ئیسڕائیل ئێران بە بەرپرس دادەنێت لە هێرشی سەر تانکەرە نەوتەکە

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو دەڵێت ئێران بەرپرس بووە لە هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی سەر تانکەرە نەوتەکە.

ڕۆژی شەممە هێرشەکەی سەر کەشتی تانکەری کامپۆ سکوەیر کە ئاڵای لایبیریای بەسەرەوە بووە لەلایەن کاپتنی کەشتییەکەوە پشتڕاست کرایەوە، کاپتنەکە وتی هێرشەکە لە 10 ی مانگی دوودا بووە و لە ڕێی تەنێکەوە بووە لە ئاسمانەوە و زیانێکی کەمی گەیاندووە بە کەشتییەکە. کەشتییەکە لەو کاتەدا بە دەریای عەرەبیدا ڕۆیشتووە.


دەزگاکانی چاودێری کەشتییەکان دەڵێن تانکەرەکە سەر بە زۆدیاکی دەریاییە، کە ئەویش لەلایەن کۆمپانیای ئیال ئۆفەری ئیسڕائیلەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

نەتانیاهو وتی " هەفتەی ڕابردوو ئێران دووبارە هێرشی کردەوە سەر تانکەرێکی نەوت لە کەنداوی فارس و زیانی بە ئازادی هاتوچۆی نێودەوڵەتی گەیاند."

سەرچاوە بەرگریی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە داوە گومانییان هەبووە کە ئێران هێرشەکەی ئەنجام دابێت، تارانیش لێدوانی لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئێران ڕەتی کردۆتەوە لە پشت ئەو جۆرە هێرشانەوە بووبێت.

کۆمپانیایەکی ئاسایشی دەریایی بەڕیتانیا ئامبری ئینتێڵیجینس وتی سیستمەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشییان کردۆتە سەر دوو تانکەر و کەشتییەک لە دەریای عەرەبیدا و وتیان تاران هێرشەکەی ئەنجام داوە. دووان لە کەشتییە بازرگانییەکان سەر بە ئیسڕائیل بوون و یەکێکی دیکەیان سەر بە ئیماڕات بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز