ئیتاڵیا دەڵێت بەهۆی ' کێشەی تەکنیکیەوە ' گەیاندنی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا دواکەوتوون

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی دەڵێت ئیتاڵیا بە نیازە سیستمی بەرگری ئاسمانی بدات بە ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتی بدات لە بەرگریکردن دژی هێرشەکانی ڕووسیا، بەڵام کێشەی تەکنیکی هەن پێش ئەوەی ڕەوانە بکرێن.

لێدوانەکەی تاجانی دوای ئەوە دێت ڕۆژی دووشەممە ڕۆژنامەی لا ڕیپۆبلیکای ئیتاڵی بڵاویکردەوە بڕیارێک بۆ پێدانی چەکی نوێ بە ئۆکرانیا دواخراوە بۆ مانگی داهاتوو، ئەوەش بەهۆی گرژییە سیاسییەکان و تێچووی چەکەکان و کەمی چەکەکانەوە.

دوو هەفتە لەمەوبەر سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕۆما بیر لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی دەکاتەوە بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی کە تیایدا میڵۆنی جەختی لە پابەندبوونی حکومەتەکەی کردەوە بە " پشتیوانی تەواوی " وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا.

ماوەیەکی کورت دوای ئەوە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گویدۆ کرۆسیتۆ بە وریاییەوە قسەی کرد لەسەر ئەوەی ئایا ئیتاڵیا لە توانایدا دەبێت سیستمی بەرگری ئاسمانی وەکو " سامپ تی " بدات بە ئۆکرانیا یاخود نا. سیستمی سامپ تی لەلایەن ئیتاڵیا و فەڕەنساوە دروست دەکرێن.

تاجانی وتی ئیتاڵیا لەگەڵ فەڕەنسادا کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێش ڕەوانەکردنی سامپ تی بۆ ئۆکرانیا.

تاجانی بە ڕادیۆیەکی ئیتاڵیای وت " نەوەستاوین، بەڵام کاتی دەوێت چونکە کێشەی تەکنیکی هەیە بۆ ئەوەی ئەمە بکرێت، سەرکردایەتییە سەربازییەکان کار لەسەر ئەمە دەکەن."

ڕۆژنامەی لا ڕیپۆبلیکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە میڵۆنی کە بە توندی پشتیوانی لە کیێڤ دەکات، ڕووبەڕووی دژایەتی ماتیۆ سالڤینی و سیلڤیۆ بێرلسکۆنی ڕاستڕەو بۆتەوە لەسەر پەسەندکردنی بڕیارێک بۆ ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، بێرلسکۆنی و سالڤینی هەردووکیان هاوپەیمانی میڵۆنین لە حکومەتی نوێی ئیتاڵیادا.

هەردووکیشیان پەیوەندییەکی درێژخایەنییان لەگەڵ مۆسکۆدا هەیە.

بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن پارتە سیاسییەکانی سالڤینی و بێرلسکۆنی ڕۆژی دووشەممە ڕەتییان کردۆتەوە هیچ کێشەیەکییان لەگەڵ بڕیارەکەدا هەبووبێت.

لا ڕیپۆبلیکا وتی کێشەیەکی دیکە کە بڕیارەکەی دواخستووە نیگەرانییەکانە سەبارەت بەوەی سوپای ئیتاڵیا خۆی کەمیی هەیە لەو سیستمەدا، دووان لە سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی پێشتر دراون بە کوەیت و سلۆڤاکیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز