ئۆکرانیا دەڵێت 50 کۆگای تەقەمەنی ڕووسی بە سیستمی هیمارس لەناوبردووە

ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکە لەو کاتەوەی سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکییان لە ڕۆژئاواوە وەرگرتووە 50 کۆگای تەقەمەنیی ڕووسییان لەناوبردووە.

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ تیشکی خستەسەر کاریگەری گەورەی سیستمی موشەکی هیمارس لە هەوڵەکانی ئۆکرانیادا بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

ڕێزنیکۆڤ گوتی " ئەمە زنجیرەی ئەرکە لۆجیستییەکانیان دەپچڕێنێت و توانایان بۆ شەڕکردن بەشێوەیەکی چالاک لێدەسەنێتەوە، هەروەها پاسەوانی هێزەکانیشمان دەکات لەڕێی بەکارهێنانی چەکەکەوە بۆ بۆردومانکردن."

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی ڕێزنیکۆڤ پشتڕاست بکاتەوە، ڕووسیاش لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە.

ڕێزنیکۆڤ گوتی سەربازە تۆپهاوێژەکانی ئۆکرانیا " هێرشی وردییان " بۆ سەر کۆمەڵێک پرد ئەنجامداوە. ڕێزنیکۆڤ وردەکاری نەدا بەڵام وادەردەکەوت باس لە سێ پردی پەڕینەوەی هەرێمی خێرسۆنی داگیرکراو بکات کە بەرپرسانی ناوخۆی داگیرکەرانی هەرێمەکە دەڵێن هەفتەی ڕابردوو بە هیمارس کراونەتە ئامانج.

ڕێزنیکۆڤ گوتیشی ئۆکرانیا سێ سیستمی موشەکی دژە فڕۆکەی گیپارد و ئۆتومبێلی زریپۆشی شەڕکەری وەرگرتووە، ئاماژەشی بەوەدا کیێڤ پێشبینی دەکات 12 سیستمی موشەکی گیپارد و ئۆتومبێلی شەڕکەر و کۆمەڵێک تانکی لیۆپارد وەربگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز