئیسڕائیل لە ڕووی مرۆیی و کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی ئاوەوە کردووە.

کۆهین وتی لەگەڵ مەنگوشدا باسییان لە گرنگیی پاراستنی میراتی جووەکان کردووە لە لیبیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز