سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات لیکۆڵینەوە بکەن لە مەسەلەی گیان لەدەسـتدانی بەڕێوەبەری ئنستتیوتی ڕۆژنامەگەری جەنگ و ئاشتی عێراق کە ڕۆژی شەممە لە فڕۆکەخانەی ئستەنبوڵ بە مردوویی تەرمەکەی دۆزرایەوە.
سەلیم ئەلجبوری ڕۆژی دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ماتەمینی خۆی لە بارەی گیان لەدەسـتدانی جاکلین سەتن (تەمەن 50 سـاڵ) دەربڕی و ڕووداوەکەی بە ئاڵۆز ناودێرکرد.
جاکلین ڕۆژی شەممە بە فڕۆکە لە لەندنەوە گەیشتبووە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک لە ئستەنبوڵ و بڕیاربووە لەوێشەوە سورای فڕۆکەیەکی دیکە ببێت بەرەو شاری هەولێر، بەڵام فڕۆکەکە جێیهێشتووە. پاشان لە توالیتێـکی فڕۆکەخانەکە بە خنکاوی بینراوەتەوە.
میدیاکانی تورکیا دەڵێن زۆر خەفتی خواردووە پاش ئەوەی فڕۆکەکە جێیهێشـتبوو و پارەی پێ نەبووە، تکتی تر بکڕێت. بۆیە پـیان وایە خۆی خۆی کوشتبێت.
بەڵام هاوڕێـکانی جاکلین زۆر بە توندی ئەو قسانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن کەسێـک نیـیە لەسەر بابەتێکی وەها خۆی بکوژێت.
جاکلین لە ژیانی کارکردنیدا بۆ چەندان ڕێکخراوی مرۆیی و نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە و هەروەها کاریشی بۆ BBC کردبوو. لە کۆتایی مانگی شەش شوێنی عەممار شابەندەری گرتەوە لە بەڕێوەبەردنی ئنستتیوتەکە، پاش ئەوەی بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە مانگی پـێنج لە بەغدا کوژرا.