حکومەتی ئیتاڵیا لە هەنگاوێکدا کە پێدەچێت بۆ ڕێگری لە هاتنی پەنابەری نوێ بێت بۆ وڵاتکە، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە پەنابەران دەبێت نزیکەی پێنج هەزار یۆرۆ بدەن بۆ ئەوەی لە ماوەی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیاندا، دیپۆرت و دەستبەسەر نەکرێن.
لە کاتێکدا کە ئیتاڵیا ڕووبەڕووی زیادبوونی شەپۆلی کۆچبەران بووەتەوە، سەرۆک وەزیری وڵاتەکە جیۆرجیا میڵۆنی لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند ژمارەی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیاد دەکات، ئەوەش لە پێناو ڕاگرتنی کۆچبەراندا پێش ئەگەری ڕەوانەکردنەوەیان.
وتیشی ژمارەی دەستبەسەرکردنی خەڵکێک کە بە نایاسایی لەوێن، لە سێ مانگەوە بۆ 18 مانگ زیاتر دەکات.
لە ئێستادا ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئیتاڵیا داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن دەتوانن ئازادانە بە ناو وڵاتەکەدا هاتووچۆ بکەن، لە کاتێکدا کە پێداچوونەوە بە داواکانییاندا دەکرێت. بەڵام بڕیارەکەی حکومەت کە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، تێیدا هاتووە دەڵێت ئەو کۆچبەرانە دەبێت پارە بدەن بۆ ئەوەی دەستبەسەر نەکرێن.
گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەی توندییان لەو بڕیارە گرتوە.
پارێزەر ئانا برامبیلا کە هاوکات ئەندامیشە لە توێژینەوەکانی دەستەی یاسایی لەسەر کۆچ کە سەنگ دەخاتە سەر مافی کۆچبەران، وتی " بێمانایە، کێ 5000 یۆرۆی پێیە؟"
ئەو بە ڕۆیتەرزی وت " دەیانەوێت دەستبەسەرکردنی کۆچبەران بکەن بە شتێکی ئاسایی، بەڵام قورسە ببینیت چۆن دەتوانن ئەوە بکەن."
لە ئێستادا 10 ناوەندی ڕەوانەکردنەوە لە ئیتاڵیادا هەیە کە تەنها 619 کەس لە خۆ دەگرێت. میڵۆنی وتی دەیەوێت ئەو ژمارەیە دوو هێندە بکات، لە هەر 20 هەرێمێکیشدا ناوەندێک بکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا دەڵێت تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا 132,867 کۆچبەر بە بەلەم گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، لە ساڵی 2022 دا و لە هەمان ماوەدا ژمارەکە 69,498 کەس بووە.
ئیتاڵیا وەکو زۆرێک لە وڵاتانی دیکە گرێبەستی ڕەوانەکردنەوەی کۆچبەرانی نیە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە کۆچبەرەکانی لێوە هاتوون، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر تەنانەت بیەوێت ڕەوانەشییان بکاتەوە، گرفتی یاسایی دەبێت و ناتوانێت. لە ساڵی 2022 دا ڕۆما تەنها 3,916 بیانی ڕەوانە کردووەتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز