بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی دوو وڵات گەیشتووەتە نزمترین ئاست

دەیان ساڵە بازرگانییەکانی نێوان ئیسڕائیل و تورکیا بەرگەی زۆرێک لە گرژییە سیاسییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیان گرتووە و لەسەر ئاڕاستەی خۆیان ماونەتەوە، ساڵانە بازرگانییەکان دەگەیشتنە ملیاران دۆلار، بەڵام ئیسڕائیلییەکان دەڵێن ڕەنگە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لەم ناکۆکییەی ئێستادا لەسەر جەنگەکەی ناو غەززە ڕزگارییان نەبێت.

لەم مانگەدا تورکیا سەرجەم بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ڕاگرت، تاوەکو ئەو کاتەی جەنگەکە لە غەززە تەواو دەبێت و یارمەتییەکانیش بەبێ هیچ بەربەستێک دەگەنە ناو غەززەوە. ئیسڕائیل وتی هەنگاوەکەی تورکیا یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی پێشێل کردووە.

دوای بڕیارەکەی تورکیا، هاوردەکارانی ئیسڕائیلی پەلەیان کرد بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی جێگرەوە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلە سەرەکییەکان، لە چیمەنتۆوە و بۆ خۆراک و ئوتومبێلەکان، شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن ڕەنگە ئەو هەنگاوەی تورکیا کەمییەک بۆ ماوەیەکی کورتخایەن لە ئیسڕائیلدا دروست بکات، بەڵام پێناچێت زیان بە ئابوورییە 500 ملیار دۆلارییەکەی ئیسڕائیل بگەیەنێت.

بەرپرسی ئابووری لە وەزارەتی دارایی ئیسڕائیل شمویل ئابرامزۆن دەڵێت " تورکیا هاوبەشێکی بازرگانی گرنگی ئیسڕائیلە، بەڵام ئێمە بە تەواوەتی پشتمان بە تورکیا نەبەستووە." ئابرامزۆن ئێستا باوەڕی وایە کە گەشەی ئابووری ئیسڕائیل لە ساڵی 2024 دا بە ڕێژەی لە سەدا 1.6 زیاتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی کە پێشبینی کراوە.

وتی " لە کاتێکدا کە هەندێک جێگرەوە دەکرێت پارەی زیاترییان بوێت، پێشبینی ناکەین کارەکانی تورکیا ببنە هۆی تێکدانی ئابووری ئیسڕائیل."

بەپێی داتاکانی حکومەتی ئیسڕائیل، لە ساڵی 2023 دا بەهای بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل گەیشتە 6.2 ملیار دۆلار، کە دەکاتە نزیکەی لە سەدا 23. نزیکەی سێ یەکی ئەو ژمارەیە حسابی هاوردەکردنە لەلایەن ئیسڕائیلەوە.

دوای بڕیارەکەی ئەنکەرە، چەند کۆمپانیایەکی هەناردەی تورکیایی بە ڕۆیتەرزیان وت هەوڵ دەدەن لە ڕێی وڵاتانی سێیەمەوە کاڵاکان هەناردەی ئیسڕائیل بکەن، بەڵام هاوردەکاران و هەناردەکارانیش لە تورکیا و ئیسڕائیلیش وتوویانە کە هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر ئەوەی ئەوە سەرکەوتوو بێت.

بەرپرسانی بازرگانی دەڵێن یۆنان و ئیتاڵیا و ئەوانی دیکەش ئارەزووی ئەوە دەکەن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە تورکیا جێی هێشتووە و گرێبەستەکانیش نزیک بوونەتەوە لە واژۆ کردن، بەڵام کێشەی سەرەکی دۆزینەوەی جێگرەوەیەکە بۆ دابینکردنی ئەو کاڵایانەی کە ئیسڕائیل پێویستی پێیانە و بەهاکەیان دەگاتە زیاتر لە 1.5 ملیار دۆلار، لە سوتەمەنییەوە بۆ ماددە کیمیاییەکان و نیمچەگەیەنەرەکان.

بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی بیانی لە وەزارەتی ئابووری ڕۆی فیشەر وتی " پێم وانیە ئابووری دەبێت پشت بە وڵاتێک ببەستێت کە ڕۆژێک دەڵێت بازرگانیت لەگەڵدا دەکەین و ڕۆژێکی تر دەڵێت بازرگانیت لەگەڵدا ناکەین."

فیشەر بە ڕۆیتەرزی وت " دەبێت متمانەپێکراو و بەردەوام بێت، لەبەرئەوە هەست بەوە دەکەین کە پێویستە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بدۆزینەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە توندی ڕەخنە لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسڕائیل دەگرێت دژی حەماس لە کەرتی غەززەدا.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

بە ماوەیەکی کورت پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە، ئەردۆغان و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕاستەوخۆ کۆبوونەوە، ئەوەش لە نێوەندی هەوڵەکاندا بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانییان کە بەهۆی پرسی فەلەستینییەکانەوە گرژی تێکەوتووە. بەڵام پلانەکەیان بۆ سەردانیکردنی وڵاتانی یەکتر هەڵوەشێندرانەوە.

لە مانگی یانزەدا تورکیا باڵیۆزەکەی لە ئیسڕائیل بەمەبەستی ڕاوێژکردن گەڕاندەوە، گەشتەکانی نێوان دوو وڵاتەکەش ڕاگیران. ئەردۆغان حەماس بە " بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز " ناودەبات و مانگی ڕابردوو میوانداری سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییەی کرد لە ئیستەنبوڵ.

وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە بڕیارەکەی تورکیا بۆ قەدەغەکردنی بازرگانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا، وەزیری دارایی ئیسڕائیل بێزالیل سمۆتریچ وتی ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ تورکیادا هەڵدەوەشێنێتەوە، لانیکەم هەتاوەکو ئەو کاتەی کە ئەردۆغان واز لە دەسەڵات دەهێنێت یاخود سەرکردەیەکی دیکە دێتە شوێنی " کە ژیر بێت و ڕقی لە ئیسڕائیل نەبێت." وتی ئەو پلانە پێشکەشی کابینەی حکومەت دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.

تورکیا تاوەکو ئێستا یەکەمین هاوبەشی بازرگانی گرنگی ئیسڕائیلە کە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بەهۆی جەنگەکەوە لە غەززە ڕاگرتبێت. تورکیا لە پلەی پێنجەمدایە لە ڕیزبەندی گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئیسڕائیلدا، بەڵام هێشتا کەمتر لە سەدا 5 ی هاوردەکانی ئیسڕائیل لە تورکیاوەیە.

جێگری بەڕێوبەری گشتی دەستەی بونیادنەرانی ئیسڕائیل شای پاوزنەر دەڵێت بەڵام نزیکەی لە سەدا 40 ی هاوردەکردنی چیمەنتۆ لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە تورکیاوەیە.

وتی لە کاتێکدا کە ئەو پیشەسازییە ڕووی کردووەتە هەناردەکارانی ئەوروپایی، " زۆر گرانتر دەبێت وەک لەوەی لە تورکیاوە هاوردەی بکەیت." تورکیا بەوە ناسراوە بەرهەمە پیشەسازییەکانی هەرزانن.

وتی " ئەوە کێشەیە نەک کارەساتێک بێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز