ژاپۆن: پتەوبوونی هێزی سەربازیی ژاپۆن هەڕەشە نیە

وەزیری بەرگری ژاپۆن یاسوکازو هامادا

وەزیری بەرگری ژاپۆن دەڵێت ژاپۆن پتەوبوونی هێزە سەربازییەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دیکە بەکارناهێنێت، هاوکات جەختی لە ئامانجی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پێشخستنی هەوڵە دیبلۆماتییەکان و گفتوگۆ لە پێناو خۆ بە دوورگرتن لە هەڵە لەیەک تێگەیشتن.

وەزیری بەرگری ژاپۆن یاسوکازو هامادا لە کۆنفرانسی ئاسایشی شانگری لا دیالۆگدا لە سینگاپوور وتی " هەوڵی ڕکابەرایەتی یاخود ململانێ نادەین." کۆنفرانسەکە 600 شاندی 49 وڵات بەشداری تێدا دەکەن.

دوژمنکارییەکانی ژاپۆن لە پێش و لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا هێشتا هۆکاری گرژییەکانە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هەندێک وڵاتدا، لەوانەش کۆریای باشوور و چین.

لە ساڵی 1947 دا ئەمەریکا دەستوورێکی بەسەر ژاپۆن سەپاند کە تیایدا سەرکۆنەی جەنگ دەکات، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتەکانی ژاپۆن پەرەیان بە توانا سەربازییە بەرگرییەکانی وڵاتەکە داوە، لە مانگی دوانزەشدا ژاپۆن گەورەترین کۆکردنەوەی سەربازیی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕاگەیاند.

هامادا وتی بونیاندنانی هێزێکی سەربازیی ژاپۆن ئامانج لێی ئەوە نیە هەڕەشە بۆ ئەوانی دیکە دروست بکات.

وتیشی وەزارەتی بەرگری ژاپۆن سەرەتا هەوڵی دیبلۆماتی و گفتوگۆ دەدات.

هامادا وتی " وەکو وڵاتێک کە بە گشتی ئارەزووی ئاشتی دەکات، ئامانجمان پەرەدانە بە توانا ڕێگرییەکانی خۆمان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندی و بۆچوونەکاندا لە ڕێی گفتوگۆکانەوە."

بەپێی یاسای بەرگری نوێی ژاپۆن کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە و خەرجییە سەربازییەکان تیایدا دوو هێندە دەبن، ژاپۆن موشەکی دیکەی مەودا دوور دەکڕێت کە هیوادارە بتوانێت لەو ڕێیەوە ڕێگری لە چین بکات لە پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا نیگەرانە لەوەی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ببێتە هۆی پشت ئەستوورکردنی چین بۆ هێرشکردنە سەر تایوانی دراوسێی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز