سوپای ئوردن دەڵێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە کە لە سوریاوە هاتووە و هەڵگری ماددە هۆشبەرەکان بووە

سوپای ئوردن دەڵێت ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە سنووری باکوری نێوان وڵاتەکە و سوریا خستووەتە خوارەوە کە لە سوریاوە هاتووە و ماددەی هۆشبەری پێبووە، وتیشی ئوردن ڕێگە نادات ناوچە سنوورییەکە ببێتە هێڵی پێشەوەی جەنگی ماددە هۆشبەرەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە.

ئوردن لۆمەی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی کردووە لەسەر قاچاخچێتی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە سنوورەکانییەوە بۆ بازاڕەکانی کەنداو و دەڵێت لەلایەن یەکەکانی ناو سوپای سوریاوە دەپارێزرێن.

دیمەشق دەڵێت هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە و بەردەوام دەبێت لە ئاشکراکردنی تۆڕە قاچاخچییەکان لە باشوور. هەروەها ڕەتی دەکاتەوە سوپای و هێزەکانی سوریا پەیوەندییان بە گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە هەبێت.

لە ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی زیادبوونی هەوڵەکانی قاچاخچێتی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەسەر سنوورەکە، ئوردن ناچار بووە یاساکانی شەڕکردنی سوپاکەی لەسەر سنوورەکە بگۆڕێت، دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی تەواوی داوە بە سوپاکەی.

سوپای ئوردن ڕایگەیاند " بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی هێزی یەکلاکەرەوە دژی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سنوورەکانمان و هەر هەوڵێک بۆ ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی وڵاتەکە."

وتیشی فڕۆکەکە لەمدیوی سنووری ئوردن بەرپەرچ دراوەتەوە و خراوەتە خوارەوە.

بەرپرسانی دژە دەرمانی هۆشبەری ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەڵێن سوریا بووەتە شوێنی سەرەکی بازرگانیکردن بە دەرمانە هۆشبەرەکانەوە لە ناوچەکەدا، ئوردنیش خاڵی تێپەڕبوونی سەرەکی دەرمانی ئەمپیتافینی دروستکراوی سورییە بۆ وڵاتانی کەنداو.

بەرپرسانی ئوردن دەڵێن لەگەڵ بەرپرسانی سوریادا باسییان لە نیگەرانییەکانیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینەی سوریایان نەبینیوە بۆ سەرکوتکردنی ئەو بازرگانییە نایاساییە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز