هێزەکانی ئیسڕائیل دوای دوو هەفتە لە ئۆپەراسیۆن لە نەخۆشخانەیەکی باکووری غەززە کشانەوە

ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند هێزەکانی لە ناوچەی نەخۆشخانەی شیفای باکووری غەززە کشاونەتەوە، ئەوەش دوای تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیان لە ناوچەکەدا.

کشانەوەی هێزەکان دوو هەفتە دوای ئەوە دێت هێزەکانی ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنێکییان لە نەخۆشخانەی شیفای غەززە دەستپێکرد، کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لە کەرتی غەززەدا، ئیسڕائیل دەڵێت فەرماندەکانی حەماس ئەو شوێنە بەکار دەهێنن بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانییان.

سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە داوە کە لە ناوچەی نەخۆشخانەکەدا 200 چەکدارییان کوشتووە.

دوای دەرچوونی هێزەکانی ئیسڕائیل و تانکەکانییان لە ناوچەکەدا، لاشەی مردوو لە ناوەوە و دەرەوەی بیناکانی نەخۆشخانەکەدا دۆزراونەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە پەسەند کردووە، ڕەفەح ناوچەیەکە دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ و زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی غەززە ڕوویان تێکردووە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە، پلانەکانی ئیسڕائیلیش بۆ هێرشکردنە سەر ڕەفەح ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بووەنەتەوە.

نەتانیاهو لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی سوپای ئیسڕائیل ئامادەیە هاووڵاتییانی سڤیل لە ڕەفەح بگوازێتەوە و یارمەتی مرۆییان بۆ دابین بکات. بەڵام هاوشێوەی ڕاگەیاندنەکانی دیکەی سەبارەت بە پلانەکانی ئیسڕائیل بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لە ڕەفەح، ئەمجارەش هیچ وردەکارییەک نەدراوە لەسەر ئەوەی فەلەستینییەکان دەتوانن بە پارێزراویی بۆ چی شوێنێک بڕۆن.

ئەمەریکای هاوپەیمانی نزیکی ئیسڕائیل و حکومەتەکانی وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانییان دەربڕیوە سەبارەت بە کەوتنەوەی قەیرانێکی مرۆیی گەورە لە ڕەفەح ئەگەر هاتوو ئیسڕائیل پلانەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئەو شارە جێبەجێ بکات.

نەتانیاهو جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ئیسڕائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی نیە بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەکانی.

وتی " ئەمە کاتی دەوێت بەڵام دەکرێت. دەچینە ڕەفەحەوە و فەوجەکانی حەماس لەو شارەدا لە ناودەبەین، ئەمەش لە پێناو یەک هۆکاری سادەدا: هیچ سەرکەوتنێک نیە بەبێ چوونە ناو ڕەفەحەوە و هیچ سەرکەوتنێکیش نیە بەبێ لە ناوبردنی فەوجەکانی حەماس لەوێ. ئەمە بەشێکی بنچینەیی ئامانجەکانمانە لەم جەنگەدا، یەکێکی دیکەش لە ئامانجەکانمان گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکانە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا