بەپێی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکوانی ئێرانی مافەکانی مرۆڤ نێرگز محەمەدی زیندانیکراوی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی سێشەممە دادگایی دەکرێت، ئەوەش لەسەر چالاکییەکانی ئەمدواییانەی لە ناو زینداندا، لەوانەش، دەرکردنی بەیاننامە و نوسینەکانی بۆ ڕای گشتی.
بەپێی هەژمارەکەی لە ئینستاگرم، ئەمە یەکەمین دادگایی دەبێت لە دوای ئەوەی لەم ساڵدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا. پێشتر دادگایی کراوە و بە چەندین تۆمەتی دیکە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە تاوانبار کراوە.
لە هەژمارەکەیدا هاتووە کە لەلایەن هاوەڵە نزیکەکانییەوە بەڕێوەدەبرێت، دەڵێت محەمەد ئاگادارییەکی پێگەیشتووە و دەڵێت دادگاییکردنەکە لە لقی 26 ی دادگای شۆڕشگێڕیدا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بەپێی دەسەڵاتی دادوەر ئیمان ئەفشاری.
محەمەدی بە چەند تۆمەتێکی جیاواز خراوەتە زیندانی ئێڤینی تارانەوە، لەو تۆمەتانەش بڵاوکردنەوەی " پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەتە."
لە ڕێکارە یاساییەکانی پێشووتریدا، محەمەدی خۆی بە دوورگرتووە لە ئامادەبوونی لە دانیشتنەکانی دادگادا، بە هۆکاری ئەوەی دان نانێت بە دادگای شۆڕشگێڕیدا.
لە مانگی 10 دا کۆمیتەی نۆبڵی نەرویج خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشییە نێرگز محەمەدی تەمەن 51 ساڵ، ئەوەش بەهۆی شەڕەکەیەوە دژی " سەرکوتکردنی ژنان لە ئێران " و هاندان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ هەمووان.
دووانە تەمەن 17 ساڵەکانی، کیانا و عەلی ڕەحمانی، کە هەردووکییان دەربەدەر لە پاریس دەژین لەگەڵ باوکییاندا، لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی شاری ئۆسلۆ کە سەدان میوان ئامادەی بوون خەڵاتەکەیان لە بری دایکییان وەرگرت.
محەمەدی بووە دووەمین ژنی ئێرانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەربگرێت. یەکەمین جار خەڵاتەکە لە ساڵی 2003 دا بەخشرایە شیرین عیبادی کە پارێزەرێکی مافەکانی مرۆڤە.
محەمەدی لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا وەکو خوێندکارێکی گەنجی فیزیا دەستی بە کارە چالاکەوانییەکەی کرد، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2011 دا دەستگیرکرا، ئەوەش بەهۆی کارەکانییەوە لەگەڵ چالاکەوانە زیندانیکراوەکان و خێزانەکانییانەوە.
چالاکییەکانی محەمەدی سەرنجەکان ڕادەکێشن بەلای سزای مەرگی ئێران و ئەشکەنجەدان و توندوتیژییە سێکسییەکان دژی زیندانییە سیاسییەکان، بە تایبەتی ژنان.