ڕوانگەی سوری دەڵێت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە 6 چەکداریی لایەنگری ئێران لە سوریا کوژراون

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری ململانێکانی ناو سوریا دەکات، ڕۆژی دووشەممە وتی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا لە سوریا لە نزیک سنووری لوبنان لانیکەم شەش چەکداریی لایەنگری ئێران کوژراون.

ڕوانگە وتیشی " هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل دوو پێگەی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێرانییان لە هەرێمی حومس کردووەتە ئامانج، " یەکێک لەو پێگانە شوێنێکی حزبوڵا بووە لە ناوچەی قوسەیر " ی نزیک سنوورەکە و لەوێ " شەش چەکداری لایەنگری ئێران کوژراون."

ڕوانگەی سوری باسی لەوە نەکرد کوژراوەکان خەڵکی کوێ بوون.

سەرچاوەیەکی حزبوڵا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت لانیکەم چەکدارێک لە گروپەکە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا لە ناوچەی قوسەیر کوژراوە.

ئیسڕائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەدات لە سوریادا، بەڵام چەندین جار وتوویەتی کە ڕێگە نادات ئێرانی دوژمنی سەرسەختی بوونی خۆی لە سوریا زیاتر بکات.

ڕوانگەی سوری و گروپی چەکداریی ئەل نوجابە وتییان لە 9 ی مانگی پێنجدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل لە سوریا چەند دامەزراوەیەکییان کردە ئامانج کە سەر بە گروپی چەکداریی ئەل نوجابەی عێراقی بوون، دیمەشقیش دەڵێت بینایەکی نەناسراو کراوەتە ئامانج.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا، ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی لە سوریا ئەنجام داوە، لە زۆربەی هێرشەکانیدا پێگەکانی سوپا و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، بە حزبوڵای لوبنانیشەوە.

بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە لە 7 ی مانگی 10 دا، ئیسڕائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوریا زیاتر کردووە. لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا.

جەنگەکەی ناو سوریا بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە، جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کاتێک دیمەشق دەستیکرد بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس