باڵیۆزی ئیسڕائیل لە تورکیا ئیریت لیلیان دەڵێت هێشتا زۆر زووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکانی نێوەندگریکردن لە نێوان ئیسڕائیل و گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکاندا، وتیشی هێرشەکان دەریانخست کە حەماس نابێت هیچ بوونێکی هەبێت لە تورکیا و هیچ شوێنێکی دیکەدا.
ڕۆژی شەممە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل و ئیسڕائیلیش بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیەکی گەورەیدا. سەدان فەڵەستینی و ئیسڕائیلی کوژراون.
دوای ئەوەی تورکیا ڕایگەیاند لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، لیلیان بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەرکی سەرەکی ئیسڕائیل وەڵامدانەوەی هێرشەکەیە.
لیلیان وتی " نێوەندگری لە کاتێکی جیاوازدا دێت. لە ئێستادا ئێمە بە داخەوە مردووەکان دەژمێرین، هەوڵ دەدەین برینەکان چارەسەر بکەین، تەنانەت نازانین ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕفێندراون چەندن."
وتی " دەمانەوێت سەرجەم ڕفێندراوەکان بگەڕێنەوە و ئارامی و هێمنیمان دەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئیسڕائیل و ناوچەکە. دوای ئەوە دەتوانین گفتوگۆ لەسەر نێوەندگری بکەین و باس لەوەش بکەین کێ دەبێت بە لایەنەکان لەم نێوەندگرییەدا."
ململانێکە لە کاتێکدایە تورکیا کە لە ڕابردوودا پشتگیری لە حەماس کردووە، میوانداری ئەندامانی حەماسی کرد و پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کرد بۆ ململانێکە، هەروەها کار دەکات بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
ئەنکەرە حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بوونی حەماس لە تورکیادا، لیلیان وتی بەرپرسێکی باڵای حەماس، ساڵح ئەل ئەروری هەندێک جار لە بۆنەکاندا لە تورکیا بیندراوە، وتیشی دەبێت دادگایی بکرێت لەسەر تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.
وتی " پێم وایە ئەمە هەڵوێستی ئێمە پتەوتر دەکات کە حەماس نابێت هیچ ئۆفیس و چالاکییەکی هەبێت، نە لە تورکیا و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا. هیچ جێگەیەک نیە لە هەر وڵاتێک لە جیهاندا بۆ تیرۆریستان تاوەکو فەرمانی کارەکانییان دەربکەن."
ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نوعمان کورتولموس دوای ئەوەی داواکانی تورکیای بۆ دان بە خۆداگرتن دووبارە کردەوە، وتی فەڵەستینییەکان لە مێژە بە دەست نادادپەروەرییەوە دەناڵێنن، بە تایبەتی لەسەر مزگەوتی ئەل ئەقسای ئۆرشەلیم و وتی مزگەوتەکە " هێڵی سوورە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا،