وەزیری بەرگری ئیسڕائیل هەوڵی " ڕێکەوتنێکی تایبەتی ئاسایش " دەدات لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل بێنی گانتز وتی بەنیازە " ڕێکەوتنێکی تایبەتی ئاسایش " لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کەنداوی عەرەبیدا واژۆ بکات کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی کردۆتەوە و هەمان نیگەرانیان بەرامبەر ئێران هەیە.

ساڵی ڕابردوو هەریەک لە ئیماڕات و بەحرەین و سودان و مەغریب پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاساییکردەوە، ئیسڕائیل و ئیماڕات پێشنیاری دامەزراندنی هاریکارییەکی بەرگری و سەربازییان کردووە لە چوارچێوەی ئەو نزیکبوونەوەیەدا کە ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکات.

گانتز لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ خاڵی سنووری نێوان ئیسڕائیل و غەزە وتی ئیسڕائیل تاوتوێی واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی بەرگری دەکات لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا، بەڵام وتی لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت لەڕووی ئاسایشەوە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی کەنداو بدرێت.

گانتز بە ڕۆیتەرزی وت " پێم وانیە ڕێکەوتنی بەرگری بێت بەڵام لەڕووی بەرگرییەوە پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەدا دەبەستین کە پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیاندا."

وتیشی " هەوڵی ڕێکەوتنێکی تایبەتی ئاسایش دەدەین، دەتوانین لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنەدا بەردەوام بین لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز