ژاپۆن و ئیسڕائیل گەشتکردنی بیانیەکان بۆ وڵاتەکانیان قەدەغە دەکەن

ڕۆژی دووشەممە ژاپۆن ڕایگەیاند سنوورەکانی بەڕووی بیانیەکاندا دادەخات، هاوکات ئیسڕائیلیش توندترین ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ( ئۆمیکرۆن ) و سنوورەکانی داخست. ئەمە لەکاتێکدایە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی " مەترسییەکی زۆر هەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە جیهاندا."

وادەردەکەوێت ئۆمیکرۆن لە جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بگوازرێتەوە، ئۆمیکرۆن سەرەتا لە ئەفریقای باشوور سەریهەڵدا و دواتر لە ئوستڕاڵیا و بەلجیکا و بۆتسوانا و بەڕیتانیا و کەنەدا و دانیمارک و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و هۆنگ کۆنگ و ئیسڕائیل و ئیتاڵیا و هۆڵەندا و سکۆتلەندادا دەرکەوت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی پێدەچێت ئۆمیکرۆن بە جیهاندا بڵاوببێتەوە و " دەرەنجامێکی توندی " هەبێت لە هەندێک ناوچەدا.

وتیشی " مەترسییە جیهانیەکانی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە ئۆمیکرۆن لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە." ئاماژەشی بەوەدا تێگەیشتن لە ئاستی زیانەکانی ئۆمیکرۆن چەند ڕۆژێک یاخود چەند هەفتەیەکی پێدەچێت.

سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا وتی بەمەبەستی خۆبەدوورگرتن لە خراپترین سیناریۆ، ژاپۆن لە ڕۆژی سێشەممەوە سنوورەکانی بەڕووی بیانیەکاندا دادەخات. ئاماژەشی بەوەدا ئامادەیە ڕووبەڕووی ڕەخنەکان ببێتەوە لەسەر ئەوەی زۆر ئاگادارە.

کیشیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەم ڕێوشوێنانە کاتی و تایبەتن و لەپێناو پارێزراویدا گرتووماننەتەبەر، تاوەکو زانیارییەکی ڕوونمان دەبیت لەسەر جۆری ئۆمیکرۆن."

بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا تا چەندێک ئەم ڕێوشوێنە دەمێننەوە. ئەو ژاپۆنیانەشی کە لە کۆمەڵێک وڵاتی دیاریکراوەوە دەگەڕێنەوە، کوارەنتین دەکرێن.

لەکاتێکدا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ئۆمیکرۆن لە ژاپۆن تۆمارنەکراوە، وەزیری تەندروستی وڵاتەکە شیگیوکی گۆتۆ وتی پشکنین دەکەن تاوەکو بزانن ئایا ئەو گەشتیارەی کە لە نامیبیاوە هاتووە و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە توش بووە یاخود نا.

هاوکات ئیسڕائیل کە لە نیوەشەوی یەکشەممەوە سنوورەکانی داخستووە، بەڵێنیدا تەکنەلۆجیای چاودێریکردنی تەلەفونەکان بەکاربهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەو تەکنەلۆجیایەش بۆ ئەرکەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەکاردەهێندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز