سوپای ئیسڕائیل دەڵێت داواکاری گشتی تۆمەتی ئاڕاستەی دوو سەرباز کردووە کە گوایە ئامێرێکی تەقینەوەیان هەڵداوە بۆ ماڵێکی فەڵەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا، ئەمەش نموونەیەکی دەگمەنە لەسەر ئەوەی سەربازانی ئیسڕائیل ڕووبەڕووی تۆمەتی جددی دەبنەوە بەهۆی ئەنجامدانی تاوان دژی فەڵەستینییەکان.
سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند داواکاری گشتی دوو سەربازی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دروستکردنی ئامێری تەقەمەنی و ئەنجامدانی هێرشی بە مەبەست و زیانگەیاندن بە بە موڵک و ماڵ بە مەبەست و ڕێگریکردن لە لێکۆڵینەوەکان. دوو سەربازەکە لە 28 ی مانگی دوانزەدا دەستبەسەرکراون و دادگاش فەرمانی کردووە سەربازەکان تاوەکو دانیشتنێکی دیکەی دادگا لە مانگی داهاتوودا بە دەستبەسەرکراوی بمێننەوە.
لە فەرمانی تۆمەتبار کردنەکەدا هاتووە دەڵێت دوو سەربازەکە وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە ڕفاندنی لاشەی قوتابییەکی ئیسڕائیلی لەلایەن چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە لە شاری جینینی کەناری ڕۆژئاوا ئەو کارەیان ئەنجامداوە.
چەکدارانی فەڵەستینی لە جینین لاشەی تیران فیرۆی تەمەن 17 ساڵییان لە نەخۆشخانەیەک ڕفاند کە ئەندامێکی عەرەبە دروزییە کەمینەکانی ئیسڕائیلە. فیرۆ دوابەدوای ڕووداوێکی هاتوچۆ لەو نەخۆشخانەیەدا چارەسەری وەرگرتووە. باوکی فیرۆ چەکدارەکانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی ئامێری هەناسەدانەکەیان لە فیرۆ لێکردۆتەوە و فیرۆ لەو کاتەدا لە ژیاندا بووە. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت پێش ئەوەی چەکدارەکان فیرۆ بڕفێنن فیرۆ لە ژیاندا نەمابوو.
ڕووداوی ڕفاندنی لاشەی فیرۆ کۆمەڵگەی دروزییەکانی ئیسڕائیلی نیگەران کرد. لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، پیاوانی دروزییەکان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن دژی فەڵەستینییەکان. پۆلیس دەڵێت گوندنشینە دروزییەکان لە باکووری ئیسڕائیل هێرشییان کردۆتە سەر سێ کرێکاری فەڵەستینی و بەستوویاننەتەوە.
سوپای ئیسڕائیل وتی لە نێوەندی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لەسەر لاشەی فیرۆ، دوو سەربازەکە کە گوایە سەربازی دروزی بوون، لەگەڵ سەربازێکی دیکەدا یەکییان گرتووە بۆ دروستکردنی ئامێرێکی تەقەمەنی. سەربازەکان ماڵێکیان لە نزیک شاری بەیتلەحمی کەناری ڕۆژئاوا وەکو ئامانجی خۆیان دیاریکردووە. دوو ڕۆژ دوای ئەوە سەربازەکان تەقەمەنییان هەڵداوەتە ناو ماڵێکی قەرەباڵغەوە، ئەوەش بە مەبەستی " خستنەوەی ئاگرێک لە ناو ماڵەکەدا."
سوپای ئیسڕائیل وتی هیچ کەسێک بەهۆی هێرشەکەوە زیانی بەرنەکەوتووە. وتیشی لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکردووە دوای ئەوەی خاوەنی ماڵە فەڵەستینییەکە سکاڵای تۆمار کردووە.
سوپا وتیشی لە چد ڕۆژی داهاتوودا سەربازی سێیەمیش تۆمەتبار دەکرێت. ناوی سێ سەربازەکە ئاشکرا نەکراوە و سوپاش ئاماژەی بەوە نەدا سزاکانیان چی دەبن.
سەرچاوە/ AP